لە دەیەمین ڕۆژی پێشوازیكردن لە زیارەتكارانی ئێرانی و بیانی

لە دەیەمین ڕۆژی پێشوازیكردن لە زیارەتكارانی ئێرانی و بیانی

ئەمڕۆ ٢٨ی ئاب دەیەمین ڕۆژی پرۆسەی پێشوازیكردن لە زیارەتكارانی ئێرانی و بیانی بۆ چلەی ئیمام حوسێن بەردەوامی ھەبووە، ھەڵبەتە بە ھێزی نەرم و كارامەیی لۆجستی ئەفسەر و كارمەندانی نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پێشوازیی كاروانی زیارەتكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بووین، وەك ئاشكرایە دووەمین ساڵە زیارەتكارانی ئێرانی و بیانی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی نەجەف و كەربەلا دەكەن.

وەكو دامەزراوەی نشینگە و پاسپۆرت، بە پلەی یەكەم ئەركە قورسەكە لەسەر شانی ئێمە و دەزگا ئەمنییەكانی حاجی ئۆمەرانە، لە پێشوازیی میوانەكاندا ئاسانكاری پێویست لە ڕووی چێککردنی پاسپۆرت كراوە، ئەویش بە دانانی ٤٣ گێت لە گۆرەپانی دەرەوە و ١٤ گێت لە ناو ھۆلی چوون و ھاتن ئامادەكاریمان كردووە، لە ٢٥ مانگەوە ھاتنی زیارەتكاران بە لێشاو دەستی پێكردووە.
ئەمساڵ پڕۆسەكە لە ١٨ی ئاب دەستی پێكرد و بڕیار وایە ٦ی ئەیلوول كۆتا ڕۆژی پڕۆسەی ھاتن بیت، تاكو ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار زیارەتكاری ئێرانی و ھەزار زیارەتکاری ئازەربایجان، رووسیا، جۆرجیا، توركیا و کازاقستان لە ڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە داخل بوون، تەنھا ٢٧ی مانگ لە سەرووی ٨ ھەزار زیارەتکار و گەشتیاری ئاسایی ھاتۆچوویان کردووە، هاوكات پڕۆسەی گەرانەوەش دەستی پێكردووە و زیاتر لە ٧ ھەزار زیارەتكاری ئێرانی و زیاتر لە ٥٠٠ زیارەتكاری بیانی گەراونەتەوە.

جێگەی باسە، پارساڵ بۆ یەكەمجار بە فەرمی پڕۆسەی هاتنی زیارەتكارانی ئێرانی و بیانی بۆ شوێنە پیرۆزەكانی عێراق لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە و زیاتر لە (70 ھەزار) زیارەتكاری ئێرانی و بیانی لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە بۆ سەردانیكردنی شوێنە پیرۆزەكانی عێراق داخلی هەرێمی كوردستان بوون.

لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی (سەرۆك بارزانی) پێویستە بە باشترین شێوە پێشوازیی لە زیارەتكاران بۆ شوێنە پیرۆزەكانی عێراق بكرێت، مەبەستی سەرەكی ئێمەش، ئەوەیە كاربەدەستانی دەروازە سنوورییەكان بە شێوەیەكی سەردەمییانە و بەپێی ستانداردە جیهانییەكان، ڕوویەكی جوانی شارستانی و بە ئەتەکێت بوون پێشانی زیارەتكاران و گەشتیارانی ئاسایی بدەین.

ئادابی لووتف شیرینی و ئەتەکێت بوونیش یارمەتیمان دەدات سەرنج و ڕێزگرتنمان بۆ کەسانی تر چ زیارەتکار یان گەشتیاری ئاسایی نیشان بدەین، هەروەها کەسانی تر دڵخۆش دەکات بە ناسینی ئێمە.
کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان پێویستە بەرژەوەندیی زیارەتکاران و سەردانیکاران لە پێشینەی کارەکانیان بێت بەبێ ئەوەی خۆیان بخەنە پێگەیەکی نزمترەوە. ئەتەکێت بوونیش ئاسایشی کەسی دروست دەکات، گرنگی بەهەستی کەسانی زیارەتکار دەدات و ڕێز و خۆشەویستی دروست دەکات.
ئەوەی پێویستە، ئەوانەی لە دەروازە سنوورییەکان کار دەکەن تەنیا پێناسەی خۆیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتە و حکومەت و هاونیشتمانییانیان دەکەن، کەوابوو ڕەفتار و ھەڵسوکەوتی باش کاریگەریی باش لەسەر سەردانیکاران و زیارەتکاران دادەنێت و سیمایەکی شارستانییانە لە حکومەت و گەلەکەیان پیشانی دەرەوە دەدەن و هۆکارێکی گرنگیشە بۆ راکێشانی بیانییەکان بۆ ناو وڵاتەکەیان کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی وڵات و بەپێچەوانەکەشی راستە.
دیارە پیشوازیكردن لە گەشتیاران و زیارەتكاران و میوانان بە شێوازێكی مۆدێرن و ئەتەكێتی سەردەمییانە و بە لوتفێكی شیرین، دەبێتە یەكەم هەنگاوی وێناكردنی ڕەفتاری شایستەی حكومەت‌ و سەرنجڕاكێشانی خەڵك و نیشاندانی كولتووری مرۆڤدۆستیی گەلی كورد، بەجۆرێك كە گەشتیاران و میوانان لە یەكەم دیمەنی گەشتكردنیاندا بۆ شوێنە پیرۆزەكانی عێراق، هەست بەوە بكەن كه پەروەردە و شوناسی نەتەوە و كولتوورێكی جوان و پێشكەوتوو و مۆدێرن لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت.

هەر زیارەتكارێك یان گەشتیارێكی ئاسایی لە یەكەمین هەنگاوی ڕووبەڕووبوونەوەیدا، خوێندنەوەی خۆی لەسەر ئەدای ئەو كارمەندە دەبینێت كە پێشوازییان لێدەكات و لەسەر ئەو دیدگایە هەڵسەنگاندن بۆ كەسانی بەرامبەر دەكەن، لێرەوە پێویستە ئێمەمانان لە دەروازە سنوورییەكاندا، هەمیشە بە چاوی باڵیۆزێك سەیری هەر گەشتیارێك و زیارەتكارێكی ئایینی بكەین و بە تێكەڵكردنی كولتووری میواندۆستیی جوان و ئەتەكێتی سەردەمییانه،‌ وێنەیەكی جوان پێشان‌ بدەین و هەوڵبدەین حكومەت و یاسا تێكەڵ بە كولتووری میواندۆستیی خۆمان بكەین و بە كردەوە كاری لە سەر بكەین و ئەو جوانڕەفتاری و جوانكرداریەی خەڵكی كوردستان بە ڕووی جیهاندا زیاتر پەرە پێ بدەین و زیاتر كارمەندەكان بۆ هەڵگرتنی ڕەوشتی جوانی نیشتمانی و بەرپرسیارێتی هان بدەین و هەر لە دەروازەكانەوە بۆ زیارەتكاران و گەشتیاران بسەلمێنین كە ئێرە وڵاتێكی سەقامگیر، ئارام و میواندۆستە.. ئادابی ڕێزگرتن و میواندۆستیی، شوناسی گەلی كوردە.
مەزندەش دەکرێت لە ڕۆژانی داھاتوو ھاتن و گەرانەوەی زیارەتكارانی ئێرانی و بیانی گەرم و گوڕتر ببێت.

سالار تەحسین سەیدۆ دری
ئەندامی لیژنەی باڵای پێشوازیکردن لە زیارەتکاران
٢٨ی ئابی ٢٠٢٣/ حاجی ئۆمەران

Top