سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان ده‌كات

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان ده‌كات


يادى شه‌ست ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان به‌ گه‌رمى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى و كارمه‌ندان و گوێگرانى، هه‌روه‌ها له‌ ته‌واوى گه‌لى كوردستان پيرۆز ده‌كه‌م، هيواى به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان خاوه‌ن مێژوويه‌كى پرشنگداره‌. يه‌كه‌م ده‌نگى شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازى گه‌لى كوردستانه كه‌ په‌يامى ڕه‌واى دۆز و گه‌لێكى سته‌مديده‌ى ئازاديخوازى به‌ جيهان گه‌ياند. ده‌نگێگ كه‌ له‌ ڕۆژگارى سه‌ختى خه‌بات و تێكۆشاندا، بووه‌ هيوا و ئومێد و جێى بڕوا و متمانه‌ى خه‌ڵكى كوردستان.

ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان، هه‌ر به‌ ته‌نيا ڕاديۆيه‌ك نه‌بوو، به‌ڵكوو سه‌رده‌مێكى دوورودرێژ، بووه‌ مه‌ڵبه‌ندێكى گه‌شى په‌ره‌پێدانى ڕۆشنبيرى و هۆشيارى و بيرى سياسيى كوردستانييان و ده‌نگى دلێرى به‌ره‌نگاربوونه‌ى سته‌م و ديكتاتۆرى و داگيركارى. بووه‌ قوتابخانه‌يه‌ك، به‌ ده‌يان و خامه‌ و ناوى ديارى له‌ بوارى نووسين و ڕاگه‌ياندن و ڕۆژنامه‌گه‌ريدا پێگه‌ياند.

له‌ كاتێكدا ئێزگه‌ى ده‌نگى كوردستان، دواى شه‌ست ساڵ، ئه‌مڕۆش هێشتا له‌ ئه‌رك و خزمه‌ت به‌رده‌وام و کارایه‌، ده‌ستخۆشى له‌ يه‌كه‌ به‌يه‌كه‌ى ستافه‌كه‌ى ده‌كه‌ين و به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ دڵسۆزى و ڕه‌نج و ماندووبوونى هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌ڕوانين كه‌ له‌ هه‌ر سه‌رده‌مێكدا بێت، شانازيى خه‌بات و خزمه‌تكردنيان له‌ ئێزگه‌ هه‌بووه‌.

هه‌ميشه‌ سه‌رفراز و سه‌ركه‌وتوو بن.


نێچيرڤان بارزانى
2023/9/28

Top