مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان : بە پشتیوانیی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست
ئەمڕۆ یەکشەممە 17/9/2023 دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ ناردنی مانگانە 700 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەسند کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە پشتیوانیی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.
ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەسرور بارزانی:
بە پشتبەستن بە خوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێککەوتنێکی گونجاو بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتیان.
سوپاس بۆ پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر کە متمانەیان بە حکوومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا.
سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە پاڵپشت و ڕێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبون بەسەر کۆسپەکاندا.
سوپاس بۆ پاڵپشتی و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراقی فیدراڵ کە پشتیوانمان بوون.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ کە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
سوپاس بۆ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بەبێ ماندووبوون و بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەر کەون.
بە پشتیوانیی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023/9/17