بەیاننامەی دکتۆر کەمال کەرکووکی لە ساڵیادی شەست و دوو ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا

بەیاننامەی دکتۆر کەمال کەرکووکی لە ساڵیادی شەست و دوو ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا

 

لە (١١-٩-١٩٦١) ، پێش (٦٢) ساڵ شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بەڕابەرایەتیی بارزانی مستەفا دەستیپێکرد کە شۆڕشێکی گرینگی سەرتاسەریی گەلی کوردستان بوو و، بوو بە مێژوونامەی خەباتی کورد، ئەو شۆڕشەی تیایدا گەلەکەمان ملکەچیی بۆ نادادپەروەری و شەڕانگێزی و سەرکوتکاری ڕەتکردەوە و، سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی سەرکردایەتیی دەکرد، لە دژی دەسەڵاتێک کە هەموو ئەو پەیمان و ڕێککەوتنە سیاسییانەی پێشێل کرد کە دەبوونە مایەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردمان و سەقامگیری بۆ عێراق بە گشت پێکهاتە و چین و توێژەکانیەوە.

شۆڕشی ئەیلوول بەسەرکردایەتیی ڕابەری ڕوحی و نەتەوەیی و مێژوویی کورد مستەفا بارزانی دەستی پێکرد و، لە ناخی جەماوەری سەربەرزی گەلی دڵسۆزی کوردستانەوە سەرچاوەی گرت و، باوەڕی بە ھیزی گەل و بە خۆ و بە ڕەوایەتی مافی گەلی کوردستان و بە سەرکەوتن بوو، ئیرادەی بەھێزی گەلەکەمانی زندووتر و بەھێزتر کرد.

ئەو داستانانەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە و ھێزی پێشمەرگەی قارەمان لە شۆڕشی ئەیلوولدا تۆماریانیان کرد، گورزێکی پشتشکێن بوون بۆ هەموو ئەوانەی بیر لە ڕووبەڕووبوونەوی ئیرادەی چەسپاوی گەل و سەرکردایەتیی کوردستان دەکەنەوە. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشی بەرپەرچدانەوە و سەرنەوینەکردن بوو و، بناغەی گەیشتن بوو بە دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان و وانەیەکی مێژوویی بوو بۆ هەموو ئەوانەی بیر لە پیلانگێڕی لە دژی گەلەکەمان و خواستەکانی دەکەنەوە.

لەم ڕۆژە پیرۆزە و لەم یادە خۆشەویستەدا، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی برای مەرد و سەربەرز، پێشمەرگەی کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانی و، تەواوی سەرکردایەتی و کادیران و دۆست و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین؛

بە ڕێزەوە سەر دادەنەوێنین بۆ ئەو گیانە پاکانەی بە خوێنی گەشیان کاروانی خەباتی شەرەفمەندانەیان تۆمار کرد لە شۆڕشی ئەیلوول و هەموو شۆڕشەکانی گەلەکەمان لە کوردستان و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

سڵاو لە گەلی خۆڕاگرمان...

سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی قارەمان...

سڵاو بۆ گیانی پاکی ڕابەری شۆڕش سەرۆکی ڕوحیی نەتەوەکەمان مستەفا بارزانی و، گیانی پاکی کاکە
ئیدریس بارزانیی هەمیشە لەیاد..

بە ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان، کە هەموو گرەو و ئەجیندا گوماناوییەکانی دوژمنانی تێکشکاند و لەناو دەبات، بڵێسە و گڕی شۆڕشەکەمان پشتیوان بە خوا و بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و بە دڵسۆزانی گەلی کوردستان و ئیرادەی بەھێز و نیشتمانپەروەریەکەمان هەر گەش دەمێنێت و گەلی کورد و کوردستانیش لەبەر ڕۆشناییەکەی بە زیندوویی و سەربەرزانە ژیان بەسەر دەبات.

دکتۆر کەمال کەرکوکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
11-9-2023

Top