سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی خاتوو حەلیمە تەقیپوور، لێکۆڵەر و مێژوونووسی کوردی خوراسان بڵاو کردەوە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە: "بەداخەوە، هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو حەلیمە تەقیپوور، لێکۆڵەر و مێژوونووسی کوردی (خوراسان)م بیست، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و ئازیزانی، بەتایبەتی هاوژینە بەڕێزەکەی، نووسەر و لێکۆڵەری ناسراوی کورد مامۆستا کەلیموڵلا تەوەحوودی دەکەم و هاوبەشی خەمیانم."
سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت: "خوالێخۆشبوو خاتوو حەلیمە تەقیپوور و مامۆستا کەلیموڵلا، خزمەتێکی زۆریان بە کولتووری کوردی و بە تایبەتی پەرەپێدان و زیندووڕاگرتنی مێژوو و فەرهەنگی کوردی خوراسان کردووە. خوای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت."