پارتی دیموکراتی کوردستان کەنارگیرناکرێ و سیناریۆکانیش گۆڕەوشاردەکاتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان  کەنارگیرناکرێ و سیناریۆکانیش گۆڕەوشاردەکاتەوە

 

لەکاتێکدا جەماوەری گەلی کوردستان لەگەڵ پارت ولایەن و کەسایەتی و چین و توێژە  شۆرشگێرو دەستەبژێرەکانی کوردستاندا شان بەشانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوساڵ یاد و ئاهەنگی 77  ساڵەی دامەزراندنی پارتییان کردوە ، لە هەمان کاتدا لەخۆئامادەکردن دان بۆ یادکردنەوەی  62 ساڵەی یەکەمین شۆڕشی گشتگیرو مەزنی ئەیلوول دا ، هەروا لەخۆ ئامادەکردن دان بۆیادکردنەوەی 6 مین ئاهەنگی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ، ئەو پرۆسەیەی تەخت و تاراجیانی هەژاند و کەرکووکی بە ئاسانی و بە شێوەیەکی دەستووری وئاشتییانە هێنایەوە باوەشی کوردستانی دایک .

هەر لەم رۆژانەدا شارەکانی هەرێمی کوردستان و دانیشتوانی کوردی ڕەسەنی شاری کەرکووک بە چەندین بارودۆخی ناهەموارو دژواردا تێدەپەڕن .. لەوانە هەر لە رێگری کردن وداخستنی رێگای هەولێر- کەرکووکەوە لە لایەن عەرەبی هاوردەی وەلائی ، تا سەرکوتکردن و شەهیدکردنی  خۆپێشاندەران وتیرۆرکردنی چوارهاوڵاتی سیڤل وبریندارکردنی ژمارەیەکی ترو گرتن ونەفیرعام وڕەشبگیری وبەعەسکەرتاریەتکردنی شاری کەرکووکەوە تا هەموو ئەو بریارە قەرەقۆشییانەی دادگای فیدرالی ..!! بەغدا کە لە دژی هەرێمی کوردستان ناویەتی بە بریاری جێ بەجێ نەکردن و ڕاگرتنی بریاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  محمد شیاع سودانی لەبەرامبەر گەڕانەوەی ڕەوای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆنێو  بارەگاکانی نێو شاری کەرکووک ولە ناو جەماوەربوون بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق .

بە کورتە ئاوڕدانەوەیەک بۆ  مێژووی دەسەڵات و حوکمداریەتی حزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراقی لە بەغدادا  لە مێژووی دامەزراندنی حکومەتی تازەوە هەر لە ساڵی 1921 وە ئەو راستییەمان بە ئاشکراو بە ئاسانی بۆ ڕوون دەبێتەوە کەوا هەمووئەوحزب ولایەن ودەسەڵاتانەی هەن هەرلە سەردەم و سیستەمی پاشایەتییەوە تا سیستەمی کۆماری ساڵی  1958لەوێشەوە تا رۆژی ئەمرۆ2023 هەموویان دژی خواستەکانی گەل و نەتەوەی کورد ودژی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی  بارزان وپاشان لە ساڵی 1946وە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بوونەو تا بۆیان لوابێ بە ئاگرو ئاسن ، بە جینۆسایدو ئەنفالکردن بەربوونەتە گیانی گەلی کوردستان و خەڵکە سفیلەکەی  .

ئەمانە ی گوتمان هەموویان بەڵگەیەکی مێژووی باوەڕپێکراوی حاشا هەڵنەگرن  بۆ مێژووی خوێناوی و تاریکی دەسەڵاتە حوکمدارە عەرەبییەکانی عێراقی بەغدا  گەڕاوەتەوەو ئەوراستییەیان سەلماندووە ومێژوونووسە ئەکادیمییەکانیش نکوڵییان لێ نەکردووە وخۆشیان لە قەرەی ئەوراستییە مێژووییەش نەداوە کەوا کۆمەڵگەی   

 عەرەبی عێراقی بە شیعە و سونەی عەرەبەوە ، بە حزب وکۆمەڵە ورێکخراو و

 بنکەی جیاجیاوە ، لەوانەش بە حزبی شیوعی عێراقی یەوە  لە ساڵی 1946وە تا

رۆژی روخانی رژێمی بەعسەوە هیچیان ڕاشکاواو و بوێرانە  وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە خەمی بە دیموکراتیزەکردنی عێراق دا نەبوونە وهیچیان وەک پارتی خاڵە لاوازو بەهێزو هەستیارەکانی کۆمەڵگای عێراقیان دەستنیشان نەکردوە وکارو خەباتی راستەوخۆیان بۆگۆڕینی ئەقڵیەتی  خودی کۆمەڵگای عێراقی  عەرەبی دا نەبووە .

هەرلەو خوێندنەوە و بەراورکردنی دروشمە سەرەکییەکانی  کۆتایی شەستەکانی سەدەی پێشوودا ،  دەگەینە ئەوراستییە جەوهەرییەی کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان چەندە زیرەکانە کۆمەڵگای عێراق و پێکهاتەکانی خوێندۆتەوە و دەزانێ گرفتەکان لە کوێندەرێی کۆمەڵگای عەرەبی عێراقی دان و کێشە و پرسی کوردیش

لە نێو ئەو هاوکێشە ئالوزوپالۆزانەدا چۆن چارەسەر دەکرێ و چۆنیش عێراق ودەسەڵاتدارییە حکومەتییەکەی هەرچەندە بەهێزیش بێ   ئارامی وخۆشی وئاشتەوایی بەخۆیەوە نابینێ تا پرسی کوردوئامانج و داواکارییە ڕەوایەکانی چارەسەرنەبێ  .

لە هاوکێشەی پێکهاتەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ئەوسای شێستەکانەوە بۆ دوا خاڵی داواکارییەکانی ئەورۆی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ،  چەندە مەنتقی سەردەم و  وژیرایەتی تێدایە ، ئەوەندەش پشتگوێ خستنی داواکارییەکان بەدەستی 

ئەنقەست وبە هەڵپەسراوەیی وهێشتنەوەیان لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا وبەهەند هەڵنەگرتنیان لێ بەدی دەکرێ، بە نموونە ماددەی 140 کە زیندوترین بابەتە.

 بۆیە وەک لە ڕابووردوو بینراوە بێ بایەخ کردنی داواکارییەکانی کوردو پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن رژێمە یەک لەدوایەکەکانی بەغدا هۆکارو ئەنجامی سەرەکی بووبێ  بۆ لەسەر کورسی هێنانە خوارەوەی دەسەڵاتەکان  لە بەغدا بەئاستی چۆک پێدادانیان لە بەرامبەر کوردو داواکارییەکانی .

ئەوانە هەموو پەند و وانەی مێژووین ،پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەرخودانی ژیرانەی توانیویەتی دوژمنانی خۆی شەرمەزاری مێژووە کرێتەکانی خۆیان بکات .لەوانە  نموونەی زیندوو حەرەس قەومی و(احنا البدو وین العدو) وە یا  رێککەوتنامەی خیانەتکاری 6ی ئازاری 1975 ی جەزائیر وێرای شکستپێهێنانی پارتیش لە نێو گەمە هەرێمایەتییەکە ولە گەرمەگەرمی سەرکەوتنەکانی  شۆڕشی مەزنی  ئەیلوول دا، وەلێ ئەو شەرمەزارییەی بۆ شای ئێران و هەواری بۆمیدیەن و سەدام حوسێن و وڵاتەکانیان مایەوە زۆر گەورەتر بوون لەشکستە کاتییەکەی ئەیلوول ، چونکە دوای ئەیلوولی مەزن ، شۆرشی گوڵانی پێشکەوتووخواز بوو بەناونیشانی هەڵسانەوە و بەردەوام بوون و شکستی بە شکست هێناو هەرسێ رژێمەکەی جەزائیرو ئێران وعێراقی بەجۆرێ بەدەردی زەمانەی بردن ، بوون بە پەند بۆ دۆست و بۆدوژمن .

دوژمنانی  کوردو پارتی و بارزانی لەهەرسەردەم وزەمانێک دا بووبن، بەجۆرێ ریسواو شەرمەزاربوونە ، مێژووی خۆیان بەزەییان پیادا نەهاتۆتەوە ، بۆ ئەمەش گەر نموونەی میر جەعفەر باقیرۆفی سکرتێری یەکەمی لیژنەی مەرکەزی  حزبی شیوعی ئازربایجان وسەرۆکی کەی جی پی ئەوێی  ئەو وڵاتە وەرگیرن کە چۆن ناحەقی بەرامبەر مستەفا بارزانی سەرۆک و رابەری کوردان دەکرد لەو ئاوارەییە دا لە وڵاتی سۆڤیەتی پان و بەرینی ئەوسا ئەو ولاتەد ئیشتراکییەی بانگەشەی دۆستی گەلانی دەکرد و پاشان  ئەو بارگینۆفە چۆن شەرمەزارو ریسوای  ستالین و حوکمی سۆڤیەتی بوو و چۆن گۆڕەوشار کرا.

ئەوە مێژووە  هەر لە جەعفەر باقیرۆفی ئازەربایجانەوە بۆبارگینۆفەکانی بەغداو هاوکوف وهاوبیرانی  ، گەررێزلە ڕۆڵی گەلی کوردستان وپارتی دیموکراتی کوردستان نەگیرێت  ومافە دەستوورییەکانی ئەو گەلە تێکۆشەرە لە هزری دەسەڵاتدارانی بەغداوە پێویستی نەتەوەیەیی نەتەوەو گەلی کوردستان نەبێ ، بەڵکو هەر بۆکات بەسەر بردن  و چاوبەستەیی بێ و هەر بە هەڵپەسراوەیی بمێنێتەوە و هەر نادید ە بگیرێ و بەهەند وەرنەگیرێ و وەک ئێستا دەیبینین  و هەر جارێ بە ئاین و ئۆینێ کۆسپ و تەگەرە دەخرێتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان ولەولاش بەغدا  ڕۆژ بەڕۆژ بەرەوە مەرکەزیەت وتۆتالیتاریەت هەنگاو دەنێ وبە هزری شۆفینانە سەیری ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان  وپارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن وبەنیازی کەنارگیرکردنی ئەزموونەکە وپارتی هەنگاو دەنێن مەبەستیانە  کوردستان وهەولێربگەڕێننەوە  سەردەمی بەعسی ئاوئاو چوو .

جا ئێرە ئەو خاڵەیە ، پێویست دەکات ڕاشکاوانە بە بیری  دەسەڵاتدارانی  ئێستای عێراقی و وەلائییەکانی بەغدا بهێنرێتەوە کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان ، تەنیا حزبێک نییە دامەزراوەی ئەو چەند ساڵە بێ ،بەڵکو حزبێکە وێرای ئەوەی تەمەنی دامەزراندی لە ساڵی 1946وە دەستپێدەکات بەڵام خاوەن کەلتورێکی شۆڕشگێری ناسیۆنالیستی سەردەمیانەیە کە ڕەگوپیکی بۆ سەرەدەمی شێخ عەبدوسەلام بارزانی دەگەڕێتەوە وپارتی بۆ ئێستای ئەزموونی حوکمرانی و حکومەتایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ، دەزگاو دامەزراوەیەکی گەورەومەزنی نەتەوەیییە لە قاڵب وناوەڕۆکێکی پتەوی  نیشتیمانی کوردستانی دایە، مەسعود بارزانی سەرۆک و رابەرێتی .

 مەسعود بارزانی ئەو پیاوە مەزنە  ژیرو هۆشیارە ، وورد بین و ئایندەبینە ، خاوەنی سەرکەوتنە مەزنەکانی  داستانی خواکوڕک وتەلیسم شکێنی  داعش و فریادرەسی ڕۆژئاواو  وکوردانی  دونیایە . ئەو مەزنە پشتی چیایە و ڕووی  لە جەماوەرە وهەڵگری  پەیامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی یە . ئەو مەزنە  ژمارەیەکی سەنگینی نێو ژمارەکانە ، لە سیناریۆو ئاین و ئۆینەکانی ئەم و ئەو و ئەوی ترو ئەوانی دیکەش باش تێ دەگات ، لە هێمنی ودان بەخۆداگرتنیدا ئەو

 مەزنە سەبری ئەیوبیشی  تێپەڕاندووە بۆیە  بە هێمنی و ژیرو دانایانە،لە کاتو ساتی خۆیدا هاوکێشە دژەکان  ئاوەژوودەکاتەوە و سیناریۆکانیش گۆڕەوشار .

هەولێر 5-9-2023  

 

   

 

 

 

Top