هۆزار تۆفیق ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی :   گرنگە لە ڕێگەی فرەچەشنكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانەوە هەنگاو بۆ فرەچەشنكردنی داهات هەڵبگرین

هۆزار تۆفیق  ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی :     گرنگە لە ڕێگەی فرەچەشنكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانەوە هەنگاو بۆ فرەچەشنكردنی داهات هەڵبگرین

 

 

هۆزار تۆفیق، ئەندازیارە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، خاوەنی ئەزموونێكی زۆرە لە بواری وەبەرهێنان لە پڕۆژە جیاوازەكانی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان و، لە ڕووی ئەندازیارییەوە سەرپەرشتیی پڕۆژەكانی كردووە و، ئەمەش وای كردووە، ئەزموونێكی گەورەی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆژەكان و كوالێتی پڕۆژەكان هەبێت، هەروەها لەبەر ئەوەی لەگەڵ تەمەنی تەواوبوونی هەر پڕۆژەیەك ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەو پڕۆژەیە دەكات، ئەوا لە ڕەهەندەكانی پڕۆژەكە تێدەگات و دەزانێت جەدوای ئابووریی ئەو پڕۆژەیە تا چەند خزمەتی ژێرخانی ئابووریی كوردستان دەكات، لایەنێكی دیكەی ئەندازیاری كە فاكتەری سەرەكیی گەشەی ئابووریی پێ دەخوێندرێتەوە، بوونی ڕێگاوبانی باش و خێرایە لە نێوان شارەكانی كوردستان و هەروەها لە نێوان تەواوی قەزا و ناحیەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی كوردستاندا، كە نەبوونی ئەم ڕێگاوبان باشە گەشەی ئابووری پەك دەخات، لەم گفتوگۆیەدا (هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابووری) بە دیدێكی ئەندازیارانەوە ڕەهەندە جیاوازەكانی گەشەی ئابووری و وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان خستە ڕوو.

 

 

لەسەر ئەم پرسە گرنگە (هەرێمی كوردستان و شەڕی ئابووری) من زیاتر قسەكانم دەربارەی گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە ناو كەرتی وەبەرهێنانە.

ئاشكرایە كە هەرێمی كوردستان تا ئێستا بەشێكە لە دەوڵەتی عێراق، ئەمەش وای كردووە كە هەر گەشەسەندنێكی ئابووری لەم هەرێمەدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژینگەی سیاسی و ئابووریی عێراقەوە هەبێت.

كەرتی وەبەرهێنان لە دوای ساڵی 2003 و پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، بە چەند قۆناغێكی جیاوازدا تێپەڕیوە، بەڵام لەم گفتوگۆیەدا من زیاتر جەخت لەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەمەوە و، دەمەوێت لە ڕوانگەیەكی ئەندازیاری و ئابوورییەوە باس لەو هەنگاوانە بكەم كە كابینەی نۆیەم لە كەرتی وەبەرهێنان هەڵیگرتووە.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە بە پلانێكی تۆكمە و گەشەسەندووەوە هەوڵی دا، وەرچەرخانیك لە كەرتی وەبەرهێناندا بێنێتە ئاراوە، پڕۆژە ئامادەكراوەكانی بەسەر سێكتەرە جیاوازەكاندا بەپێی پێداویستیی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش كرد، كە 1050 پڕۆژەی لە خۆی دەگرت لە سێكتەرە جیاوازەكانی (پیشەسازی، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار، بانك) بەشێوەیەكی گشتی و هەروەها چەند سێكتەرێكی دیكەشی دەگرتەوە.

لە ماوەی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم تا ئێستا توانراوە بەشێكی باشی ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بكرێت، لە سێكتەری پیشەسازیدا توانرا چەندین كارگەی تازە دابمەزرێن، ژمارەیەكی دیكەش فراوان بكات و چەندین كارگەی گەورەش وەگەڕ بخاتەوە وەك كارگەكانی (چیمەنتۆ، خشت، ئاسن و...هتد) ئەم كارگانە لەگەڵ ئەوەی پێویستیان بەوە هەبوو، سەرمایەیەكی گەورەیان تێدا بە گەڕ بخرێت، بەڵام توانرا سەركەوتووانە جێبەجێ بكرین، ئێستاش بێجگە لەوەی توانای دابینكردنی پێداویستییە ناوخۆییەكانیان هەیە، لە هەمان كاتدا بەشێك لە بەرهەمەكانیشیان هەناردەی دەرەوە دەكەن.

هاوشانی ئەم كارگانە لە كەرتی پیشەسازی هەوڵەكان بەردەوام بوون بۆ بەپیشەشازیكردنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و چەندین كارگەی گەورەی شیرنەمەنی و قوتوبەندی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانش دامەزران، بەمەش وێڕای ئەوەی بووینە خاوەنی بەرهەمی خۆماڵیی خۆمان، لە هەمان كاتدا توانرا هەلێكی كاری بەرفراوانیش بۆ هاووڵاتیانی كوردستان فەراهەم بكرێت.

لەسەر ئاستی بووژانەوەی كشتوكاڵ و دڵنیاكردنەوەی جووتیارانی كوردستان بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی بەرهەمەكانیان ساغ دەكرێنەوە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە لە دەرەوەی كوردستان بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان بدۆزێتەوە، هەروەها گرنگییەكی زۆری داوە بە دروستكردنی چەندین بەنداوی گەورە و مامناوەند و بچووك، هەروەها دروستكردنی پۆند و دەریاچە، كە جیا لەوەی زۆر گرنگن بۆ ڕێگرتن لە وشكەساڵی و دەبنە هاندەرێك بۆ گەشتیاریی زیاتر، لە هەمان كاتدا گلدانەوەی ئەم ئاوانە دەبنە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ زیاتر گەشەسەندنی كەرتی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان. لەسەر ئاستی بایەخدانیش بە كەرتی گەشتوگوزار، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی چەندین پڕۆژەی گەورەی لەم بوارەدا ئەنجام داوە، هاوكات بووەتە سەرچاوەیەكی دیكەی داهاتیش بۆ كوردستان، بەڵام هێشتا ئەم كەرتە گرنگە بۆ پرۆسەی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات پێویستی بە فراوانكردن و ئاسانكاریی زیاتر هەیە، كە هەم بۆ گەشتیاران و هەمیش بۆ وەبەرهێنان فەراهەم بكرێت، بۆ ئەوەی باشتر پرۆسەی گەشتیاری لە كوردستان فراوان ببێت، تا گەشتیاران زیاتر ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

لایەنێكی دیكەی گەشەسەندنی كەرتی وەبەرهێنان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان كە چەندین ڕەهەندی جیاوازی لێ دەخوێندرێتەوە، زیادبوونی هاتنی كۆمپانیا بیانییەكانە بۆ كوردستان، كە لە ئێستادا دەتوانین بڵێین ڕێژەی 17%ی پڕۆژەكانمان لەلایەن وەبەرهێنەرانی بیانییەوە وەبەرهێنانیان تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو ژینگەیە كابینەی نۆیەم بۆ وەبەرهێنانی فەراهەم كردووە، هەم ئاسانكاریی باش پێشكەش كراوە، بەتایبەتی كە وەبەرهێنەران دەتوانن بە ڕێگەی ئەلیكترۆنی داواكانیان پێشكەش بكەن و لە ماوەیەكی كورتدا مۆڵەتپێدانیان تەواو بكرێت، هەمیش ئەو ژینگە ئارام و سەقامگیرەی لە كوردستاندا هەیە، سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانی ڕاكێشاوە. لەمانەش زیاتر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆریشی بە سیستمی بانكیی پێشكەوتوو داوە، بێگومان گرنگیدان بە سیستمی بانكی فاكتەرێكی گرنگە بۆ دڵنیایی وەبەرهێنەران، بۆیە لەم لایەنەشەوە سیستمی بانكی هۆكاری گرنگ بووە بۆ پەرەپێدانی كەرتی وەبەرهێنان.

بۆ ئەوەی بە خێرایی پڕۆژەكان بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، حكومەتی كوردستان پرۆسەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەبەرهێنانی جێبەجێ كرد، ئەمەش بووە هۆی باشتر ئەكتیڤبوونی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و خیرابوونی مۆڵەتەكان و زووتر دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بكرێت، ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا بە زمانی داتا قسە بكەین، ئەوا لە ئێستادا توانراوە لەسەر ئاستی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا موڵەت بە 303 پڕۆژە بە سەرمایەی 14.5 ملیار دۆلار بدرێت، ئەم پڕۆژانە 200 هەزار هەلی كار بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دابین دەكات، ئەگەر ئەم ڕیژەیە دابەشی چوار ساڵی كابینەی نۆیەم بكەین، واتە 75 پڕۆژە لە ساڵێكدا مۆڵەتیان پێ داروە، كە پێش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم ئەم ڕێژەیە 56 پڕۆژە بووە لە ساڵێكدا، لە ئێستاشدا 1194 پڕۆژەی دیكە لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان دیراسەت دەكرێن، هێشتا مۆڵەتیان پێ نەدراوە.

لایەنێكی دیكەی گرنگ كە جێگەی بایەخی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، گۆڕانكاریی كەشوهەوا بووە لە جیهاندا، كە بەپێی داتا و ئاماری ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لە ئاكامی ئەم گۆڕانكارییەی كەشوهەوا، عێراق و هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دیاردەی وشەكەساڵی و پیسبوونی ژینگە دەبنەوە، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە نەخوازاراوانە، هەوڵی داوە سوود لە وزە نوێبووەكان (Renewable Energy) وەربگرێت، ئەمەش بە كردنەوەی كێڵگەیەك بۆ بەرهەمهێنانی وزە بە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر (solar system)، ئەم ئاراستەیە جگە لەوەی بە هاوڕێی ژینگە هەژمار دەكرێت، لە هەمان كاتدا دەبێتە سەرچاوەی بەرهەمێنانی وزەیەكی زۆر و داهاتێكی زۆریشی بۆ كوردستان دەبێت.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵییش، حكومەتی هەرێم بەرنامەیەكی فراوانی هەیە بۆ دروستكردنی بەنداوی گەورە و مامناوەندی و بچووك، ئەم بەرنامەیە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و چەندین بەنداوی گەورە تەواو بوون، ژمارەیەكی دیكەش لە قۆناغە جیاوازەكانی كاركردندان، هەروەها دەستی كردووە بە دروستكردنی چەندین پۆند و دەریاچەی دەستكرد بۆ گلدانەوەی ئاو، ئەم پڕۆژانە جیا لەوەی هەرێمی كوردستان لە مەترسییەكی گەورەی وەك وشكەساڵی دوور دەخاتەوە، لە هەمان كاتدا دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ پەرەپێدانی سێكتەری كشتوكاڵی و، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە فاكتەرێك بۆ زیادبوونی ناوچە گەشتیارییەكان، كە هەم دەبێتە سەرچاوەیەكی هەمەچەشنی داهات، هەمیش زیادبوونی بەرهەمە كوشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستاندا.

لەم گفتوگۆیەدا بە پێویستی دەزانم چەند پێشنیارێك بۆ زیاتر گەشەسەندنی ئابووری لە كوردستان بخەمە ڕوو:

1- زۆر گرنگە ڕێگەوبانەكانی كوردستان وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بكرێت.

بوونی ڕێگەو بانی باش بۆ هاتووچۆ لە نێوان شارەكانی هەرێمدا، جیا لەوەی هەموو كوردستان زیاتر پێكەوە گرێ دەداتەوە، لە هەمان كاتدا تەواوكارییەكی زۆر باشی ئابووری لە نێوان شارەكانیشدا دروست دەكات و دەكرێت سرووشتی شارەكانی كوردستان بۆ وەبەرهێنانی هەمەچەشن ڕیك بخرێنەوە، لەمەشدا ڕێگەوبانی باش فاكتەرێكی گرنگە بۆ پەرەپێدانی زیاتری كەرتی گەشتیاری و هاتنی زیاتری گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكان، لەم ڕووەوە من وەك هاووڵاتییەكی شاری سلێمانی ڕاشكاوانە دەڵێم: ڕێگەوبانەكانمان زۆر خراپ و مەترسیدارن و گرنگە ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنان بكەن كە وەبەرهێنان لە ڕێگاوبانەكانیشدا بكەن و ڕێگەی های وەی دروست بكەن.

2- گرنگیی زیاتر بە كوالێتیی پڕۆژەكان بدرێت و چاودێریی بەردەوامیان لەسەر بێت.

مەبەست لە جێبەجیكردنی پڕۆژە، تەنیا تەواوكردنی نییە بە هەر شێوازێك بێت، پڕۆژەكان پێویستە كوالێتیی بەرزیان هەبێت، لە دروستكردنیاندا دەبێت ئامێری مۆدێرن بەكار بهێنرێت، دەبێت بنەمایەكی دروستكردنی كێبڕكێ لەسەر كوالێتیی پڕۆژەكان دروست بكەین، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ململانێی بەرهەمهێنانیشمان، بەمەش ئابووریی كوردستان زیاتر پێش دەكەوێت و گەشە دەسێنێت.

3- زۆر گرنگە هەلی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیانی خۆمان دروست بكەین.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی بە ڕێگەی بڕیاری 8686ی ساڵی 2019 و بڕیاری 174ی ساڵی 2022، دوو هەنگاوی گرنگی هەڵگرتووە بۆ گەرەنتیی هەلی كار لە كەرتی تایبەتدا، یەكەمیان ئەوەیە كە بڕیاری 8686 دەستبەری كۆمەڵایەتی بۆ هەموو كارمەندان و كرێكارانی كەرتی تایبەت دابین دەكات، ئەمە جۆرێك لە دڵنیایی دەدات بەو كرێكار و كارمەندانەی لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، بەوەی ئەوانیش لە داهاتوودا خانەنشینییان دەبن، دووەمیشیان بڕیاری 8686 كە فەرزی دەكات لەسەر پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كە دەبێت ڕێژەی دەستی كاری ناوخۆیی لە 75% كەمتر نەبێت، بەڵام پێشنیاری من لەسەر ئەم ڕێژەیە ئەوەیە كە هەوڵ بدەین ئەم ڕیژەیە بەرز بكرێتەوە بۆ 90% بۆ دەستی كاری خۆماڵی، ئەو 10%ـەش كە دەمێنێتەوە بۆ ئەو كارمەندە بیانییەی كە دەهێنرێنە كوردستان بۆ كردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنان بۆ شیاندنی دەستی كاری خۆماڵی، بۆ ئەو كارانەی تایبەتمەندن و پڕۆژەكان پێویستیان پێیەتی، لەمەش گرنگتر ئەوەیە گرنگە بۆ دڵنیابوون لەوەی پەیڕەوی ڕێژەی 75%ی دەستی كاری خۆماڵی كراوە، پێویستە بەدواداچوون و لێپێچینەوە بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشێك لە پڕۆژەكان ڕێژەی دەستی كاری ناوخۆ زۆر لەو ڕێژەیە كەمترە و دەستەی وەبەرهێنیانیش بەشێكیان نییە بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەكان، تا بزانن بە كردەیی پەیڕەوی 75%ی دەستی كاری خۆماڵی كراوە لە پڕۆژەكاندا، یان نا، بەم دواییە نووسراوێكمان لە دەستبەریی كۆمەڵایەتییەوە بۆ هاتووە، داوای ژمارەی تەلەفۆنی وەبەرهێنەرانمان لێ دەكەن، بۆ ئەوەی بە ڕێگەی تەلەفون زانیاری لەسەر ئەم پرسە لە وەبەرهێنان وەربگرن، كە بە دڵنیایی بەشێكی زۆریان زانیاریی ڕاستیان نادەنێ، بۆیە گرنگە دەستەی وەبەرهێنان بە ڕێگەی بەشی بەدواداچوون خۆی ئەو كارە بكات.

4- ڕێگرتن لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانەی كە ئێمە لە كوردستان گەیشتووین بە ئاستی خۆبژیوی و لێشمان زیادە، بۆیە ئەگەر ڕێگری لە هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە نەكرێت، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەكان دەبێت و بەرەو پووكانەوەیان دەبات، بەمەش زیانێكی گەورە بەر ژێرخانی ئابووریی كوردستان دەكەوێت.

5- دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی لە دەرەوەی شارەكان، گرنگە بۆ ئەم ناوچە پیشەسازییانە ڕێگەوبانی باش و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان دابین بكرێت، دابینكردنی ڕێگەوبانی باش و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان دەبنە هۆكاری ئەوەی ئەو ناوچە پیشەسازییانە زیاتر ببنە سەرچاوەی دۆزینەوەی هەلی كار و بەرهەمی باشتر بۆ هەرێمی كوردستان.

6- پێویستە هەندێك مەرجی پێویست لەسەر وەبەرهێنەران دابنرێت كە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە زەوییان بۆ تەرخان دەكرێت، ئەمەش وەك دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ پڕۆژەكان و درووستكردنی ڕێگەیەكی شایستە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە بەڕێگە سەرەكییەكان ببەسترێتەوە.

7- زیاتر بایەخ بە وەبەرهێنەرانی كوردستان بدرێت و هان بدرێن بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لە كوردستان وەگەڕ بخەن، بەداخەوە بەم دواییە گوێبیستی ئەوە بووین كە بەشێك لە وەبەرهێنەرانی كوردستان سەرمایەكانیان لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەخەنە گەڕ، ئەمەش زیانێكی گەورە بە ژێرخانی ئابووریی كوردستان دەگەیەنێت.

8- پەلە بكرێت لە دامەزراندنی حكومەتی ئابووریی دیجیتاڵی، ئەمەش لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە، بەڵام ئەگەر هەنگاوەكان خێراتر بكرێت، بە تەواوبوونی ئەم حكومەتە دیجیتاڵییە ئابووریی كوردستان باشتر دەبووژێتەوە.

9- گرنگیدانی زیاترمان پێویستە بە جەدوای ئابووریی پڕۆژەكان، زۆر گرنگە جەدوای ئابووریی پڕۆژەكان زۆر بە شێوازێكی زانستی دیراسەت بكرێت، نەك تەنیا وەك ڕۆتینێك و مەرجێك لە ناو پڕۆژەكاندا هەبێت.

10- هەموومان باسمان لە گرنگیی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و بایەخی ئەم فرەچەشنییە بۆ گەشەسەندنی ئابووریی كوردستان كرد، بەڵام فاكتەری گرنگ بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەی داهات، فرەچەشنكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانە كە ئەمەش خزمەتێكی گەورەی فرەچەشنی داهات دەكات.

 

Top