ئاوارە بوونی زیاتر لە ٣٨ هەزار کەس لە لیبیا
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، بەهۆی زریان و لافاوی کوشندە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، زیاتر لە 38 هەزار و 640 کەس ئاوارەبوون.
لە بەیاننامەیەکدا، ڕێکخراوی کۆچبەری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، بەهۆی زریان و لافاوێکی کوشندە لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، زیاتر لە 38 هەزار و 640 کەس ئاوارەبوون، لەو ژمارەیەش بەلانی کەم ٣٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی شاری دێرنە ناچاربوون ناوچەکانیان بەجێبهێڵن.
هەروەها ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاند، کە زیاتر لە پێنج هەزار کەس بەهۆی ئەم لافاو و زریانە گیانیان لەدەستداوە و تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان.
ڕۆژی یەکشەممە گەردەلولی "دانیال" لە دەریای ناوەڕاست چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی لیبیای گرتەوە، بە دیارترینیان شارەکانی بنغازی، ئەلبەیدە و مەڕج، سۆسێ و دێرنە بوون.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی لیبیا، ژمارەی قوربانیانی زریانی "دانیال" بۆ پێنج هەزار و 300 کەس تەنها لە شاری دێرنە زیادیکردووە، هەروەها هەزاران کەسیش بێسەروشوێنن.
گوڵان: سەردار خەلیل