لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى دیکەى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کرایەوە

لە زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى دیکەى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کرایەوە

ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٨/٨/٢٠٢٣) لە مەراسیمێکدا دووەمین خولى ڕێگەکانى وانەوتنەوە (پێداگۆجى) بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە کرایەوە، لەو مەراسیمەدا کە لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، دکتۆر نەوازد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان و، مامۆستا بورهان ئەرگوشى نوێنەرى وەزارەتى پەروەردە و، سەرۆکى بەشە زانستیەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو، چەند وتەیەک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران.

لەو چوارچێوەیەدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیکدا وتى: شەرفەمەند و خۆشحاڵین کە ژمارەیەکى دیکەى مامۆستاى وەزارەتى پەروەردە لە زانکۆى جیهان-هەولێر پەرە بە توانا تیورى و پراکتیکیەکانى خۆیان لە بوارى پەروەردە دەدەن، ڕاشیگەیاند: “کۆمەڵگەیەکى تەندروست واتا پەروەردەیەکى تەندروست، پەروەردەیەکى تەندروستیش واتا کۆمەڵگەیەکى تەندروست”، ڕونیشیکردەوە وەزارەتى پەروەردە و مامۆستایان تەنها دامەزراوەن، کە پەیوەندیان لەگەڵ هەموو خێزانێک لە کۆمەڵگەکەماندا هەیە، بۆیە تواناى مامۆستایان واتا تواناى کۆمەڵگە. لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتیکردەوە زانکۆ و ستافى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر بە هەموو جۆرێک پاڵپشتى سەرکەوتنى خولەکە دەکات، ئەوەش لە پێناو ڕاهێنانى مامۆستایان لەسەر نوێترین میتۆدى زانستى.

هەر بەو بۆنەیەوە، دکتۆر نەوازد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆ و پەیمانگەکانى جیهان وتى: ئەگەر بمانەوێ داهاتویەکى گەش بونیاد بنێین، دەبێ بنەمایەکى پەروەردەى بەهێزمان هەبێ، بۆ ئەوەش پێویستمان بەمامۆستاى بەتوانا و لێهاتووە، لەو بوارەشدا زانکۆکانى جیهان لە پلانیدایە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە هەڵمەتێکى فراوان لە شار و شارۆچکەکانى کوردستان بۆ ڕاهێنانى مامۆستایان بەڕێوەببات.

هەر لەو مەراسیمەدا، مامۆستا بورهان ئەرگوشى بە نوێنەرایەتى وەزارەتى پەروەردە لە وتارێکدا دواى ئەوەى سوپاسى زانکۆکانى جیهانى کرد بۆ هاوکارى و پاڵپشتیە بەردەوامەکانیان بۆ وەزارەتى پەروەردە، بە گرنگیەوە لەو خولەى ڕوانى بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى زانست و زانیارى مامۆستایان و ڕاهێنانیان بە چەمک و میتۆدە تازەکانى وانەوتنەوە.

لە دووەمین خولى پێداگۆجى (١٠٢) مامۆستاى وەزارەتى پەروەردە بەشداریان کردوە و، ڕۆژانە لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى لەلایەن نوخبەیەک لە ستافى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر وانەکانیان پێدەوترێتەوە.

Top