پارتی دیموكراتی كوردستان وهڵامێكی توندی ڕاكان جبوری دایهوه
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
لە هەموو کاتێکدا، پارێزگاری بە زۆر بە سەر هاووڵاتییانی کەرکووکدا سەپێنراو لە هەندێک موزایەدەی بۆشدا کە لەلای هەمووان ئاشکران، بە زنجیرەیەک لێدوانی دوور لە ڕاستی و بێ سادەترین پێوەرەکانی لۆجیکەوە دەردەکەوێت .
لە کاتێکدا خەڵکی هۆشمەند و خاوەن پرەنسیپی ڕەسەن لە گشت پێکهاتەکانی پارێزگاکە لە هەوڵی بێوچاندان بۆ پاراستنی ئاشتی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی ئاشووبدان، ئەو پارێزگارە کە بە زۆر و ساختە بە سەر کەرکووکدا سەپێنراوە بە لێدوانی توند و پووچەوە دەردەکەوێت، وەک هەوڵێک بۆ لێدانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە ڕێی ئەو لێدوانانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک بوختان و قسەڵۆک دەدات کە سادەترین پێوەرەکانی لۆجیکیان تێدا نییە..
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و سوپا و لایەنە جۆراوجۆرەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان نووسینگە و بنکەی سەربازی و بارەگای ئەمنییان هەیە کە لە هەموو شوێنێکی شارەکەدا بڵاو بوونەتەوە، هەروەها ژمارەیەک گرووپی چەکدار بە بوونی چەکدارانەیان لە ناو پارێزگاکەدا دەستوور پێشێل دەکەن. لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیشدا کۆمەڵە هەنگاوێک هەن بۆ ڕێکخستنی دۆخی دۆسیەی ئەمنی بە هاوکاریی تەواو لەگەڵ گشت پێکهاتە ڕەسەنەکان لە شارەکەدا...
لەبەر ئەمە، وەرگرتنەوەی بارەگای فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی نییە بە کاری دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ناو پارێزگاکە و، نابێت هەردوو دۆسیەی ئەمنی و سەربازی تێکەڵ بە یەک بکرێن، بە تایبەتی لە پارێزگایەکی هەستیاری وەک کەرکووک...
وەرگرتنەوەی بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زامنکردنی کاری ئازادانەی حزبی و سیاسیی مافێکە دەستوور و یاسا و هەموو نەریتە سیاسییەکان دەستەبەری دەکەن و، دۆسیەیەکی جودایە لە دۆسیەی دۆخی ئیداری و ئەمنیی پارێزگاکە...
ئەم لێدوانە نابەرپرسانانەی پارێزگاری بە زۆر و ساختە سەپێنراو تەنیا هەوڵی ڕقاوی و بێهوودەن و ئەو ئەجیندا گوماناوییانەی لە پشتیانەوەن لای هەمووان ئاشکران.. ئەو بەرژەوەندیە کەسییە تەسکانەشی هەوڵی ڕێگری لە پێشکەوتن بەرەو چارەسەری هەمیشەیی لە کەرکووک نوێ نین و لای کەس شاراوە نین..
پەیمان بۆ هاووڵاتییانمان لە کەرکووک و گشت هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و نیشتمانییە دڵسۆزە هاوکارەکان نوێ دەکەینەوە کە لە کاری چڕی خۆمان بۆ گێڕانەوەی دۆخی ئاسایی بۆ ئەم شارە ئازیزە و گێڕانەوەی هەموو شتێک بۆ دۆخی ڕاست و دروستی خۆی بەردەوام دەبین و، هەموو ئەو زوڕنایانەی هەوڵی تێکەڵکردنی کارتەکان دەدەن و قسە و قسەڵۆکی پووچ بڵاو دەکەنەوە دەمکوت دەکرێن..
ئیرادەی هاووڵاتییانی کەرکووک بە هەموو پێکهاتە و ئینتیمایەکیانەوە سەردەکەوێت، کە ئیرادەی حەق و پرەنسیپە ڕەسەنەکانە..
بەشی ڕاگەیاندنی
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
29ی ئەیلوول 2023