پەیكەری كۆتری ئاشتی

پەیكەری كۆتری ئاشتی

خاوەنی پەیكەری پەیكەری كۆتری ئاشتی (كۆتری سەلام) لە شاری هەولێر، هونەرمەندی شێوەكار و پەیكەرتاش، كاری ڕەوانشاد (جابر پیرداود)ـە، ناوی تەواوی (جابر پیرداود ئیسماعیل نەجار)ە، لە ساڵی ١٩٢٥ لە گەڕەكی (خانەقا)ی ناو شاری هەولێر لە دایكبووە، پیرداودی باوكی لە چلەكانی سەدەی ڕابردوو دارتاشێكی بە ناوبانگ و دەستڕەنگینی شاری هەولێر بووە. جابر پیرداود لە ساڵی ١٩٣٥ چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندیی هەر لە شاری هەولێر تەواو كردووە، ساڵی ١٩٤٣ چووەتە خانەی مامۆستایانی ئەعزەمییە لە بەغدا، ئەو كات جگە لە خوێندنی ئەدەبی و زانستی، هونەری مۆسیقا و شێوەكارییشی تێدا خوێندراوە، بۆیە هەر لەوێ بە هونەری نیگاركێشان و پەیكەرتاشی ئاشنا بووە و لە سەر دەستی هونەرمەندی گەورەی عێراقی(قاسم الناجی) كە ئەو سەردەم بە ناوبانگترین هونەرمەندی شێوەكاری عێراق بووە و مامۆستای هونەر بووە، زیاتر حەز و خولیای چووەتە سەر هونەری نەخش ونیگار و پەیكەرتاشی، لە ساڵی ١٩٤٦ خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو كردووە، هونەرمەند جابر پیرداود، لە كارە هونەرییەكانیدا ڕەنگی وەنەوشەیی كە لە تێكەڵكردنی ڕەنگی سوور و شین پێك دێت زۆر خۆشویستووە و زۆریشی بەكار هێناوە، لە نیگاركێشان و پەیكەرتاشیدا حەزی لە شێوازی (ئەبستراكت- تجرید) نەبووە، بەڵكو حەزی لەو هونەرە بووە كە هەڵقوڵاوی داب و نەریت و ڕەسەنایەتی بووە كە هیوا و ئاواتی خۆی و دەوروبەرەكەی و كۆمەڵگەی كوردەواری و هەموو گەلەكەی بێت، بەرهەمە دیارەكانی: دروستكردنی پەیكەری عەبدولكەریم قاسم ساڵی ١٩٥٨ لە فلكەی نزیك (ملعب الإدارة المحلیة- فەرنسۆ حەریری) داندرابوو، كە هەولێرییەكان پێیان دەووت فلكەی زەعیمی، پەیكەری كچ و كوڕە قوتابی، پەیكەری هەڵگری مەشخەڵی ئۆلۆمپیاد، پەیكەری كورد و عەرەب، پەیكەری وەرزشەوان كە لە (مفرق- چوارڕیانی) یاریگەی ئیدارەی محلی- شەهید فەرنسوا حەریری داندراوە، پەیكەری (كۆتری سەلام) لە ناوەندی شاری هەولێر.

 

Top