لە مێژووی 100 سالەی تورکیا و کودەتا سەربازییەکانی (١٩٦٠ بۆ ٢٠١٦) لە مێژووی نوێی تورکیادا

لە مێژووی 100 سالەی تورکیا و کودەتا سەربازییەکانی (١٩٦٠ بۆ ٢٠١٦) لە مێژووی نوێی تورکیادا

"کەی دەوڵەت کەوتە مەترسیەوە، کودەتا بکەن" ئەمە ئامۆژگاری "ئەتاتورک" بوو بۆ سوپاکەی! کودەتای سەربازی مێژووی تورکیا، خستنەڕووی دۆخی سیاسی سەربازیە لە تورکیا، ئەم کودەتایانە دەتوانین مێژووی تورکیا بۆ پێنج قۆناغی کودەتا و هەولێکی کودەتا دابەش بکەین، سوپایی تورکیا یەکەیەکی سەربەخۆیە لە سیاسەتی تورکیادا، ئەم سەروەریی سوپا "مستەفا کەمال" بۆ سوپای داناوە، دەستەڵاتە یەک لە دوایەکەکانی تورکیا پاراستوویانە، چونکە لە دەستووری تورکیادا گرنگیەکی زۆر بە ڕۆڵی سوپا دراوە، لە دەستووردا هاتووە سوپا زۆرکات دەتوانێت ئەم ڕۆڵانە بگێڕێت: یەکەم، دەتوانێت بەشداری ژیانی سیاسی بکات. دووەم، دەتوانێت باری نائاسایی ڕابگەیەنێت. سێیەم، لە هەندێک بارودۆخدا لە جیاتی دەسەڵاتدارانی مەدەنی بۆیان هەیە بڕیاردەر بن.

لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی دیموکرات (DP) لە٢٧ی ئایاری١٩٦٠ کودەتایەکی سەربازی بە سەر (عەدنان مەندەرس)دا کرا، چەند ئەفسەرێکی سوپا بە بیانووی ئەوەی (پارتی دەسەڵات) تورکیا بەرەو ڕژێمێکی سەرکوتکار و شەڕی ناوخۆ دەبات، لە کاتی کودەتا سوپا دەسەڵاتی گرتە دەست، لەبەر ئەوەی (عەدنان مەندەرس) دەستکاری یاسا بنەڕەتیەکانی "کەمالیزم"ی کرد، زۆرێک لەو یاسانەی "ئەتاتورک" داینابوون، (مەندەرس) لای دابوون، ئەمە وایکرد تووڕەیی سوپا و باڵی "ئۆپزسیۆن" زیاتر ببێت. ساڵێک دواتر دەستووری "سیکۆلار" و بنەماکانی "کەمالیزم" هاوسەنگی بۆ گەڕایەوە، سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، کابینەی حکومەت و پەرلەمانتاران دادگایی کران. بە کۆی دەنگ سزای لە سێدارەدان بۆ (جەلال بایار سەرۆک کۆمار، عەدنان مەندەرەس سەرۆکوەزیران، فاتین روشتوزۆرلو وەزیری دەرەوە، حەسەن پۆلاتکان وەزیری دارایی) دەرکرا، سوپا رایگەیاند، (مەندەرس) سەرۆک وەزیران ئەو کاتی تورکیا دەیەوێت یاسای "شەریعەت" جێبەجێ بکات، بۆیە لە ساڵی ١٩٦١ لە (ئیمڕالی) لە سێدارەدرا. بەڵام بە هۆی تەمەنییەوە سزای لە سێدارەدانی (جەلال بایار) گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتا هەتایی، سەرۆکوەزیر و دوو وەزیرەکە لە سێدارە دران.
لە١٢ی ئازاری ١٩٧١ کودەتای دووەم لەلایەن سوپاوە ڕوویدا، سەرۆک "ئەرکان" و فەرماندەکانی سوپا لە یاداشتنامەیەکدا (جەودەت سونای) سەرۆک کۆماریان ناچارکرد حکومەت هەڵبوەشێنێتەوە و (سولەیمان دەمیرەل) سەرۆک وەزیران دەست لەکار بکێشێتەوە. (نیهاد ئەریم) پەرلەمانتاری "جەهەپە" دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکەی ڕاگەیاند و بوو بە سەرۆک وەزیران و حکومەتی پێکهێنا.

سێیەمین کودەتا لە١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ ڕوویدا، بە مەترسیدارترین کودەتا دادەنرێت، (کەنعان ئەڤرەن) سەرۆک "ئەرکان"ی سوپا هۆکاری ئەنجامدانی کودەتا بوو، وە (ئەڤرەن) کودەتاکەی بۆ کێشەی ئەمنی گەڕاندەوە. زیاتر لە (٢٠٠٠٠٠)هەزار کەس پاش کودەتاکە دادگایی کران و داوای لە سێدارەدان بۆ زیاتر لە (٧٠٠٠)هەزار کەس کرا، لە کۆی ئەو ژمارەیە سزای لە سێدارەدان بۆ (٥١٧)کەس دەرکرا، بەڵام سزاکە بۆ (٥٠)کەس جێبەجێکرا، دەیان پێشێلکاری لە کاتی جێ بە جێکردنی کودەتایەکە ڕوویدا.

کودەتای چوارەم لە ساڵی١٩٩٣ ئەنجامدرا، بە مردنی گوماناوی (تورگوت ئۆزاڵ) سەرۆک کۆماری ئەو کاتە کۆتاییهات و دوای چه‌ند مانگێك ئاشكرابوو، ژه‌هر خواردکراوە، ئه‌م ژه‌هر خواردنە بە کودەتای ناڕاستەوخۆ دادەنرێت، (ئۆزال) زۆر نه‌رم بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا، یه‌كه‌م سه‌رۆكی توركیا بووه‌ پڕۆژه‌ی هه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد. ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌ده‌په‌ (ئاڵتان-تان) له‌ كتێبی (كێشه‌ی كورد)دا، باسی له‌ (ئۆزال) كردووه‌، وه‌ك دۆستی كورد ناوی هێناوه‌، ده‌ڵێت: "له‌ سه‌رده‌می (ئۆزال) دابووه‌، پرسی چاره‌سه‌ری هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی توركیا رێگربوونه‌ له‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌" بە هۆی چارەسەری پرسی کورد لەناوبردرا.

پێنجەم کودەتا لە دژی (نەجمەدین ئەربەکان) لە ساڵی ١٩٩٧ کرا، بە کودەتای "پۆست مودێرن" ناودەبرێت، (ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا)، هاوشێوەی کودەتاکەی ساڵی ١٩٧١ حکـومەتی ناچارکرد دەست لەکار بکێشێتەوە، كۆمه‌ڵێك داواكارییان پێشكه‌ش به‌ (ئه‌ربه‌كان) كرد به ‌مه‌به‌ستی‌ جێبه‌جێكردنیان، له‌وانه‌ (بنه‌بڕكردنی‌ دواكه‌وتوویی، ڕاگرتنی‌ هه‌موو دیارده‌یه‌كی‌ چالاكی‌ ئیسلامی‌ له‌ وڵاتدا له‌ خۆبگرێت له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسی‌ و فێركاریی‌ و په‌رستنه‌كان)، ئه‌مەش (ئه‌ربه‌كان)ی‌ ناچار كرد ده‌ست له‌ پۆسته‌كه‌ی‌ بكێشێته‌وه‌، تا رێگه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی‌ ڕووداوه‌كان بگرێت و نه‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و كوده‌تایه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ته‌واوه‌تی‌ بچێت.

دوایین هەوڵی کودەتا لە دژی حکومەتەکەی(ئەردۆغان) لە ١٦ی تەموزی٢٠١٦ کرا، بەڵام لە لایەن (ئەردۆغان)ەوە شکستی پێهێنرا. (فەتحوڵا گولەن) سەرۆکی (رێکخراوی خزمەت) بە ئەنجامدەری کودەتاکە تۆماتبارکرا، هەزاران لایەنگری (گولەن) و رێکخراوەکەی دەستگیرکران و وڵاتیان لێ قەدەغەکرا، جیاواز لە کودەتاکانی ڕابردوو هەوڵی کودەتا سەربازییەکە شکستی هێنا، (ئەردۆغان)، سەرۆک کۆماری تورکیا لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤیزیۆندا داوای لە خەڵک کرد بێنە سەر شەقام و ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە دەنگ بانگەوازەکەیەوە چوون و ڕژانە سەر شەقامەکان. ئەو کات (ئەردۆغان) گوتی: "بانگەوازێک لە خەڵک دەکەم، داوا لە خەڵک دەکەم بڕژێنە سەر شەقام و بێنە گۆڕەپانەکانی شارەکانمان. داوایان لێ دەکەم بێنە فڕۆکەخانەکان، با وەکو میللەت هەموو پێکەوە لە فڕۆکەخانە کۆببینەوە، ئەو گرووپە کەمینەیە بە تانک و تۆپەکانیانەوە با بێن بزانین چی لە گەل دەکەن، با بیکەن. من تاوەکو رۆژی ئەمڕۆ هیچ هێزێکم لە سەرووی هێزی گەل نەناسیووە".

لە کۆتایدا، بۆمان دەرکەوت سیاسەتی تورکیا، وەک دیموکراسی پیشان دەدرێت، بەڵام ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی نوێ ی تورکیا بدەینەوە، کودەتاکان زیاتر ڕۆڵیان گێڕواوە، کەواتە سوپا بە خاڵی جەوهەری یەکلاکردنەوەی دەستەلاتی سیاسیی لە تورکیا دادەنرێت، سیستەم و پەڕلەمان و پارتەکان لە ناو سیاسەتی تورکیا لاوەکین، چونکە لە سەدەی بیست و یەک زۆرترین کودەتا لە ولاتی تورکیا ئەنجامدراوە.

Top