وەكو پێویست گرنگیەكی باش بەم یارییە نەدراوە
لینا عەلی یاریزانی كاراتێ یانەی هەڵەبجە
وەكو پێویست گرنگیەكی باش بەم یارییە نەدراوە
یانەی هەڵەبجە یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی كاراتێ كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی هەڵەبجە لینا عەلی-یە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2006 و ئێستاش بەردەوامە لە تیپی كاراتێ یانەی هەڵەبجە قوتابی قۆناغی ئامادەییە، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو هاتیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- هەر لە منداڵیەوە حەزم بە وەرزش كردن بوو.
*لە نێو ئەم هەموو وەرزشە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- زۆربەی یارییەكانم ئەنجامداوە وەكو تۆپی پێی و بالە و تێنس، بەڵام حەزێكی تایبەتم بۆ یاری كاراتێ هەبووە زۆر حەزم كردوە ببم بە یاریزانێكی باش لەم یارییە.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
-بەلێ یارییەكی قورسە، بەڵام بەر ئەوەی حەزێكی خۆومە بە لامەوە ئاسانە.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-لەم چەند ساڵەی ڕابردوو پەرەی زۆری پێدراوە بەم وەرزشە، بەڵام هێشتا لە ئاستێكی باش دا نییە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-هاندانی ڕۆڵی وەرزش و دروست یاریزان و ئەنجامدانی پاڵەوانێتی بەردەوام بۆ ئەوەی ئاستی یاریزانەكان بەرەووپێش بچێت.
*ڕاستە دەلێن یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
-یاریزانی كچ لەم یارییەدا كەمە، بۆیە زیاتر پشتگوێ خراوە، خۆشبەخاتە ئێستا زۆر باشترە، ڕاستە كوڕان لەم یارییە باشترن، بەڵام لە ئێستادا خۆشبەخاتە كچانیش ڕكابەری یەكتر دەكەن.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
-بەرنامەم ئەوەیە ئاستی خۆم زۆر باشتر بكەم و بەشداری پاڵەوانێتی زیاتر بكەم.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-سەركەوتن بۆ هەموو كەسێك هەستێكی خۆشە، بەڵام زیاتر بۆ ئەو كەسانەی خۆیان زۆر ماندوو كردوە و هەوڵی زیاتریان داوە تا بگەن بە ئاستێكی باش و سەركەوتن بەدەست بهێنێ.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-هیچ كەسێك بە ڕكابەری خۆم نازانم.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم زیاتر گرنگی بە تواناكانی خۆم بدەم و ئاستێكی باش پێشكەش بكەم و خۆم زیاتر بەرەوو پێشببەم.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
-چونكە وەكو پێویست گرنگیەكی باش بەم یارییە نەدراوە، بەڵام ئەگەر زیتر لە سەر ئەم وەرزشە بخوێنینەوە ئەزانین كە یارییەكی چەند بە سوودە هەم بۆ پارێزگاری كردن لە خۆتیش.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-نەخێر لە هیچ یانەیەك گرێبەستم پێشكەش نەكراوە، ئەگەر گرێبەستیشم بۆ بێت قبوڵی ناكەم من هەر لەم یانەیە دەبم كە تێدا فێربوون هەر لەم یانەیەش بەردەوام دەبم.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن؟
-هەر چەندە ئەم وەرزشە وەرزشێكی قورسە و زیاتر واپێشاندراوە كەوا بۆ كوڕان بێت، بەڵام كە كچێكیش بەردەوام بێت لەم یارییە بێگومان پێویستی بە پاڵپشتی خێزانە تا بگاتە ئەم ئاستە.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی یاریزانان، سوپاس بۆ ڕاهێنەركەم كە بەردەوام پاڵپشت بووە.