خشت و بلۆكی قوڕی سوركراو(كورەكراو)
بەكارهێنانی كەرەستەكانی بیناسازی لە جیهانی تازەی ئەندازەیی دروستكردنی باڵەخانەو خانووەكان چەند جۆرێكیان هەن، هەر یەكێكیان سوود و گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام جۆرێكیان كە بە بلۆكی قوڕ یان خشت ناسراوە، تایبەتمەندی و گرنگیی خۆی هەیە، وەكو چۆن لە سەردمی پێشوودا لە دروستكردنی ماڵ و خانووی كوردەواریی كۆندا بەكار دەهێنران. خشت هەڵقوڵاوی خاك و سرووشتە، دەتوانرێ بێ دینگە (پایە) سێ تا چوار نهۆم لەسەریەك دروست بكرێت و زۆر پتەوە ناڕزێت و بە هەزاران ساڵیش هەڵوەرینی نییە، چونكە لە خاك و خۆڵەوە سەرچاوەی گرتووە، وەك شەربەو كوپەو جەڕەی كۆن، كە هاوینان ئاوی سارد دەكرد و زستانیش شیرتێن، واتا كەرپوچی قوڕ لە زستان نەك بە تەنیا نەگەیەنەرە (عازل) بەڵكو گەرمییش دەداتە ژورەوە و هاوینیش فێنكە، كێشی لە نیوەی بلۆكی چەمنتۆ كەمترە. خشت لە دیوی دەرەوە پێویستی بە لەبغكردن نییە و زۆر جوانە، كەچی بلۆكی چەمەنتۆ مەسرووفی فلیكۆتیشی دێتەسەر، خشت وەك شەربە وایە، یەك قەترە ئاو ناداتە ژورێ، واتا مەسرووفی لەبغ و فلیكۆتیشت لەكۆل دەكاتەوە، دەكرێ لە ژوورەوەش سپی نەكرێ و دیكۆرێكی سەرنجڕاكێش دەبێ، لە كاتی دروستكردنی دیواردا دەكرێت سیمی كارەبا بە ناو كونی خشتەكاندا ڕاكێشیرێت و وایەرەكەش لە كاتی خراپبوون دەگۆڕێت، تێچوی سپی كارییش دەگەڕێنێتەوە و لە كۆتاییدا نرخەكەی وەك بلۆكی چیمەنتۆ یەكسان دەبێ و لەوانەیە زۆر هەرزانتریش بوەستێ، چونكە بلۆكی قوڕ نەگەیەنەر دەنگیشە وەك بلۆكی چەمەنتۆ دەنگ ناداتەوە.