کەرکووک، لە دەریای نەوتدا مەلە دەکات و لە خاشاکدا دەخنکێ
کەرکووک، ئەو شارە دەوڵەمەندەی کە لەسەر دەریایەک نەوت لەنگەری گرتووە، ئێستا بووەتە حاویەیەکی گەورە لە زبڵ و خاشاک و پاشماوە، کەس لە خەمی ئەوەدا نییە ئاوڕێکی لێ بداتەوە.
سەرەڕای دەوڵەمەندیی شارەکە، کە سامانی نەوتی بە جۆرێکە، ئەبوایە دانیشتوانەکەی لە باشترین خۆشگوزەرانییدا بژیابان، کەچی زبڵ و خاشاک تەنگی بە دانیشتوانەکەی هەڵچنیوە و شارەکە بووەتە جێگای مەترسی بۆ ژیان و سەرچاوەی نەخۆشی، لەبەرئەوەی شارەکە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سەپێمدراوەوە پشتگوێ خراوە و ئەوەندەی گەندەڵی و دزیی لێ دەکرێت، خزمەتی ناکرێت، کە دەبوایە ناوازەترین شار بوایە لە ناوچەکەدا و خەڵکەکەی بە شیاوترین ژیان پێناسە بکرانایە، بەڵام ئەوە نەکراوە و گەورەترین غەدری دەرهەق کراوە.
سەیرە شارێک لەسەر زەریای نەوت لەنگەری گرتووە، کەچی زۆرترین ڕێژەی هەژاری و بێکاری لەناو دانیشتوانەکەیدا هەیە، شارەکە لە لادێیەکی دواکەوتووی دوور لە شارستانی دەچێت و نوقمی زبڵ بووە و بووەتە حاویەیەکی گەورەی خاشاک. دیسان سەیرە شارێکی دەوڵەمەندی وەک کەرکووک، کە چاوی دونیای لەسەرە، مانگانە پارەی پاککردنەوەی شار لە ڕێی موەلیدە ئەهلییەکانەوە لە خەڵک دەسێندرێت، کەچی دزی لەو پارەیەش دەکرێت.
لێرەدا دەکرێت لە ئیدارەی شار بپرسین، کە تا کەی ئەبێت تەنیا لە خەمی گیرفانی خۆتاندا بن و کەرکووک بەو دەردە بەرن و نوقمی زبڵ و نەخۆشی و هەژاریی بکەن، چونكە شاری کەرکووک ئەگەر بودجەی ناوەندییشی بۆ تەرخان نەکرێت و تەنیا بە شێوەیەکی شەفاف پارەی پەترۆدۆلاری بۆ خەرج بکرێت، دەبێتە نموونەی شارێکی مۆدرێن لە جیهاندا و خەڵکەکەی دەچێتە ڕیزبەندی خەڵکانی پێشکەوتووی دونیاوە، بەڵام لەسایەی دەسەڵاتدارانی عێراق و ئیدارەی شارەکە و حوکمی سەربازی، وا دەبینین کەرکووکی پایتەختی میتان و گۆتیەكان بووەتە حاویەی زبڵ و سەرچاوەی نەخۆشی و مەڵبەندی هەژاران.
بۆیە خەمی گەورەی کەرکووک دەکەوێتە ئەستۆی هەرێمی كوردستان و دەبێ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ کاری جدی لە وەگەڕخستنەوەی مادەی 140 بکات و کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی دیكەی کوردستان، کە بە ناوچەی كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان ناسراون، بەپێی دەستووری عێراقی، لەو دوژمنکارییە ڕزگار بکات و ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، تا ژیان بگەڕێتەوە بۆ کەرکووکی دڵی کوردستان.