دەیەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابوری
ڕۆژی 4ی تشرینی یەكەمی 2023 بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بازنەی گفتوگۆ دەیەمین كۆبوونەوەی ئەنجام دا، لەم كۆبوونەوەیەدا كە ئەندامانی لێژنە (عەبدولڕەزاق عەلی، شڤان حەمدی، د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد) ئامادە بوون، چەندین پرسی تایبەت بە ڕەوشی ژیانی خەڵك و كۆمەڵگە تاوتوێ كران، هەڵوەستەی زۆر جددی لەسەر باری گوزەرانی خەڵك و فەرمانبەران كرایەوە، كە بە هۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بوونەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەو پرسیارانە خرانە ڕوو:
- بۆچی پرسی ناردنی شایستە داراییەكان و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق ئاستەنگی بۆ دروست دەكرێت؟
- ئایا عێراق لە چوارچێوەی دەستوور و سیستمی فیدڕاڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا، یان هەتا ئێستاش ئەقڵییەتی خۆسەپاندن و سەنتراڵیزم زاڵە و دەیانەوێت بە شێوازی سەنتراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن؟
- هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە لەگەڵ حكومەتی عێراق بە كوێ گەیشتوون؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بازنەی گفتوگۆ بڕیاری دا، بنكەی توێژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ڕاپرسییەكی گشتگیر بە ڕێگەی ئۆنڵانین لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات و ئەم پرسیارانە ڕووبەڕووی هاووڵاتیان بكرێنەوە:
- ئایا پێتوایە سیاسەتی دارایی ئێستای عێراق شەڕفرۆشتنە بە هەرێمی كوردستان؟
- لە نێوان هەرێـم و بەغدا كامیان خەتابارن لە تێكچوونی پەیوەندییە داراییەكانیان؟
- بەڕای تۆ هەرێم پابەند بووە بە ڕادەستكردنی مەلەفی نەوت و داراییەكانەوە؟
- پێتوایە بەو سیاسەتە داراییە عێراق نیازی لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی هەیە؟
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا، ڕۆژی 23ی تشرینی 2023 دەیەمین گفتوگۆی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی «هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابووری» لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئەنجام بدرێت و ڕۆژی 30ی تشرینی یەكەمی 2023 پوختەی ئەم گفتوگۆیە بڵاو بكرێتەوە، ئەم بەڕێزانەش لە گفتوگۆكەدا بەشداربوون:
1- د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.
2- د.عەبدولحەكیم خەسرەو بەرپرسی فەرمانگەی بەدواداچوون و هەماهەنگیی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
3- د.هومام ئەلشەمماع ئوستادی ئابووری و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕیی بانكی كوردستان.
4- سەروەر كەمال هاواری بریكاری وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان.
5- هۆزار تۆفیق ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی.
6- حسێن كوردنەژاد ئەندامی ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی كوردستان.
7- شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.
8- د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.
9- د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.
10- فەرهاد محەمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ.