بەهۆی تەقەکردن لە برۆکسل ٢ کەس کوژران
پۆلیسی بەلجیکا دەستگیرکردنی کەسێکی چەکداری ڕاگەیاند، کە تەقەی لە هاندەرانی تۆپی پێ کردووە.
پۆلیسی بەلجیکا ڕایگەیاند: تیرۆریستێكی تەمەن ٤٥ ساڵ کە خەڵکی تونسە شەوی دووشەممە لە هێرشێکی چەکداریدا لە گۆڕەپانی سانكتلێت لە برۆکسل تەقەی کردووە، دوو هاندەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی سویدی کوشتووە، دواتر بریندار بووە و دەستگیر کراوە.
بەپێی میدیا ناوخۆییەکان، نزیکەی کاتژمێر ١٩:١٥ بەکاتی ناوخۆ، ئەو هێرشە ڕوویداوە.
ئەم تیرۆریستە کە خۆی وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی داعش ناساندووە، ئێستا لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەیەکی بروکسلدایە. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بڵاویکردۆتەوە، ئەم کەسە لە تۆڵەی سوکایەتیکردن بە قورئان لەم وڵاتەدا هێرشەکەی بۆ سەر هاندەرانی هەڵبژاردەی سوید ڕاگەیاند. ناسنامەی ئەم کەسە بە ناوی عەبدولسەلام عەلی گۆڵانی ڕاگەیەندراوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەی بریندارەکان لەبەردەستدا نییە.
گوڵان: سەردار خەلیل