یونیسێف: هاوینی ئەمساڵ لانیکەم ٩٩٠ پەنابەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە

یونیسێف: هاوینی ئەمساڵ لانیکەم ٩٩٠ پەنابەر لە دەریای ناوەڕاست گیانیان لەدەستداوە

  

یونیسێف ڕایگەیاند، هاوینی ئەمساڵ ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون سێ هێندە زیادیکردووە لە دەریای ناوەڕاست، کە بووەتە ڕێڕەوێک بۆ کۆچبەرانی نایاسایی.

 

 

سندوقی جیهانی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون لەم هاوینە لە ناوەندی دەریای ناوەڕاست کە بووەتە ڕێڕەوێک بۆ کۆچبەرانی نایاسایی، بەراورد بە ساڵی پێشوو ٣ هێندە زیادی کردووە". لەوانەیە ئەم ژمارەیە زیاتر بێت چونکە هەندێک ڕووداوی بەلەم تۆمار نەکراون.

ئەم کەسانە کە بەنیازن لە ئەفریقاوە بچنە وڵاتانی ئەوروپا بە هیوای بەدەستهێنانی "ژیانێکی باشتر"، لە ناوەندی دەریای ناوەڕاستدا دەمرن یان دیارنامێنن، لە نێوان مانگی حوزەیران و ئابی ئەمساڵدا لانیکەم ٩٩٠ کەس کە منداڵیشیان لەگەڵدایە، یان گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو سێ ئەوەندە زیادی کردووە کە ٣٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، دەریای ناوەڕاست بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێگاکانی کۆچکردن. لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە بێ دایک و باوک یان کەسوکاریان دەریای ناوەڕاستیان بەزاندووە و گەیشتوونەتە ئیتاڵیا بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٦٠% زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١١ هەزار و ٦٠٠ كەس.

ڕیجینا دی دۆمینیسیس، بەڕێوەبەری هەرێمی یونیسێف بۆ ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست کە بۆچوونەکانی لە بەیاننامەکەدا هاتووە، گوتی: دەریای ناوەڕاست بووەتە گۆڕستانێک بۆ منداڵان و داهاتوویان. "زیادبوونی ژمارەی ئەو منداڵانەی داوای مافی پەنابەری و ئاسایش دەکەن، دەرئەنجامی هەڵبژاردنی سیاسەتەكان و سیستەمێکی گەندەڵی کۆچبەرییە ".

ئەو کۆچبەرانەی کە لە ناوەندی دەریای ناوەڕاست دەپەڕنەوە دەگەنە دوورگەی لامپێدوسای ئیتاڵیا نزیکە لە باکووری ئەفریقا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لە 1ی 1 تا 27ی ئەیلولی ئەمساڵ، 133 هەزار و 131 کۆچبەری نایاسایی بە بەلەم هاتوونەتە ئەو دوورگەیە، کە ژمارەیان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 70 هەزار و 320 کەس.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە ٢٢ی ئەیلولدا لە ڕۆژنامەی فەرمی ئیتاڵیا بڵاوکراوەتەوە، حکومەتی جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بڕیاریدابوو داوای قەرەبووکردنەوەی 4،938 یۆرۆ بکات بۆ ئەوەی لە زینداندا نەمێننەوە هەتا کەیسەکانیان چارەسەر دەکرێت.

 

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top