سەرژمێری لە کەرکووک ئاراستە، هەنگاو، چارەسەر
سەرەتا
حکومەتی عێراق پلانەکانی بۆ ئەنجامدانی یەکەم سەرژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێبوون لە ماوەی ٢٧ ساڵدا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ڕاگەیاند.
سەرژمێری گشتیی، پلان و نەخشە ڕێگا و کاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت، یەکێکە لە بنەماکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دابەشکاری بازنەکانی هەڵبژاردن و دیاریکردنی میکانیزمی هەڵبژاردنەکان. لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە، زانیاری پێویست سەبارەت بە (کۆی دانیشتووان، ڕەگەز، ئایین، تەمەن، ڕەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتی خێزان) بەدەست دێت.
بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، هەر ١٠ ساڵ جارێک سەرژمێری ئەنجام دەدرێت.
سەرژمێری لە عێراق
دوایین سەرژمێری لە عێراق ساڵی ١٩٩٧ـە کە ژمارەی دانیشتووانی بە ٢٢.٣٣ ملیۆن کەسی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی ساڵی ٢٠٢٢ی بە نزیکەی ٤٢ ملیۆن کەس خەمڵاندووە، کە ڕێژەی گەشەی ساڵانەی ٢.٥% بووە.
بۆ یەکەمجار لە سەرژمێریی ٢٠٢٤ی عێراق، تەکنەلۆژیا بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان بەکاردەهێنرێت.
جێگەی ئاماژەیە، لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ بۆ ١٩٩٧ هەشت سەرژمێری ئەنجام دراون، ئەوانیش سەرژمێری ساڵانی (١٩٢٧، ١٩٣٤، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧)ن.
لەنێو ئەو سەرژمێریانەش، سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ پێکهاتەکی ڕوون و ئاشکرای هەبوو، بە تایبەت لە داتا و دابەشکاری بەرچاوی دانیشتووانی کورد، بەڵام گۆڕانی ڕژێمە جیاجیاکان و هاتنە کایەی پارت و مەزهەبی نوێ، ئیدی پرسەکان بەرەو خراپی ڕۆیشتن کە خراپترینیان پرۆسەی تەعریبە.
سەرژمێری لە پارێزگای کەرکووک
گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای کەرکووک
لە سەردەمی کۆن و نوێ، بەردەوام گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای کەرکووکدا کراوە، لە کاتێکدا دانانی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق، بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون، بەڵام تاوەکو ئێستاش دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە، بەڵکو بەردەوام بە بیانووی جیاجیا دواخراوە.
جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ کە بەندە هەر سەرەکییەکەی ئەنجام دانی سەرژمێرییە، بۆ خۆی مایەی نیگەرانی و گومانە. بەتایبەت لە بۆشایی پشتگوێخستنی ماددەکە، ئەو کەسانەی کە پێیان دەوترێت (عەرەبی هاوردە) یاخود ئەوانەی تەعریب کراون، بە ڕەسمی لەسەر پارێزگای کەرکووک هەژمار دەکرێن، چونکە ژمارەی عەرەبە هاوردەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە ئێستا نەک
ماڵ بەڵکو گەڕەکی گەورە و تایبەتیان لە کەرکووک هەیە و ژمارەیان زیادی کردووە، ژمارەکان هێندە مایەی گومان و مەترسیین، کە کاریگەری دەخەنە سەر ئاست و ڕێژەی دانیشتووانی کەرکووک بۆ نموونە حەوت گەڕەکی نوێ بۆ عەرەبەکان دروستکراوە، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار عەرەبیش هێنراوەتە شارەکە.
مەترسییەکە لێرەدا ئەوەیە، بەهۆی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ڕووداوە جیاجیاکانی کەرکووک، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار خێزان کەرکووکیان جێهشتووە کە زۆرینەیان کوردن و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
لە ڕاستیدا ئەمجۆرە لە هەنگاونان بەرەو سەر ژمێری گشتی تەعریبێکی نوێیە لەژێر باڵی دەستور و یاسادا، دەنا خۆی ساڵی ٢٠١١ گرفتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبوو، بەڵام چونکە نەتەوەی عەرەب نێوماڵیان یەک نەبوو دوایانخست.
لەگەڵ هەموو ئەوانەش، پرسەکە بووەتە ئەمری واقع و گرنگە بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، هەوڵەکان لە چوارچێوە و شێوەیەکدا بن کە بارتەقای پاراستنی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بێت.
هەنگاوە سەرەکییەکان بەرەو ئاراستەی چارەسەری
یەکەم: کۆبوونەوە و ڕوئیای هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی سەر ژمێری لە کەرکووک.
دووەم: هاندانی هاووڵاتیانی ڕەسەنی کەرکووک لەناوچەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شارەکە و لە سەرژمێری بێبەش نەبن.
سێیەم: بەشداری و گەڕانەوەی هاووڵاتیان، زامنی کوردستانیبوونی هێشتنەوەی کەرکووکە.
چوارەم: گرنگە، ئاوارەکانی کەرکووک، خانەقین، شەنگال، دووزخورماتوو، دووبز، لە ساتی سەرژمێریدا بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
پێنجەم: کار ئاسانی هاتوچۆ و زامنی گەڕانەوە و مانەوەی ئاوارەکانی کەرکووک بۆ زێدی خۆیان.
شەشەم: بەکارخستنی ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی، تا ئەوەی هاندانێکی تەواوەتیی و سەرتاسەری پێوە دیار بێت، بۆ بەشداری و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ کەرکووک.
حەوتەم: گەڕانەوەی ئاوارەکان و سەرژمێرییان لە کەرکووک، بەندە بە پاراستنی ناسنامە و کلتور و ڕەسەنایەتیی خاکی کوردستان لە کەرکووک.
هەشتەم: زیادبوونی ڕێژەی نەتەوەکانی تر لە کەرکووک، کاریگەری دەخاتە سەر پرۆسەی دابەشکاری نوێنەرایەتی سیاسی لە دامەزراوەکاندا، لەو سۆنگەیەوە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ فراوانی بەشداری و گەڕانەوە هاووڵاتییە کەرکووکییە نیشتەجێبووەکان، لە شارەکانی تری هەرێم، زامنی پاراستنی کوردستانیبوونی کورد دەکات.