"مێسیی بەغدا" لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشدار دەبێت

فیلمی بڵندی "مێسی بەغدا" لە دەرهێنانی سەهیم عومەر خەلیفە، دەرهێنەری کورد، لە دوای بەشداربوونی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا، بڕیارە لە چەند فێستیڤاڵێکی دیکەدا بەشداربێت و کێبڕکێ بۆ بردنەوەی خەڵات دەکات.

ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 43مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی هۆڵەندا بەشدارە کە چالاکییەکانی لە 22-29ـی ئەیلوولی 2023 لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و لە بەشی پێشبڕکێدایە.

ئەم بەرهەمە لە 28مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سچڵینگڵ" لە ئەڵمانیا بەشدارە کە تایبەتە بە فیلمی منداڵان و گەنجان و لە 23 تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2023 بەڕێوەدەچێت.

لەلایکی دیکەوە، "مێسیی بەغدا" لە بەشی پێشبڕکێی 42مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "Abitibi-Témiscamingue" لە کەنەدا، لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی 'BioPic' لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی فیلمی عەرەبی لە رۆتردام بەشدار دەبێت.

هەروەها لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی 'زسیگمۆند ڤیلمۆس" بەشدار دەبێت کە چالاکییەکانی لە 24-28ـی تشرینی دووەمی 2023 لە هەنگاریا بەڕێوەدەچێت و تایبەتە بە بواری وێنەگرتنی سینەمایی.

فیلمەکەی خەلیفە پێشتر لە بەشی پێشبڕکێی 15یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئۆستێندە" لە شاری ئۆستێندەی کەنار دەریایی بەلجیکا بەشداربوو کە چالاکییەکانی لە سەرەتای ئەمساڵ بەڕێوەچوو، هەروەها لە ئازاری 2023 لە سینەماکانی ئەو وڵاتە نمایشکرا.

لە حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەم بەرهەمە سینەماییە لە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگەهای بەشداربوو و بەربژێری سێ خەڵات بوو، لە هەمان مانگدا لە 63مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی زلینە لە چیک بەشداربوو.

هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن (A Team Productions) لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم (Mitos Film) لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن.

کۆمپانیای وایلد بۆنچ (Wild Bunch) کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.

کورتە فیلمی “مێسیی بەغدا” براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان کراوە.

https://youtu.be/WvDBVi7JwZQ?si=gFrMnMcYr73fY0h1

Top