ئاڵنگارییەکانی خوێندنی باڵا لە ئێستا و داهاتوودا

 ئاڵنگارییەکانی خوێندنی باڵا لە ئێستا و داهاتوودا

 

 

ناکرێت ئاڵنگارییەکانی هەر بوارێک لە بوارەکانی ژیان لە یەک سەدەدا پێکەوە باس بکرێت، چونکە گۆڕانکارییەکان ئەوەندە خێران وادەکەن سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی سەدە وەکویەک نەبن. دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم لە دەیەی دووەم جیاواز بوو، دڵنیاین کە ئەم دەیەی ئێستا تێیدا دەژین (دەیەی سێیەم) زۆر جیاوازتر دەبێت. دەیەی سێیەم پێیدەگوترێت دەیەی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەو ڤایرۆسەی کە بیرکردنەوە و شێوازی ژیانی خەڵکی لە زۆربەی بوارەکان گۆڕی، یەکێکیش لەو سێکتەرانەی کە زۆر کاری تێکرد سێکتەری خوێندنی باڵا و کاری زانکۆکان بوو. ئەمڕۆ چەندین ئاڵنگاری و ئارێشەی نوێ پەیدابوون کە بەرۆکی کەرتی خوێندنی باڵایان گرتووە، نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە هەموو جیهان، کە ئەگەر حسابیان بۆ نەکرێت لەوانەیە کارەساتیان لێبکەوێتەوە، ئەگەر زانکۆکان و دەزگاکانی خوێندنی باڵا خۆیانی بۆ ئامادەبکەن و کاری لەسەر بکەن، لەوانەیە بتوانن ئەم ئاڵنگارییانە بگۆڕن بە هەل و دەستکەوت.

 

ئاڵنگارییەکانی ئەم سەدەیە لە بواری خوێندنی باڵا زۆرن، لەوانە بە دیجیتەڵبوونی زانکۆکان، پەیدابوونی خوێندنی تێکەڵ و هایبێرد (blended and hybrid learning)، تەندروستی دەروونی فێرخوازان، گۆڕانی کەشوهەوا، ئابووری گۆڕاو، زیادبوونی ڕێژەی ئامادەنەبوونی قوتابیان، درێژبوونی تەمەنی مرۆڤ و داواکاری بە تەمەنەکان بۆ خوێندن، زیادبوونی ژمارەی دەرچووانی ئامادەییەکان، دابەزینی ئاستی دەرچووان، کەمی ڕێژەی دەرچوونی قوتابیان، کەمی بودجەی زانکۆکان و بەرزبوونەوەی کرێی خوێندن، کەمبوونەوەی هەلی کار و دانەمەزراندنی دەرچووان، کۆنی ئامێر و تاقیگەکان و نەگونجانیان لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم، کەمبوونەوەی پاڵپشتی و پاداشتی توێژینەوە، نایەکسانی و نادادپەروەری.. هتاد. ئەمانە و چەندان کێشە و ئاڵنگاری دیكە کە بەشێکیان کۆنن و لەم دەیەیەش هەر بەردەوامن و بەشێکیان لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم سەریان هەڵداوە و هەندێکیشییان ئاڵنگاری نوێن و تازە سەریان هەڵداوە. لەلایەکی تریشەوە بەشێک لەم ئاڵنگارییانە جیهانین و لە زۆربەی زانکۆکانی جیهان هەستیان پێدەکرێت، بەشێکیشیان تایبەتن بە ناوچەکەی خۆمانن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

 

یەکێک لەو ئاڵنگارییانەی کە لەم دواییانەدا، بەتایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا،  ڕووبەڕووی خوێندنی باڵا دەبێتەوە، پرسی بە دیجیتەڵبوونی زانکۆکان و سەرهەڵدانی چەند جۆرێکی نوێی خوێندنە، کە دەبێت زانکۆکان زۆر حیسابی بۆ بکەن. زانکۆکان پێویستە وەبەرهێنانێکی زۆر لە بواری ژێرخانی بەدیجیتەڵکردن و بە ئەلیکترۆنیکردنی خوێندن بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ ئەو گەشەسەندن و پەرەسەندنە خێرایەی بواری تەکنۆلۆژیای پەیوەندیکردن و زانیاری ڕێبکەن. زانکۆکان چیتر پێویستیان بە باڵەخانەی گەورە و زەبەلاحی بێ ناوەڕۆک نییە، بەڵکو دەبێت ئەو باڵەخانانەی هەن لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێنن و بیانکەن بە کامپی سمارت و بەدیهێنانی خەونەکانی داهاتوو. لە کاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەموو زانکۆکان گرنگی ژێرخانی ئەلیکترۆنی خوێندنیان بۆ دەرکەوت، بەم هۆیەوەش خوێندنی تێکەڵ و هایبێرد پەیدا بوو، کە بەشێک لە خوێندنەکە لەناو کەمپ و بەشێکی دیكەی بە ئەلیکترۆنی و ئۆنڵاین ئەنجام دەدرا. پێویستی ئەم جۆرە خوێندنە ئێستاش هەر ماوە. لەوانەیە فێرخوازان نەتوانن یان پێویست نەبێت هەموو کات و بۆ هەموو وانەکان لەناو کەمپی زانکۆ بن، بۆیە ئێستا پێشخستن و برەودان بەم جۆرە خوێندنە لەلایەکەوە ئاڵنگاریە، لەلایەکی تریشەوە هەلێکی باشە بۆ زانکۆکان. ئاڵنگارییە، چونکە تائێستا زانکۆکان نەیانتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئەم جۆرە خوێندنە بکەن و لەوانەیە ژێرخانی پێویستیشیان نەبێت بۆ برەودان بەم جۆرە خوێندنە، لەلایەکی دیكەوە هەلێکی باشە بۆ زانکۆکان، چونکە لەوانەیە خەرجییەکانی کەمتر بێت و بتوانن ژمارەیەکی زیاتر فێرخواز وەربگرن و ناو کەمپەکانیشیان هێندە قەرەباڵخ نەبن.

 

ئاڵنگارییەکی دیكە کە ڕووبەڕووی خوێندنی باڵای سەردەم دەبێتەوە لە دوای ڤایرۆسی کۆڕۆنا، پرسی تەندروستی فێرخوازان و گۆڕانی کەشوهەوایە. ئەمڕۆ لە هەموو سەردەمێک زیاتر ترسی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و هاوشێوەکانی و نەخۆشی و ناخۆشییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و مەترسی کارەساتە سرووشتییەکان لە ئارادایە. ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، لەلایەکەوە وەکو دەزگای پێشڕەوی بواری توێژینەوە و دۆزینەوەی چارەسەرەکان، هەروەها لەلایەکی دیكەوە وەکو شوێنێکی گردبوونەوە و قەرەباڵخی، پێویستیان بەوە هەیە کە ئەم مەترسییانە بە جددی وەربگرن. زانکۆکان بەرپرسیاریەتێکی کۆمەڵایەتییان لەسەرە، کە هەم قوتابییان و مامۆستایانی خۆیان بپارێزن، هەم ئەندامانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی لە مەترسی پەتاکان و گۆڕانی کەشوهەوا بپارێزن. لەلایەکی تریشەوە چەندین توێژینەوە دەریانخستوە کە نەوەی نوێ لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە زۆر جیاوازن لە نەوەی کۆن. هەندێك توێژینەوە لە ئەمریکا و ئەوروپا دەریانخستووە ژمارەیەکی زۆر لە فێرخوازان لە تەمەنی زانکۆییدا تووشی نەخۆشییە دەروونییەکان دەبن، ئەوە باسی کێشە و گرفتە سێکسییەکان و ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر هەر مەکە، بۆیە لێرەدا ئەرکی زانکۆکان لەم دەیەیە و لە داهاتووشدا قورستر دەبێت و پێویستە حیساب بۆ هەموو ئەم پێشهاتانە بکەن. لە دەیەکانی داهاتوودا زانکۆکان پێویستە زیاتر گرنگی بە ژینگە و ژێرخانی ئەلیکترۆنی بدەن، ژینگەیەکی سەوز و پاک و کامپێکی زیرەک (smart campus) دروست بکەن، تێیدا فێرخوازان هەست بە ئارامی دەروونی بکەن، هەروەها توێژینەوەکانیشیان لە خزمەتی تەندروستی و خۆشگوزەرانی مرۆڤی سەردەم بێ و چارەسەر بۆ کێشە و گرفتەکانیان بدۆزێتەوە.

 

لەبەرئەوەی ئابووری جیهان بەشێوەیەکی گشتی گۆڕاوە و پێداویستییەکانی بازاڕی کار وەکو پێشتر نییە و سرووشت و کارەکانیش زۆر گۆڕاون، بۆیە زانکۆکان و دەزگاکانی خوێندنی باڵا پێویستیان بەوە هەیە لەمەودوا زیاتر گرنگی بە زانستە کردارییەکان بدەن، مەرج نییە هەموو زانکۆکان زانکۆی زانستە کردارییەکان بن، بەڵکو دەکرێت هەر زانکۆیەک چەند بەشێکی زانستی کرداری بکەنەوە و فێرخوازان والێبکەن کە بە کرداری کار بکەن و لەناو تاقیگە و وەرشەکان، هەروەها لە دەرەوەش، لەناو کارگە و کۆمپانیاکان، بەشێک لە خوێندنەکەیان برەو پێبدەن. داواکارییەکی زۆر هەم لەلایەن خاوەنکارەکان و هەم لەلایەن فێرخوازانەوە بۆ فێربوونی کرداری لە زانکۆکان هەیە. لە توێژینەوەیەکدا لەسەر دەرچووانی زانکۆکان، دەرکەوتووە کە یەک لەسەر چواری ئەو کەسانەی بێکارن، دەرچووی زانکۆکانن، ئەم ڕێژەیە لەوانەیە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەکو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی زۆر زیاتر بن. زۆرێک لە توێژەران ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە زانکۆکان لەم سەردەمەدا لەگەڵ پێداویستی بازاڕی کاری سەردەمدا ناڕۆن و خوێندن لە بەشێکی زۆری زانکۆکان زیاتر تیۆریە و دەرچووان فێری کاری سەردەم ناکەن.

 

گرفتەکانی ئامادەنەبوونی فێرخوازان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەهاتن و دابەزینی ئاستی زانستی فێرخوازان ئاڵنگاریی دیكەن، کە لەم سەردەمەدا ڕووبەڕووی دەزگاکانی خوێندنی باڵا دەبنەوە. ڕاستە ئێمە باسی خوێندنی تێکەڵ و ئۆنڵاینمان کرد و گوتمان دەبن بە بەشێک لە خوێندنی داهاتوو، بەڵام ئەم جۆرە خوێندنەش پێویستی بە ئامادەبوون و کات تەرخانکردن لەلایەن فێرخوازانەوە هەیە. دەبێت زانکۆکان ئالیەتێک بدۆزنەوە کە خوێندن وا لێبکەن بێزارکەر نەبێت و فێرخوازان هەم بە حەزی خۆیان و هەم ناچاریش بکرێن ئامادەبن و کاتی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن. کاتی خۆی خوێندن زۆر گشتگیر بوو، فێرخوازان زانیاری گشتیان زۆر بوو و ئاستی زانیاری گشتییان بەرز بوو، بەڵام ئێستا فێرخوازان تەنها جەخت لەسەر یەک لایەن و یەک بواری زانست دەکەن، ئەمەش لەوانەیە ئاڵنگارییەکی تری سەردەم بێت و زانکۆکان پێویستیان بەوە هەیە زیاتر لێکۆڵینەوەی لەبارەیەوە بکەن. هەندێك توێژینەوە لەم بوارەدا کراوە و دەرکەوتووە کە لە هەموو پسپۆڕییەکان فێرخوازان پێویستییان بە زانیاری گشتی و مرۆڤایەتی هەیە. هەرچەندە فێرخواز لە پسپۆڕییەکەی خۆی زیرەک بێت، بەڵام ئەگەر زانیاری لە بوارە مرۆڤایەتییەکانی وەکو سۆسیۆلۆژی، مێژوو،  سیاسەت، مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی، دادوەری و ژینگەپارێزی نەبێت، ئەوا ناتوانێت ببێت بە تاکێکی باشی کۆمەڵگە کە لە داهاتوودا بتوانێت خزمەتی مرۆڤایەتی بکات. کە باسی ڕێژەی دەرچوونیش دەکرێت، هەرچەندە ئەمڕۆ لە زانکۆکانی جیهان، بەتایبەتی ئەوانەی بۆلۆنیا پڕۆسێس پەیڕەو دەکەن، هەلی دەرچوون زۆر بووە و فێرخواز دەتوانێت چەندین جار تاقیکردنەوە بکات، ئەوەی لەلای خۆمان پێی دەگوترێت خوولی دووەم و سێیەم، بەڵام فێرخواز ئەگەر بەپێی پێویست ئامادە نەبووبێت و ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردبێت، ئەوا هەر زوو دەردەکرێت  (dropping out) و مافی ئەوەی نابێت تاقیکردنەوەی خوولی یەکەمیش بکات، ڕووپێویەک لە کەنەدا دەریخستووە، ١٣% فێرخوازان بە هۆکاری جیاواز دەرناچن. لەبەرئەوە بەڕاستی ئەمە بۆ زانکۆکان ئاڵنگارییەکی ترە و پێویستە لەم سەردەمەدا زۆر حیسابی بۆ بکرێت.

 

زۆری ژمارەی دەرچووانی ئامادەییەکان، ئەوانەی داوای وەرگیران لە زانکۆکان دەکەن، ئاڵنگارییەکی دیكەیە ڕووبەڕووی دەزگاکانی خوێندنی باڵا دەبێتەوە.  ئەمە ئەگەر لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا وابێت، ئەوا لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زۆر زیاترە. لە داهاتووشدا ئەم گرفتە قووڵتر و زیاتر دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر باسی ئینگلتەرا بکەین، لە ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی سیاسەتی خوێندنی باڵا (Higher Education Policy Institute)، هاتووە ئینگلتەرا لە ساڵی ٢٠٣٥ پێویستی بە (٣٥٠) هەزار کورسی زیاتری خوێندنی باڵا دەبێت. لە کوردستان داواکاری لەسەر زانکۆکان ساڵ بە ساڵ زۆر زیاتر دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر بەشێکی زانستی توانای وەرگرتنی پەنجا فێرخوازی هەبێت، ئەوا لە وەزارەتەوە سەد فێرخوازی بۆ دەنێردرێت، چونکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەرگرتنی ناوەندی هەیە و وەزارەت فێرخوازان بەپێی نمرەی ئامادەییان بەسەر زانکۆکان دابەش دەکات. هەرچەندە ئەم دیاردەیە نوێ نییە و دەمێکە هەیە، بەڵام بەم دواییانە زیاتر بووە، ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە وایکرد زانکۆ تایبەتەکان بکرێنەوە، بەڵام هەموو فێرخوازێکیش ناتوانێت کرێی خوێندنی ئەهلی دەستەبەر بکات، ئەمەش ئاڵنگارییەکی تری بەردەم خوێندنە.

 

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت خوێندنی باڵا لە سەرانسەری جیهاندا لە داهاتووێکی نزیک ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە، کە هەندێکیان پەیوەندییان بە توانای دارایی زانکۆکانەوە هەیە، هەندێکیشیان سیاسی، کۆمەڵایەتی یان تەکنۆلۆژین. یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوو بریتییە لە مسۆگەرکردنی سەرچاوەی داهات و بودجەی زانکۆکان. ئاشکرایە خوێندنی باڵا پڕۆسەیەکی گرانبەها و کەم قازانجە، هەتا زانکۆ ئەهلییەکانیش ئەگەر بە کوالێتییەکی بەرزەوە کاربکەن، ئەوا ناتوانن قازانجی باش بکەن. سەرچاوەی سەرەکی بودجەی زانکۆکان لە حکومەتەکانەوە دێت، لە کاتی قەیرانە داراییەکانیش حکومەت ناتوانێت بودجەی تەواو بۆ زانکۆکان دەستەبەر بکات، بۆیە یەکێک لە ئاڵنگارییەکانی سەردەم و داهاتووش ئەوەیە زانکۆکان چۆن بتوانن سەرچاوەی دارایی جۆراوجۆر بۆخۆیان بدۆزنەوە لە فەندە نێودەوڵەتییەکان، یارمەتی ڕێکخراوەکان و کرێی خوێندنی فێرخوازان.

 

ئاڵنگارییەکی دیكەی بەردەم خوێندی باڵا لەم دەیەیە بابەتی بەنێودەوڵەتیبوون و گلۆبەلایزەیشنە. زانکۆکان چیتر دەزگای ناوچەیی و لۆکاڵی نین، ئەمڕۆ زانکۆکان ئەگەر نەتوانن ڕەهەندی نێودەوڵەتی پەیدا بکەن، ئەوا لە ڕیزبەندییەکان و لە ڕووی ئابوورییشەوە زەرەرێکی زۆر دەکەن، بۆیە پێویستییان بەوە دەبێ مامۆستا و ستافەکانیان نوێ بکەنەوە و گەشەیان پێبدەن. ئەگەر مامۆستایانی زانکۆکان خۆیان نوێ نەکەنەوە، چیتر بەکەڵکی خوێندنی سەردەم و داهاتووش نایەن، هەروەها زانکۆکان دەبێت ڕێگەیەک بدۆزنەوە کە مامۆستا و فێرخوازی بیانیان هەبێت، هەروەها پەیوەندییەکی ئەکادیمی باش لەگەڵ جیهانی دەرەوە دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە توانای مامۆستایانیان بدەن و سەرنجی قوتابیانی بیانی بۆ خۆیان ڕابکێشن و لەگەڵ ڕەوتی گلۆبەلایزێیشن رێبکەن، ئەگەر وانەکەن ئەوا بەدڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بچووک دەبنەوە و دەپوکێنەوە، هەروەها حکومەتیش دەبێ لەم بوارەدا هاوکاری زانکۆکان بێت و یاسا، ڕێسا و ڕێنماییەکان وا هەموار بکاتەوە، کە ڕێگر نەبن لە بەردەم بە جیهانیبوونی زانکۆکان.

 

پرسەكانی فرەکەلتووری، یەکترقبووڵکردن، گشتگیری، دادپەروەری و یەکسانی ئاڵنگاریی دیكەی بەردەم دەزگاکانی خوێندنی باڵان، بەتایبەتی لە ناوچەیەکی فرەکەلتوور و فرەئایینی وەکو عێراق و هەرێمی کوردستان. لە ڕووی چینایەتیشەوە ئەمڕۆ لە جیهاندا خەڵک دابەشبوون بەسەر دوو چین، چینی دەوڵەمەند و چینی هەژار، چینی سێیەم کە چینێکی مامناوەندە، خەریکە نامێنێت و لەناودەچێت. ئەمەش یەکێکە لە ئاڵنگارییەکان کە ڕووبەڕووی زانکۆکان دەبێتەوە. لەوانەیە زانکۆکان ڕۆڵییان هەبێت لەم دابەشکارییە و کەمجار هەیە زانکۆکان دەرچووی چینی یەکەم پێبگەیەنن، بەڵکو زۆربەی کات کارمەند و فەرمانبەر لە چینی دووەم پێدەگەیەنن. زۆرجار گوێمان لێدەبێت کە ملیۆنێر و ملیاردێرەکان، خاوەنی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە چاوپێکەوتنەکانیاندا بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکەن کە خۆیان بڕوانامەی زانکۆییان نییە، بەڵام بە هەزاران دەرچووی زانکۆ لەلای ئەوان کار دەکەن. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە بۆ زانکۆکان دەرچووانێک پێناگەیەنن کە ببن بە خاوەن کار نەک کرێکار، یان بۆ زانکۆکان ڕۆڵیان نییە لە کەمکردنەوەی ئەم جیاوازیە و لە پێگەیاندنی دەرچووانێک لە چینی مامناوەندی کۆمەڵگە. لەلایەکی ترەوە خەڵکانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەمایەتییە ئیتنیکی و ئایینییەکان و خەڵکانی بە تەمەنیش دەبێت حیسابی تایبەتیان بۆ بکرێت. هەر بۆ نموونە ئەمڕۆ تەمەنی مرۆڤەکان درێژتر بووە و خەڵکانێک لە تەمەنێکی گەورەدا لەوانەیە حەزبکەن درێژە بە خوێندن بدەن، ئەمەش لەگەڵ پڕانسیپی فێربوون بە درێژایی تەمەن (Long life learning) یەکدەگرێتەوە، کە بەپێی ئەم بنەمایە فێربوون و خوێندن سنووری نییە، مرۆڤ لە هەموو تەمەنێک دەتوانێت بخوێنێت. لێرەشدا دەزگاکانی خوێندنی باڵا پێویستە حیساب بۆ ئەم بنەما سەردەمیە بکەن و جیاکاری لەسەر بنەمای تەمەن نەکەن.

 

ئەگەر ئەم ئاڵنگارییانە لە جیهانی پێشکەوتوو بوونیان هەبێت و جێگەی مەترسی بن، ئەوا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی بە کوردستانیشەوە، کە ئێمە بەشێکین لەم جیهانە، بەدڵنیاییەوە کێشە و گرفتەکان زیاتر و قووڵترن. لە هەرێمێکی پڕ کێشە و ململانێی ناوخۆیی و شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، دەزگاکانی خوێندنی باڵا پێویستە خۆیان بۆ ئاڵنگارییەکانی ئەم دەیەیە و دەیەکانی داهاتوو ئامادە بکەن.

 

Top