یاسا: دادگایی كردن بە شێوەیەكی نهێنی
دانیشتنەكانی دادگا بەشێوەی ئاشكرایە و تەنیا لە هەندێك حاڵەتدا نەبێت دەكرێت بە نهێنی لەلایەن خودی دادگا یان لەسەر داواكاری لایەنێك لە كاتی بوونی پاساوی گونجاو، ئاشكرایی دانیشتنەكانی دادگا مانای ئەوەیە كە ڕێگە بە خەڵك بدرێت بەبێ جیاوازی ئاگاداری ڕێوشوێنەكانی دانیشتنەكانی دادگا ببن و، خەڵك بتوانن دانیشتنەكانی دادگا ببینن و بەدواداچوون بكەن لەسەر گفتوگۆ و دادبینی و ڕێكارەكان و دەرچونی بڕیارەكان، ئاشكرایی دانیشتنەكانی دادگاش بە كردنەوەی دەرگای هۆڵەكانی دادگاییكردن و دادبینی لە دادگاكاندا دەبێت، بەجۆرێك ڕێگە بدرێت بە هەر كەسێك كە بیەوێت لە دانیشتنەكانی دادگا ئامادە بێت و بیانبینێت، گرنگی ئاشكرایی دانیشتنەكانی دادگاش خۆی دەبینێتەوە لە: زیادبوونی متمانە بە بڕیارەكانی دادگا، ڕێز گرتن لە ماف و ئازادییە كەسییەكان، هاتنەدی دادپەروەری، هاتنەدی بەرژەوەندیی كۆمەڵگە و دروستبوونی بیرۆكەی ئەوە لە نێوان تاكەكاندا كە دادگا باڵادەستە بەسەر هەموواندا، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ڕێگریكردن (ردع)ی كەسەكان لە ئەنجامدانی تاوان، بۆیە بۆ هەموو كەس هەیە لە هۆڵی دادگاكان دابنیشن لە دانیشتنەكانی دادگا و، گوێبیستی گفتوگۆی لایەنەكان بن و ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچونی دادبینی و دادگاییكردن و ڕێكارەكان و دەرچوونی بڕیارەكانی دادگا بن.