خەونم ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان بتوانم ببم بەشداری ئۆڵۆمپیاد بكەم

خەونم ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان بتوانم ببم  بەشداری ئۆڵۆمپیاد بكەم

سەیران سەرحەد یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی شێروانە

خەونم ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان بتوانم ببم بەشداری ئۆڵۆمپیاد بكەم
یانەی شێروانەی سەر بە ئیدارەی گەرمیان یەكێك لەو قەزایانەی كە گرنگی تایبەت بە بواری وەرزشی دەدەن لە هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی شێروانە سەیران سەرحەد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2001 و پێشووتر یاری بۆ هەریەك لە یانەكانی ڕزگاری و شێروانە كردوە ئێستاش بەردەوامە لە تیپی گۆڕەپان و مەیدانی كچانی شێروانە ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو یاری گۆڕەپان و مەیدانت هەڵبژارد؟
- هەر لە منداڵیەوە خولیا و ئارەزوویەكی تایبەتم بۆ یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هەبووە لە تەمەنێكی بچووكەوە دەستم پێكرد كە هەموو سالێك بەشداریم دەكرد لە فیستیڤاڵی ساڵانەی چالاكی وەرزشی قوتابخانەكان.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
-نەخێر بۆ من وەرزشێكی ئاسان و خۆشە.
*بۆچی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- گرنگی نەدان بەم یارییە لەلایەن لایەنی بەرپرس و لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و نەبوونی كادری پسپۆڕ لەم بوارەدا وای كردووە ئەم یارییە لە ئاستی پێویستدا نەبێت كەچی بە بووكی یارییەكانیش ناسراوە.
* هەست ناكەی ئەم یارییە لە ئاستی كچان پێشوازی باشی لێ نەكراوە لە شارەكان؟
- بە دڵنیایی هەموو جوولە و یاری كرانەوەیەك پێویستی بە ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنی كۆمەڵگەوە هەیە، یان پێویستی بە هاندان و پشتگیری ماددی و مەعنەوی هەیە، بەداخەوە لە كوردستان ئەم هەلە نەڕەخساوە یان باشتر بیڵێن پشتگوێ خراوە و گرنگی بە یارییە تاكەكان نەدراوە.
* ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-بەداخەوە گرنگی بە یارییەكان نادرێ بە تایبەتی كچان، كەچی تیپ و یاریزانی زۆر باش هەیە لە كوردستان دەتوانن كێبڕكێ بكەن لە سەر نازناوەكان.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- یەكەم دەبێ متمانە دروست بكرێت تاوەكو یاریزانی كچ هەست بە دڵنیایی بكات لە هەموو ڕوویەكەوە، دووەم خولێكی تایبەت بكرێتەوە بۆ دروست كردنی ڕاهێنەر، سێیەم هاندانی هەڵك وە ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار بۆ تێگەیشتنی خەڵك لەم یارییە تاوەكو بە چاوێكی تایبەتەوە نەڕواننە ئەم یارییە بە تایبەت بۆ كچان.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
-بەرنامەم وایە بە داهاتوودا ببم بە یاریزانێكی باش و سەركەوتوو لە بوارەكەی خۆمدا.
*یانەی شێروانە چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
- یانەكەم هاوكارێكی باشی منن بەتایبەت هەردوو ڕاهێنەران م بەهار رەحیم و م بەختیار كە زۆر ماندوون لەگەڵمان.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
- یەكەم ئاستی ڕۆشنبیری كۆمەڵگە، دووەم نەبوونی متمانە لای كچان و كەس وكارییان، سێیەم گرنگی نەدان بەم یارییە بەتایبەت بۆ كچان.
* خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-خەونم ئەوەیە ڕۆژێك لە ڕۆژان بتوانم ببم بە یاریزانێكی جیهانی و بەشداری ئۆڵۆمپیاد بكەم.
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
- بێگومان بەلێ ئەوە خەونی هەموو یاریزانێكی كوردە.
*ئەگەر لە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان كە بەردەوام و بەبێ‌ جیاوازی خزمەتی سەرجەم وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان دەكات لە تەواوی كوردستان.

Top