زیاتر لە ٨٤٠ هەزار پەنابەری ئەفغانی چاوەڕێی وەرگرتنی ڤیزەی کۆچبەرین بۆ ئەمریکا
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تا ئێستا ٨٤٠ هەزار هاووڵاتی ئەفغانی چاوەڕێی وەرگرتنی ڤیزەی کۆچبەرین بۆ ئەمریکا.
پشکنەری گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، زیاتر لە ٨٤٠ هەزار هاووڵاتی ئەفغانی کە داواکارییان بۆ پرۆگرامی نیشتەجێکردنی ئەمریکا پێشکەش کردووە، هێشتا لە وڵاتەکەیان چاوەڕوانن.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، دوای دوو ساڵ دۆسیەی ئەو کەسانە یەکلایی نەکراوەتەوە و سەرەڕای هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاسانکاری ئەم پرۆسەیە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لەو حاڵەتانە یەکلایی نەکراونەتەوە.
هاوکات پشکنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: نزیکەی لەسەدا ٥٠ی داواکاران شایستە نین کاتێک لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا پێداچوونەوە بە داواکارییەکانیان دەکرێت.
پرۆگرامی تایبەتی ڤیزەی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیپێکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو ئەفغانیانەی کە لەگەڵ ئەمریکییەکان کاردەکەن و ڕووبەڕووی مەترسی گەورە بوونەتەوە بۆ ئەو کارە. بەرنامەیەکی هاوشێوە بۆ عێراقییەکان هەیە، بەڵام هەردوو بەرنامەکە ڕووبەڕووی ڕەخنە بوونەتەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکاندا زۆر خاو دەبێتەوە و داواکاران لە دۆخێکی مەترسیداردا بەجێدەهێڵێت.
ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەریدەخات لەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ژمارەی داواکارانی ئەم ڤیزە زۆر زیادی کردووە.
گوڵان: سەردار خەلیل