پڕۆفیسۆرجۆزێف ئۆڵمەرت بۆ گوڵان:   حەماس دەرگای دۆزەخی كردەوە و خۆیان بە ئاگرەكەی دەسووتێن

پڕۆفیسۆرجۆزێف ئۆڵمەرت بۆ گوڵان:     حەماس دەرگای دۆزەخی كردەوە و خۆیان بە ئاگرەكەی دەسووتێن

 

 

جۆزێف ئۆڵمەرت، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن دی سی، پێشتریش پڕۆفیسۆری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیراساتی ئەمنی بووە لە زانكۆكانی (تەل ئەبیب، بار ئیلان لە ئیسرائیل) هەروەها وانەبێژ بووە لە زانكۆی كۆرنێل لە ئەمریكا و زانكۆی یۆرك لە كەنەدا. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە (مێژووی هاوچەرخی لوبنان و سووریا، كەمینەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی ئیسرائیل) دەدات. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەندیدار بوون بە پەرەسەندنەكانی پرسی فەلەستین و ئیسرائیل، بەتایبەتی هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و كاردانەوە و پەرچەكرداری دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەگەرەكانی بەرفراوانبوونی شەڕ و تێوگلانی دەوڵەتانی دیكە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئەوەی ڕووی دا لە هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەموو لایەكی هەژاند و تووشی سەرسوڕمانی كردن، ئەمە ڕووداو و پەرەسەندنێكی ئاسایی نەبوو و، ئاكام و دەرهاوێشتەی گەورە و درێژخایەنی لێ دەكەوێتەوە، چۆن وەسفی ئەم هێرشانە دەكەن؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە دەوڵەتی ئیسرائیل تووشی غافڵگیری بوو بە هۆی ئەم هێرشانەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی كە ڕاپۆرتەكانی ئەم دواییە ئاماژەیان بە بوونی زانیاریی هەواڵگری كردبوو لەم بارەیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت ئاماژە بە لووتبەرزی و باوەڕبەخۆبوونێكی زیاد لە پێویست و لە سەرووی هەمووشیانەوە تێڕوانین و تێگەیشتنێكی هەڵە بكەین، كە باڵی كێشابوو بەسەر بیركردنەوە و هزری سەرۆك وەزیران بنیامین نەتانیاهۆدا، چونكە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پێی وابوو پێویستە سیاسەتی ئیحتیواكردن بگیرێتەبەر لە ئاست بزووتنەوەی حەماس، ئەمەش بەو مانایە دەهات كە بزووتنەوەی حەماس كردەوەیەك ئەنجام نەدات هاوشێوەی ئەوەی ئەمجارە ئەنجامی دا، لە بەرانبەردا ئیسرائیلیش بە سوود و دەرفەتی ئابووری قەرەبووی دەكردنەوە، بەڵام ئاشكرایە ئەم سیاسەتە تووشی شكست بووەوە و ئەو وانەیەی فێركردین كە دەبێت هەمیشە بە حەزەر بین لە ئاست دوژمنەكانماندا، بە چاوپۆشین لەوەی كە بیروبۆچوون و تێڕوانینی پێشوەختەمان چی بێت.

* زۆر باس لەوە دەكرێت كە سەرەڕای ئەوەی حەماس بۆ ماوەیەكی دوور و درێژە پلانی هێرشێكی لەم چەشنەی داڕشتووە، بەڵام كات و ساتی ئەنجامدانی هێرشەكە پەیوەستە بە پەرەسەندن، یان ئەگەری پەرەسەندنێكی دیكەی گرنگەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە دەبووە وەرەچەرخانێكی گەورە، ئەویش ئەگەری ئاساییبونەوەی پەیوەندی و ئاشتەوایی نێوان هەر دوو دەوڵەتی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین كات و ساتی ئەنجامدانی ئەم هێرشانە پەیوەستن بەو پرۆسەی گفتوگۆیەی لە ئارادا بوو بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین، كە بڕیاری ئەم هێرشانە پەیوەندیدارە بە هەڵەی حیساباتی بزووتنەوەی حەماس و چەند لایەنی دیكە لە بارەی لێكدانەوە و تێگەیشتنیان بۆ ناڕەزایەتییەكانی نێو ئیسرائیل، لە ئاست چاكسازییە پێشنیاركراوەكانی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن (بنیامین نەتانیاهۆ) سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەوە، واتە لەم ڕووەوە پێیان وابوو ئیسرائیل لە باری دووبەرەكی و لاوازیدایە، بەڵام ئەوان لەم لێكدانەوەیەدا بە هەڵەدا چوون، چونكە من پێم وایە سەرباری ناڕەزایەتییەكانیان، بەڵام ئیسرائیلییەكان كێشە و ناكۆكی و حیساباتی سیاسیی خۆیان لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕەكە لەگەڵ سەرۆك وەزیران بنیامین نەتانیاهۆ یەكلا دەكەنەوە، چونكە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكەین، یەكبوون و یەكێتییەكی سەرسوڕهێنەرە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا.

*  دوای ئەوەی ئیسرائیل كابینەی جەنگی پێك هێنا و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی تووشی شەڕ بووەتەوە و دەستی بە كاردانەوەیەكی توند كرد لە ڕووی بۆردومانكردن و هێرشەكانی بۆ سەر كەرتی غەززە، لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت كە ئەگەری ئەوە هەیە ئاگری ئەم شەڕە زیاتر كڵپە بسێنێت و بەرفراوانتر ببێت، بە چەشنێك ئیسرائیل ناچار بێت لە چەند بەرەیەكەوە شەڕ بكات، خوێندنەوە و لێكدانەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- لە ڕاستیدا ئەوە ئەگەرێكە كە ڕەنگە شەڕەكە بەرەو بەربڵاوی و بەرفراوانی بچێت، كە ئەمەش بەو واتایە دێت كە ئیسرائیل دەكەوێتە شەڕەوە لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی و شەڕێكی بەوەكالەت لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا، ئەوەی تا ئێستا لەم ڕووەوە ئاشكرایە ئەوەیە كە حزبوڵڵا هەڕەشە دەكات (12ی تشرینی یەكەم كە من وەڵامی ئەم پرسیارانەی ئێوە دەدەمەوە)، بەڵام زۆر بە وریاییەوە هەڵسوكەوت دەكات بۆ ئەوەی سنوورەكانی ئیسرائیل نەبەزێنێت، هەروەها ئیسرائیلییەكانیش لەم ڕووەوە ئاماژەی زۆر ڕوون دەنێرن، كە ئەوان ئامادەن بۆ ئەگەرێكی لەم چەشنە و پەرەسەندنێكی لەم شێوەیە، بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی ئیسرائیل خوازیاری ئەوە نییە تووشی شەڕێكی لەم شێوەیە ببێتەوە، بەڵام ئاشكرایە كە ئەگەری هەڵگیرسانی ئەم شەڕە بەدەست ئیسرائیل نییە، بەڵكو بڕیاری كۆتایی لە بارەی جووڵە و كردەوەكانی حزبوڵڵاوە، بە دەست ئێرانە و جڵەوی ئەم حزبە لای ئێرانە.

* هەر چییەك بگوترێت لەبارەی هێرشەكانی بزووتنەوەی حەماس و هێرشی پێچەوانەی ئیسرائیلەوە، ئەوا دەبێت پرسیاری ئەوە بكرێت، بۆچی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل نەیتوانی پێشبینیی هێرشێكی لەم شێوەیە بكات و سوپای ئەو وڵاتەش نەیتوانی پێشگیری لێ بكات؟ ئایا مەسەلەكە پەیوەندیی بە نەبوونی زانیارییەوە هەبوو، یان ئیسرائیل پێی وابوو ئەمە ئەگەرێكی دوورە؟

- لە ڕاستیدا مەسەلەكە هەرچی بێت، ئەوا لە ئێستادا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە دەستپێشخەرییەكە لە دەستی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلدایە، ئاشكرایە كە ئەوە حەماسە دەرگا و دەروازەی دۆزەخی كردووەتەوە، كە خۆیان بە ئاگرەكەی دەسووتێن، من پێم وایە سەركەوتنێكی گەورەی ئیسرائیل لە كۆتایی شەڕەكەدا دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم دەوڵەتە دووبارە بتوانێت هێز و توانای خۆی بچەسپێنێت.

* باس لەوە دەكرا كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دوور كەوتووەتەوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشەكانی و، بۆشایی جێ هێشتووە و هێزە جیهانییەكانی دیكە ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە، ئایا ئەم ڕووداو و پەرەسەندنەی ئەم جارە نابێتە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە ئەمریكا بە قورساییەكی زیاترەوە بۆ ئەم ناوچەیە بگەڕێتەوە؟

- ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوان و پاڵپشتێكی بەهێزی دەوڵەتی ئیسرائیلە، كە ئەمە خودی ئیدارەكەی سەرۆك جۆ بایدن و كۆنگرێس و كۆمەڵگەی جوولەكەی نێو ئەمریكا دەگرێتەوە، ڕەنگە ئەم پشتیوانییە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، كاتێك دیمەنی هەزاران لاشەی كوژراوانی نێو غەززە بڵاو دەبێتەوە، دواتر دەبێت ئەوە بزانین كە ئامانجی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بریتییە لە بەرپەرچدانەوەی ئێران و پاراستن و ڕزگاركردنی ڕێككەوتنەكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبی (Abraham Accords)، لەگەڵ ئەگەری هێنانەئارای، یان بەدیهێنانی ڕێككەوتنی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە.

 

Top