(ئەندێشەیەک لەهەشت ڕاماندا)

(ئەندێشەیەک لەهەشت ڕاماندا)

ڕامانی یەکەم بەناوی:
«یەکەمجار»
ویستم لەسەر چۆنیەتی نوێژکردن و باشییەکانی بنووسم دەرگیربووم لەگەڵ ووشەو مانادا،بەنموونە؛دەستم پێکرد بنووسم،نوێژ دەکەی بۆ ئەوەی دادیی بەرپابکەیت لەهەمانکاتدا ئەبێ دادیش بێت لەکات پێدان بەنوێژ،ئەی"یەکەمجار"چۆن دادیی بنوێنم!

ڕامانی دووەم بەناوی:
«ئاوەز»
شاد کوردێکی تاراوگە و قوتابی قۆناغی دووی بەشی فەلسەفەی ووڵاتی ئەڵمانیایە،پرسیارێک لای ئەکبەر کوڕە لادێ دەشتی کۆیە ئەورووژێنێ بەوەی کەئایا کامە ئایین ڕاستە بۆ هەڵبژاردن،ئەکبەریش گفتوگۆکە بێ دوودڵی و ڕاڕایی بەئیسلام نرخ پێ ئەدات،شادیش دوورلە داخراوی و وەڵامی ئامادە،پێچاوپێچ بوونی پرسیارەکە ئەبات بۆ پەرەپێدان و زانینخوازی و کراوەیی.
لێرەدا بەکورتی دەمەوێ چیڕۆکی ئەکبەرو شاد لەناو کۆی دۆخی ئاوەزیی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییدا باسبکەم.

ڕامانی سێیەم بەناوی:
«گومانبردن نەخواستە ببێتە دیاردە»
بەشی یەکەمی؛
پیاوێک گومانی دەباتە سەر پیاوێک بەبیانووی ناپاکی لەگەڵ هاوسەرەکەی،پیاوی گومانلێکراویش بێئەوەی ئاگای لە گومانبردنی ئەو پیاوە گومانکەرە هەبێ،گومان لەهاوسەری خۆی دەکا بەهۆی ناپاکیکردن لەگەڵی،بێگومان کاتێک ئەو گومانانە دەگاتە ئاستی خراپ ڕەفتارکردن لەلایەن پیاوەکانەوە کاریگەری دادەنێت لەسەر پەروەردەکردن لەخێزاندا،ڕێکەوتێک دەبێت و تێکەڵاوی و یەکترناسین و ژن وژنخوازی لەنێوانی ڕۆڵەی ئەو خێزانانە ڕوودەدا لە ئایندە!

بەشی دووەمی؛
ئایندە هات،هاوڕێیەتیەک و هاوسەرگیریەک و هاوسەنگەربوونێک و گیانی خوێن بەخشین بۆیەکتری بۆبە بەشێک لەژیانی نەوەی ئەم خێزانانە،بەدیاریکراوی ئەوان ئەو نەوانەبوون کە هاوبەشبوونیان لەپڕۆسەی پەروەردەیان ناشیرین بوو بەیەک جۆر دیاردە.
لەمامەڵەکردن لەگەڵ یەکتریدا بەناخودئاگایی ڕەنگدانەوەی ئەو ڕقبوونە لەباوکیان لەگەڵ یەکتری دەگۆڕییەوە،هەندێکیان بێئەوەی درک بکەن ئێستا واخۆیان باوکن،ئاخۆ ئەو ڕقە چۆن کاریگەری نابێ لەسەر منداڵەکانیان لەتێگەیشتن بۆ باوکایەتی.

ڕامانی چوارەم بەناوی:
«نموونەیی بوون»
ووتم با کۆشکەکەم نموونەیی بێت،ئینجا نیشتەجێ دەبم،ئەگەرنا بیرۆکەی دەستبەرداربوون لەکۆشکەکە لەخۆمدا دەڕوێنم،بەخۆمم ووت نا بەدوای نموونەیی بوون و دەستبەرداربوونەوە نابم.
لەکۆشکەکە خۆی چۆنە نیشتەجێ بووم،ووتم ڕازیم بەنموونەیی بوونێکی وەک خۆیی بۆ واقیعی کۆشکەکە، لەگەڵ خۆمدا هەڵم ئەکردوو ئاشت بووم.
لەکۆشکەکەدا بیرۆکەی دەستبەرداربوون تیامدا زیندوو بوویەوە،ووتم ڕازیم بەنموونەیی بوونێکی نەرێنی بەرامبەر کۆشکەکە،دووبارە لەگەڵ خۆمدا هەڵم ئەکردوو ئاشت بووم،گەڕامەوە بۆ شوێنی پێش هاتنم بۆ کۆشکەکە دیسان ووتمەوە....

ڕامانی پێنجەم بەناوی:
«ئازادی»
دایکێک بەکوڕەکەی دەڵێت ئازادی لەگەڵ ئەم مرۆڤەدا هاوڕێیەتی و هەڵسوکەوت بکەیت بەڵام کە ئێوارە هاتێتەوە دەمەتەقێ من تۆ دووبارە دەست پێدەکاتەوە لەسەر ئازادی تۆ لەدەستنیشانکردنی هاوڕێدا، کوڕێک کەلە لوتکەی هۆشمەندی و هۆشیاریدایە،عەوداڵی دایکێکە گەنگەشەو شەن و کەوی مەبەست و ماناکانی هاوڕێیەتی بۆ ڕاڤە نابێت.

ڕامانی شەشەم بەناوی:
«بلیمەتەکان»
کارەسات ڕوودەدات بەنموونە؛هاوڵاتیانی دوو نەتەوەی جیا لەناو یەک خاکدا سەرباری سیخناخبوون بەڕاجیاوازی لەسەر یەکلانەبوونەوەی ڕیشەی مێژوویی نەتەوەییان بەنادیاریی،یەکتری تۆمەتبار بکەن بەبزریی لەڕەچەڵەک و بنەچەکانیان،ئەوا بلیمەتەکانن بەبێلایەنبوونی خۆیان دەتوانن هەردوولا ڕەخنە بکەن و دژایەتی نێوان دوو نەتەوەی جیاخوڵقێن بگۆڕن بە نەتەوەسازی و پێشکەوتنی ووڵات.

ڕامانی حەوتەم بەناوی:
«جیاکردنەوە وەک چاندنی تۆویی چارەسەر»
لەسەردەمانێک بوو مرۆڤ بۆئەوەی مافخوراو و بەشخوراو نەبێت لەبەر نەبوونی سەربەستی لەبیروباوەڕیدا،هێزی ئایدیۆلۆژی فەرمانڕەوا بوو ناچاربوو ئەوەی لەدڵیدایە لەزاریدا نەبێت و ببێت بە دەبڵ کەسایەتی،لەمێژوودا داگیرسێنەری شەری مرۆڤەکان حەقیقەتە ئیعتیبارییەکان بووە،زەڕووڕەتی قۆناغەکانی حوکمڕانی
جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵاتی وەکو شادەماری پێکەوەژیانی مرۆڤەکان لەسایەی یەکسانی و بەبێ ڕەچاوکردنی بیروباوەڕ هاتە پێشەوەو حەقیقەتە ئیعتیبارییەکانی نەکردە چەقی مافپێدانی مرۆڤەکان،دەریایەک خوێنی لەپێناودا ڕژاو تا بووە فۆڕمی بەڕێوەبردن.

ڕامانی هەشتەم بەناوی:
«دروستی لەتەرازووی بیریدا»
مرۆڤێک دەڵێت ئەمە دروستییەکەیەو پەیدامکرد،مقەس قوماش دەبڕێت دیلالەتی بڕین بۆمقەس تەنها واتایە بۆی،بۆیە زۆرجار لەدەرئەنجامی بیرکردنەوەماندا دڵخۆش دەبین و وادەزانین کەشفی ڕاستەقینەمان دۆزیوەتەوەو هەموو گەردوونیشی پێ تەفسیر ئەکەین لەقالبیشی ئەدەین،بەڵام پاش ماوەیەک بیرکردنەوەمان شکڵێکی تر وەردەگرێت،ئەمەی کە بڕینی قوماش لەلایەن مقەسەوە دروستە،دیارە یەک دیلالەت تەنها مانا نییە بۆمقەس، هاوتەریب لەگەڵی ناسینی زێدە پێویست بکەین و دیدگاکان فراوان و مەعریفە سنوردار نەکەین.
(ئەکبەر یوسف)

Top