زمان پێوەری کەسایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری کەسەکانە

زمان پێوەری کەسایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری کەسەکانە

پێغەمبەر و سەروەری موسڵمانان (محەمەد) د.خ دەفەرموێ" هەر كەسێ باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەبێ قسەی خێرو چاكە دەكات، یانیش بێ دەنگ دەبێ".

شكی تێدا نییە زمان یەكێکە لە نیعمەتە هەرە باش و بە سوودەكانی خودای گەورە بۆ مرۆڤەكانی، بێگومان دەتوانین زمان لە كاری چاكە و باشە و بە سوود بە كاری بهێنین ئەوكات ویژدانمان ئاسودە و حەساوە دەبێت خودای گەورەش لێمان ڕازی دەبێت، بە پێچەوانەشەوە دەتوانین زمان لە كاری خراپە و قسەی نەشیاو و ناڕاست و بوختان و پاشملە بەكار بهێنین كە لە ئەنجامدا ڕق و كینە و كارەساتی گەورەی لێ دروست دەبێت.
زمان کە ئەو پارچە ماسولكەیە و ئێسكی تێدا نییە، دوو دەرگای بە سەر دادەخرێت كە ددانەكان و لێوەكانن باش پارێزراوە کەچی مرۆڤ بە پێی پەروەردە و ڕەوشت و ڕەسەنایەتی خۆی زمان بەكار دەهێنێت لە كارە جۆراوجۆرەكان، بەدڵنیایی كەسانی ڕەوشت بەرز و خاوەن پەروەردە و پێگە و خێزان و خانەوادە و بنەچە و ڕەسەنی دیار و پەروەردە كراو و ئازا هەرگیز زمان بە كاری نەشیاو و درۆ و بوختان و پاشملە بەكار ناهێنێنن كە ببێتە مایەی شەرمەزاری بۆیان، چونكە زۆر جار وا بووە لە سەر قسە كردنێكی نەشیاو و نا دروست شەڕ و ئاژاوە و دووبەرەكی دروست بووە چ لە نێوان كەسەكان و كۆمەڵگە و بگرە شەڕی ووڵاتانیش لە سەر قسە و لێدوانی توند كێشە سەری هەڵداوە ، دواتریش كارەسات و ماڵ وێرانی و وڵات خاپوری لێ دروست بووە لە ئەنجامدا بە ناچاری هەردەبێ وتووێژ و گفتوگۆ و ڕاوێژ و دانیشتن ئەنجام بدرێت، دیسان زمان دێتەوە مەیدان و بەنەرمی و یەكتر قبوڵ كردن و بە زمانی دۆستانە كێشەكان چارەسەر دەبن. ئەوەی من دەمەوێ جەختی لێ بكەمەوە، زمان تاكە كەسە كە بەڕاست و چەپ دوور لە هەموو ئادكارێكی مرۆڤایەتی و پەروەردەیی چی بە زمان دابێت دەیڵێ‌ لە پاشملە و لە قسەی ناڕاستی و ناشیرین و بێ دەسەڵاتی، كەچی لە بەرامبەر کەسەکان مات و زەلیل ومەلول و كەساس و بێ دەسەڵات و لاواز و بێ كەسایەتی و بێ شكۆ دەردەكەوێ ئەوە خۆی شەرمەزاری و كارەساتبارە، چونكە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتو ڕەفتارانە كاریگەری خراپ و نەرێنی دروست دەكات بگرە لە سەر كەسانی خوار خۆی لە ڕووی كۆمەڵایەتی و جۆراجۆری تر بەگشتی.
لێرەدا دەبێ هەمیشە هەموو لایەك بە تایبەتی لە پرۆسەی پەروەردەدا لە قوتابخانەکان دا مامۆستایانی ئازیز قوتابیان فێری ئەوە بكەن زمانیان بپارێزن و پارێزگاری لێ بكەن كە بەلای قسە و ووتەی خراپ و نەشیاو دا نەچن، هەردەم مایەی شانازی و ڕەوشت بەرزی و پەروەردەی تەندروست بن، هەمیشە زمان بەكار بهێنن بۆ قسەی باش و چاك و سوودبەخش كە تایبەتمەندی پاڕاستنی كەسایەتی بەهێزیانە، چونكە زمان دەرخەر و خەملاندی ئاستی ڕۆشنبیری كەسەكانە.
زمان.. ئاماژە و پێوەری سەرەكی و یەكلاكەرەوەیە بۆ هەڵسەنگاندن و دیاری كردنی كەسایەتی و شكۆ و ئابروو ڕەوشت و پەروەردەی كەسەكان، بۆیە ئەركی هەموومانە منداڵەكانمان هاوڕێكانمان تاكەكانی كۆمەڵگە بپارێزین لە هەلە بەكارهێنانی زمان لە قسە و دەربڕین و قسە و قسەلۆك، بەدڵنیایی هاوڕێی باش كاریگەری ڕاستەوخۆ وئەرێنی هەیە لە سەر گوفتار و قسەكردنی هەر ەکێکمان بۆیە هەمیشە هاوڕێیەتی ئەو كەسانە بكەین كە خاوەن ڕەوشتی بەرز و كەسایەتی بەهێزن و ڕقیان لە قسەو قسەلۆکە بەگشتی .
دەگێڕنەوە رۆژێك لە ڕۆژان پیاوێكی دانا و زانا ویستی منداڵەكەی فێری وانەیەك بكات لە ژیان، فێر ببێ كەوا قسەی ناڕاست و بوختان و قسەكردن لەسەر خەڵكی تر بە درۆ و شتی خراپ لە پاشملەی ئەوان مەترسیدارترین كارە سەبارەت بە خۆی و خەڵك و بە كۆمەڵگە، پیاوەكە دەستی كوڕەكەی گرت و بردییە بەرزترین شوێن لە شارەكەیان كە لێی دەژیان، پیاوەكە كیسێكی گەورەی هەڵگرت كە پڕی كردبوو لە پەڕە مووچەی مریشك، داوای لە كوڕەكەی كرد كیسەكە بكاتەوە و پەڕە مووچەكانی ناوی فڕێ بدات لەم شوێنە بەرزە، كوڕەكە داواكاری باوكی جێ بەجێ كرد و پەڕەمووچەكانی لە بەرزاییەوە فرێ دا و هەمووی تێكەڵ بە هەوا بوون و پەرش و بڵاوبوونەوە بەو ناوە و لەگەڵ هەوا فڕین و زۆر بڵاوبوونەوە و دووركەوتنەوە، دواتر باوكەكە داوای لە كوڕەكەی كرد پەڕەمووچەكان هەمووی كۆبكاتەوە و بیانخاتەوە ناو كیسەكە، كوڕەكە سەری سوڕما لە داواكاری باوكی لە سەرەوە سەیری خوارەوەی كرد و بە باوكی گوت هەرگیز ناتوانی ئەو پەڕە مووچانە كۆبكاتەوە و بیانخاتەوە ناو كیسەكە، چونكە بە هەموو شوێنكە دا بڵاوبوونەتەوە و پەڕش و بڵاون. باوكە داناكە گوتی كوڕم زۆر بە ئاسانی بڵاوبوونەتەوە بە هەموو شوێنێ‌، بەڵام زۆر ئەستەمە بتوانی جارێكی تر كۆیان بكەیتەوە، قسە و قسەلۆك خراپترین نەخۆشی و كارەساتی زمانن، خودای گەورە قەدەغەی كردوە و نەفرەتی لێكردووە، بە بەڵا و كارەساتی زمان دادەنرێت و لێی دووركەوە، هەرگیز نەكەی قسەوقسەلۆك و پاشملە باس كردن لە لای خەڵك باس بكەیت وەكو ئەو پەڕەمووچانەیە دوایی بۆت كۆ ناكرێتەوە،
هەروەكو پێشینان دەلێن "زمان بەڵای سەرە". باشترین ڕێگری لە تەشەنەكردنی ئەو جۆرە ڕەفتارانە و و چارەسەركردنی گونجاو ئەوەیە هەمیشە ڕاشكاو و ڕاستە ڕووبین و دووربكەوینەوە لە پیاهەڵدانی ناڕاست و ناگونجاو لە كاتی هەست پێكردن و پێویست دەبێ رووبەڕووی ئەو جۆرە كەسانە ببینەوە ڕوشكێن و رووبەڕوو بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە زیاتر بڵاونەبێتەوە، تا كۆمەڵگەش سەقامگیر و تەندروست و حەساوە و پێشكەوتووبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردەدا
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top