کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە سیاسەتی پارتیدا
بە درێژایی مێژوو، کەرکووک بەلای پارتییەوە گرنگ و بە بایەخی زۆر تایبەتی هەبووە، بەشێوەیەک کە هەر کاتێک باس و خواس هاتبنە سەر چۆنیەتی ئیدارەدانی کەرکووک، پارتی باوەڕی تەواو و پتەوی بە کوردستانییەتی شارەکە هەبووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو پێ بە پێ گوزەر بە هەڵوێستەکانی پارتی لەبارەی کەرکوکەوە بکەین، زۆرباش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لە هیچ یەک لە قۆناغە دژوارەکان، پارتی ئامادەنەبووە دەست لەسەر یەک بست لەسەر خاک و کوردستانیبوونی کەرکووک هەڵگرێت.
ئەم هەڵوێست و جیاواز بینیەیی پارتی بەرامبەر بە کەرکووک زۆرکات بەلای عەرەبە توندڕەوەکان و هەتا ئەو وڵاتانەی کە کەرکووکیان کردۆتە مەیدانی کێبڕکێکانیان جێگەی تێڕامان بووە، بەوپێیەی چۆن پارتی هێندە مکوڕ و باوەڕپتەوە لەسەر کەرکووک.
بەرنامە و سیاسەت و تێگەیشتنی پارتی بەرامبەر بە کەرکووک لە قوڵایی دیدی بارزانی نەمر و ڕێبازی بارزانی سەبارەت کەرکووک ڕوون دەبێتەوە، ڕەنگە مساوەمەنەکردن لەسەر کەرکووک لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە بۆ حکوومەتەکانی پێشووی عێراق باشترین سەلمێنەری ئەو فاکتە مێژووییە بێت.
بێگومان سیاسەتەکانی سەرۆک بارزانی و سیاسەتی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەمان رێچکە و ڕێگایە، کە ئەویش بەردەوامیدانە پاراستنی کوردستانییەتی کەرکووک و ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە ڕاگواستن یان تەعریب یاخود ئازار و زوڵم و ستەمی نەیاران بێت دژی کەرکووکییەکان.
هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی لە قۆناغی دوای نووسینەوەی دەستووری عێراق، تاوەکوو ڕابەرایەتیی شەڕی داعش لە پاراستنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، پاشان سەلماندنی کوردستانییەتی کەرکووک لە ڕێگەی ڕیفراندۆم لە ساڵی 2017دا، سەلمێنەری ئەوەیە، شاری کەرکووک خاوەنی هەیە و هەرچەندی تەعریب و ڕاگواستن و بەعەرەبکردن بکرێتە بەرنامە، بەڵام هێزێکی نەتەوەیی، سازش لەسەر شارەکە ناکات.
لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە، پارتی بەردەوام هەوڵیداوە کە پارێزەری رەسەنایەتی کەرکووک بێت، گەرچی ئاڵنگارییەکانی بەردەمی نەک زوڵم و ستەمـێکی لە پشتەوە بوو بەڵکو دەوڵەتانی ناوچەکە هەمیشە لە بیر و باوەڕی بەرامبەر کەرکوو سڵیان کردووەتەوە.
لەبارەی ئەو پەرتەوازەییانەی کە لە کەرکووک هەبووە زۆرجار پارتی تاوانبار کراوە لە کاتێکدا پارتی بەردەوام داوایی ئاشتەوایی و سیاسەتی نیشتمانپەروەرانە و یەکدەستی کردووە لە کەرکووک کردووە، بۆ ئەوەش بەردەوام هەنگاوی جدی و لۆژیکی هاوێشتووە.
لە کاتێکدا بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازی مێژووی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڕۆین، گرنگ و پێویستە کە لە پێش چاوی هەمووان ڕوون بێت، کە خەسڵەت و ئەدای کارکردنی ئێستای پارتی بۆ کەرکووک لەسەر ئاستی نەتەوەیی و پاراستنی ماف و داخوازییەکانی هاونیشتمانیانی کەرکووکە. هەڵبژاردنەکە هێندە گرنگە کە ئیدی وەکو هەمیشە دەبێت قەبارە و سەنگ و پێگەی کورد لە کەرکووک دیار و بەرچاو بێت، بۆ ئەم خواستەش کەرکووکییە تێکۆشەر و دیکتاتۆر ڕەتکەرەوەکان، سیاسەتێکی ڕاستەڕێی نەتەوەییانە هەڵدەبژێرن.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە ڕەسەنە مێژووییەکانی کەرکووک هەیە، بەڵام لەگەڵ سیاسەتی ناڕوون و خۆ تەسلیمکردوو بێگومان بە ئاسانی هەڵناکات، بێگومان ئەوەی مەبەستی بێت لە کەرکووک لەگەڵ پارتیدا بسازێت، پێویستە لەسەر شاڕێگەی کوردایەتی و پارێزگاریکردن لە خاکی کەرکوک سڵ لەهیچ ئاستەنگ و ناڕەحییەت نەکاتەوە و بوێرانە لەسەر ئەم ڕێگە ڕاستەدا هەنگاو بنێت، لە پەیڕەو پڕۆگرامی پارتیشدا ئەم خاڵە بە گرنگییەوە وا باس کراوە؛ کە پارتی باوەڕی بە فرەپێکهاتەیی لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک هەیە و دان بە مافی پێکهاتەکاندا دەنێت، خەبات دەکات بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگایەک، لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون و یەکسانی و ڕێزگرتنی مافی هەمووان، بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز و ئایین و مەزهەب و جیاوازییە کولتوورییەکان.
سەبارەت بە میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک، بەهەمانشێوە لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتیدا هاتووە: چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێڕاقی فیدڕاڵ بەپێی دەستووری هەمیشەیی و جێبەجێکردنی تەواوی بڕگە و ماددەکانی وەکو خۆی.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەرنامە تۆکمە و پتەوەکەی پێگە و سەنگی حەقیقی کورد لە کەرکووک نیشانی هەموولایەک دەداتەوە ئەمەش بە هەوڵدان بەرەو بەدیهێنانی داواکاریی هاووڵاتیانی کەرکووکی دڵی کوردستان.