بەهۆی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە بەنگلادیش 115 کەس کوژران و بریندار بوون
ئەمڕۆ لە بەنگلادیش دوو شەمەندەفەر پێکیاندادا و بەهۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 100 کەسی دیکەش برینداربوون.
دەسەڵاتدارانی بەنگلادیش دەڵێن: ترسیان هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاد بکات.
دەسەڵاتدارانی بەنگلادیش ڕایانگەیاندووە، ڕووداوێکی هاتووچۆ لە شاری « بەهیراب » لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بووەتە هۆی پێکدادانی شەمەندەفەرێکی بارهەڵگر لەگەڵ شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر کە بە ئاراستەی پێچەوانەدا دەڕۆیشت و دوو كابینەی نەفەرهەڵگر لە ڕێڕەو دەرچوون.
یەکێک لە بەرپرسە ناوخۆییەکان دەڵێت: "تا ئێستا 15 تەرممان دۆزیوەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم ڕووداوەدا نزیکەی 100 کەس برینداربوون و ئەگەری زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکان هەیە.
ڕووداوەکانی شەمەندەفەر لە بەنگلادیش باون و زۆرجار بەهۆی خراپی ئاماژەدان و کەمتەرخەمی و هێڵە کۆنەكانی شەمەندەفەر ڕوودەدەن.
گوڵان: سەردار خەلیل