د. حەسەن كاكی فەیلی نووسەر و توێژەر بۆ گوڵان:   كوردانی فەیلی مەلا مستەفا بارزانییان خۆش دەویست، چونكە خەباتی بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەی دەكرد

د. حەسەن كاكی فەیلی نووسەر و توێژەر بۆ گوڵان:     كوردانی فەیلی مەلا مستەفا بارزانییان خۆش دەویست، چونكە خەباتی بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەی دەكرد

 

 

نووسەر و توێژەری بەناوبانگی كورد و عێراقی دكتۆر حەسەن كاكی، كە خاوەنی چەندین بڕوانامەی عێراقی و عەرەبییە و لە بوارەكانی مێژوویی و سیاسی و ئەدەبیدا چەندین كتێبی چاپ كردووە، خاوەنی بڕوانامەی فەخریی یەكێتی ڕۆشنبیرانی عەرەبە و لە چەندین ڕێكخراو و سەندیكا و یەكێتیی نووسەرانی كوردستان و عێراقیدا ئەندامە، لە ساڵی 2003 سەرنووسەری ڕۆژنامەی (الخالد) بووە، لەسەر پرسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی و ڕۆڵی كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول دیدارێكمان لەگەڵیدا ساز دا و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

 

 

* پێكهاتە نەتەوەیی و كەمینەكان لەسەرجەم ئایین و ئایینزاكان لە عێراقدا بەردەوام كەوتوونەتە بەر شاڵاوی هێرش و جینۆساید، نەتەوەی كورد بەشی هەرە زۆری ئەو تاوان و جینۆسایدەی بەركەوتووە، سەرەتای پرسیارەكەمان بەوە دەست پێ دەكەین، وەكو توێژەرێكی مێژوویی، چۆن ئەم جینۆسایدە هەڵدەسەنگێنیت، بەتایبەتی جینۆسایدی كوردانی فەیلی؟

- سەدام حوسێن زوڵمی گەورەی لە نەتەوەی كورد كردووە، كوردانی فەیلییش بە هۆی كوردبوونیانەوە لەو زوڵم و چەوسانەوەیە پشكی زۆریان بەركەوتووە. كورد لە ژێر زەبری زوڵم و چەوسانەوەدا ڕەنگە بتوانێت بژی، بەڵام هەرگیز بێ خاك و نیشتمان و ئایندەیەكی نادیار و ناڕوون زەحمەتە بتوانێت بژی. كوردی فەیلی بە ئێرانی و عەجەم و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی تۆمەتبار دەكران، دڕندەیی ڕژێم گەیشتبووە ئاستێكی وا هەموو خێزانێكی كوردی فەیلی لە شەودا لە دەنگی لێدانی دەرگاكەی دەترسا، چونكە موخابەرات و پیاوانی ڕژێم لە درەنگانی شەودا هەڵیاندەكوتایە سەر ماڵە كوردەكان و گەنجەكانیان ڕاپێچی زیندانەكان دەكرد، كە تا ئێستاش چارەنووسی زۆربەیان دیار نییە، كوردانی فەیلی بە هۆی كوردبوونیانەوە سەرەتا ڕژێم بە بڕیاری (محكمە الپورە- 666) لە 7/5/1980 ڕەگەزنامەی عێراقییانی لێ سەندنەوە و، پارە و ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەردا گیرا، ئەمەیە چارەنووسی كوردێك لە عێراقدا كە مێژوویەكی دەوڵەمەندی لە ناوچەكەدا هەیە و چەندین ئیمپراتۆریەتی هەبووە، لەوانە (كیشی و ئیلامی و میدیا و زەندی) مێژوو و بەڵگەنامەكان سەلمێنەری ئەم ڕەسەنایەتییەی كوردانی فەیلییە، كەچی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق تۆمەتباریان دەكردن بە «التبعیە الایرانیە»، تەنانەت ڕژێمی بەعس دەستی برد بۆ ناو پیرۆزیی خێزانەكان و بڕیاری ژمارە 474ی لە 15/4/1981 دەركرد و 4000 دیناری بۆ هەر سەربازێك تەرخان كرد و 2500 دیناریش بۆ كەسێكی مەدەنی ئەگەر هاوسەرەكەی فەیلی بێت و تەڵاقی بدات، بۆئەوەی ئەو ئافرەتە داماوە لە ماڵ و منداڵی بكات و ڕەوانەی ئێرانی بكات، هەر بەمەشەوە ڕانەوەستا، بە بڕیارێك ماڵ و موڵكی ئافرەتەكەی دەدایە پیاوەكە بەو مەرجەی ئافرەتێكی دیكەی عێراقیی غەیرە فەیلی بهێنێت، ئەمە جگە لە چەندین تاوانی دیكەی وەكو دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتی كوردانی فەیلی لە ناو زیندانەكاندا .

* كەواتە «التبعیە الایرانیە» بۆ ئەم جینۆسایدەی كوردانی فەیلی تەنیا پاساوێكی دروستكراو بوو؟

- هۆكاری یەكەمی جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە عێراقدا بۆ بوونی عەقڵییەتی قەومیی شۆڤێنیی دژ بە كورد دەگەڕێتەوە، دواتر بە پاساوی جۆراوجۆری مەزهەبی جەعفەری شیعە و بوونی «التبعیە الایرانیە» لای زۆربەی كوردانی فەیلی، هەر خۆی لەخۆیدا ڕەگەزنامەی عێراقی بۆ دژایەتیكردنی كورد بەكار هێنراوە، پێشتر عوسمانییەكان و ئێرانییەكان وڵاتی عێراقیان داگیر كردبوو، كاتێكیش بەریتانییەكان ئەم وڵاتەیان لە دەوڵەتی عوسمانی داگیر كردەوە، گرفتی «التبعیە العپمانیە والتبعیە الایرانیە» مابوو، ئەوە بوو لە ساڵی 1924 بڕیاری ژمارە 42ی ڕەگەزنامەی عێراقی دەرچوو، ئەو دەمە ئیدارەی بەریتانیا لەلایەن ببرسی كوكس و میسس بیل و سەرۆكی عێراق عەبدولڕەحمان ئەلنەقیب بەڕێوە دەچوو، ئەمەش پێش دەرچوونی دەستووری عێراق بوو، بەپێی بڕیارەكەی ڕەگەزنامەی عێراقی هاووڵاتییانیان سەرپشك كرد لە هەڵبژاردندا لە نێوان هەردوو «التبعیە العپمانیە و التبعیە الایرانیە)، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە (التبعیە العراقیە) بكرێت، بەمەش زۆر لە كوردەكان و عەرەبیش (التبعیە الایرانیە)یان هەڵبژارد، چونكە كەوتبوونە سەر ناوچە سنوورییەكان و ئارەزووی هاتوچۆ و سەردانی كەسوكار و كاروكاسبی و بازرگانییان لەگەڵ دیوی ئێراندا هەبوو. كورد بە سرووشتی خۆی خاك و نیشتمانەكەی خۆی خۆش دەوێت و ئەم خۆشەویستییە بەسەر هەموو مەزهەب و بۆچوون و ئایدیۆلۆژییەكانیدا زاڵە.

* باسی زاڵبوونی لایەنی كوردبوونی فەیلیت كرد، بەسەر لایەنی مەزهەبیدا، تەنانەت یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی جینۆسایدی كوردانی فەیلی بۆ خۆشەویستیی فەیلییەكان بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەیان دەگەڕێتەوە، ئایا ڕۆڵی كوردانی فەیلی لە بزووتنەوەی ڕزگارخوازی كوردستاندا چۆن بوو؟

- كوردەكانی فەیلی ڕۆڵێكی كارا و گەورەیان لە پاڵپشتی و هاوكاریكردنی مەلا مستەفا بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هەبووە. حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، هەروەكو چۆن براكەی دكتۆر جەعفەر محەمەد كەریم چالاكێكی سیاسی بوو كە پاڵپشتیی گەلی كوردی دەكرد، بۆیە هەر زوو حكومەتی پادشایەتی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانیان كرد، یەدوڵڵا كەریم و فەهیم سەعید فەیلی و دەیان كوردی دیكە پێگە و پۆستی گەورەیان لە ناو پارتیدا هەبوو. یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە بەغدا لە ساڵی 1946 لە ماڵی فەهیم سەعید فەیلی بەڕێوە چوو، كاتێكیش مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتی سۆڤێتی پێشوو گەڕایەوە هەر لەبەسراوە تاكو بەغدا كوردەكانی فەیلی پێشوازییەكی گەورەیان لە مەلا مستەفا بارزانی كرد، لە شوێنی حەوانەوەشی لە هۆتێلەكە هەر كوردانی فەیلی بوون لە ترسی ناپاكی و خیانەت، پاسەوانییان دەكرد، كۆمەك و هاوكاریی شۆڕش و پێشمەرگەیان دەكرد، بە كۆمەك و هاوكاریی كوردانی فەیلی یەكەمین ئێزگەی ڕادیۆی كوردییان گەیاندە حاجی ئۆمەران، لە ڕێككەوتنامەی مێژوویی 11 ئاداری ساڵی 1970 گەورەترین ڕێپێوانیان لە ناو جەرگەی بەغدا لە گۆڕەپانی ڕەسافەوە بۆ باب ئەلشەرجی ئەنجام دا، تا وای لێهات لە كۆبوونەوەیەكدا سەدام حوسێن گوتی، دەركەوت گەورەترین شاری كورد بەغدایە، بەعسییەكان لە كوردانی فەیلی زۆر دەترسان، چونكە ژمارە و ڕێژەیان زۆر بوو، هاوكات كەسایەتیی ناسراوی باشیان هەبوو، هەر ئەمەش بوو پێشتر وای لە سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی كرد، حەبیب محەمەد كەریم هەڵبژێرێت وەكو كوردێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق، ئێ خۆ عادل مورادیش سەرۆكی یەكێتی لاوانی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، هەروەكو چۆن زەكیە حەقی ئیسماعیل سەرۆكی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بوو، لە 8ی شوبات لە كاتی كودەتاكانی بەعسییەكان بۆ ڕووخاندنی عەبدولكەریم قاسم كە بە 8ی ڕەشی شوبات ناسراوە، فەیلییەكان ڕووبەڕووی بەعسییەكان بوونەوە.

كوردانی فەیلی بڕوای تەواویان بە كوردبوون و خۆشەویستییان بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەیان هەیە، ئەوان دوای مەلا مستەفا بارزانی كەوتن، چونكە خەباتی بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەی دەكرد. چوونی ژمارەیەك لە كوردانی فەیلی لە بەغدا بۆ ناو حزبە شیوعییەكان بۆ پەراوێزخستنی حزبە كوردستانییەكان و سەركردایەتیی ئەو حزبانە دەگەڕێتەوە، كە جگە لە فوئاد حوسێن، تەنانەت یەك بەڕێوەبەری گشتییان لە پشكی هەرێم لە ناو كوردانی فەیلی دانەمەزراندو، حزبە شیوعییەكان گەنجانی كوردی فەیلییان بۆ مەبەست و دوورخستنەوەیان لە دۆزی ڕەوای كورد دامەزراندووە، بەڵام كۆتا جار خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمانەكەیان هەر لە خوێن و دڵیاندایە .

* لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ئایا تاچەند حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق مافەكانی كوردانی فەیلییان گەڕاندووەتەوە؟

- لە دوای ساڵی 2003 و عێراقی دوای ڕژێمی بەعس، مەینەتییەكانی كوردانی فەیلی درێژەی كێشا و لەبری ئەوەی ناسنامەمان بۆ بگەڕێتەوە و مافەكانمان لە ماڵ و حاڵ و زەوی و پێگە و پارەمان بۆ بگەڕێندرێتەوە و قەرەبوو بكرێینەوە، كەچی كەوتینە ناو گێژاوێكی پەراوێزخستن و فەرامۆشكردنی كەیسی جینۆساید و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، مافە ماددی و مەعنەوییەكان و سۆراغی بێسەروشوێنەكانمان دیار نییە و یەكلا نەكراونەتەوە.

* واتە شوێنەواری جینۆسایدی كوردانی فەیلی دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە هێشتا ماوە، ئایا حكومەتی فیدراڵی لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە هیچی ناكەوێتەسەر؟

- تەنیا لەبەر كوردبوونمان بەم شێوە دڕندەیە جینۆساید كراین و ناسنامە و ماڵ و حاڵیان لێ تاڵان كردین و، گەنجەكانمان سۆراغیان دیار نەما، سوپاسی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەم كە فشارەكانی بۆسەر حكومەتی عێراق دەست پێكردووە و هەندێك لەو داواكارییانەمان جێبەجێ كرا، سەرۆك بارزانی ڕۆڵی لە ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی زۆر بوو، بەڵام حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كەمتەرخەم بوون، چونكە جینۆساید تاوانێكی دژی مرۆڤایەتییە و كەیسێكی نێودەوڵەتییە، واتا دەبێت حكومەتی عێراق ئەو ئەركە بگرێتە سەرشانی بەوەی قەرەبووی قوربانییەكان بكاتەوە.

* وەكو كەسایەتییەكی ئەكادیمی و مێژوونووس و توێژەرێكی ناسراوی عێراقی، پێنشار و داواكاریت چییە بۆ زیندووكردنەوەی كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی و گەڕانەوەی ماف بۆ خانەوادەكانیان؟

- هەر دوو حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بە ئەركی خۆیان هەڵسن و ئەم كەیسە و ئازار و مەینەتییەكانی پێكهاتەیەكی گرنگی كورد لە ناو پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكومەت پشتگوێ نەخەن، ئێسك و پرووسكی شەهیدەكانمان دەربهێنن و ئاوارەكان بگەڕێندرێنەوە كە 250 خێزانی كوردانی فەیلی لە هەر دوو كەمپی (ئیزانە و جەهرۆم) بهێننەوە و كارئاسانییان بۆ بكرێت، دەبێ بە ڕێز و خۆشەویستییەوە كوردانی فەیلی لە پۆستە باڵاكان دەبمەزرێنن و لە هەر دوو پەرلەمانی عێراق و كوردستان كورسیی خۆیان هەبێت و لە زانكۆكانی كوردستان كوڕ و كچ و نەوەكانیان دابمەزرێنن، خانوو و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ تەرخان بكەن.

* لە كۆنفرانسی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی و بانگهێشتكردنی ئەو هەموو كەسایەتی و خەڵكەی ناو كوردانی فەیلی لە نێوخۆی عێراق و دەرەوەی عێراق، تاچەند بۆ ئێوەی كوردانی فەیلی گرنگ بوو؟

- سەرۆك مەسعود بارزانی باوك و پارێزەرێكی سەرسەختی كوردانی فەیلییە، گوتاری سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی لەناو دڵی كوردانی فەیلیدا جێگەی بایەخ و گرنگییە، كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، بۆ ئێمەی كوردانی فەیلییش ئومێدێكی زۆری بۆ گەڕاندینەوە، بۆیە گرنگە لە دووتوێی ئەم كۆنفڕانسەشدا ئەو دامەزراوەیەی دادەمەزرێت، بۆ بەدواداچوونی كاروباری كوردانی فەیلی و پێشكەشكردنی كارئاسانی و هاوكاریی كوردانی فەیلی بێت.

Top