پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی سی و پێنج ساڵەی ئەنفالی بادینان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە درێژەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانەی لە سەدەی ڕابردوو دژی کوردانی فەیلی و ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و شوێنەكانی تر ئەنجام درا، سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی پێشووی عێراق لە دوایین قۆناغی پڕۆسەی ئەنفالدا پاش بۆردومان و كیمیابارانكردنی زۆربەی زۆری دەڤەری بادینان، خەڵكی ئەو ناوچانە و پێكهاتەكانی ڕووبەڕووی گرتن و بێسەروشوێن كردن و ڕاگواستن كردەوە. حكوومەتی ئەو كاتی عێراقی بەبەرچاوی جیهان سەدانهەزار سەرباز و چەكی تۆقێنەری لەدژی دانیشتوانی بێتاوانی بادینان بەكار هێنا. ئامانجی ئەو كردەیە شكاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕیی بادینان بوو، بەڵام گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادە و قەزییەكی ڕەوا بوو و هەرگیز لەبەرانبەر ئەو تاوان و ستەمكاریانەی دوژمن خۆی بەدەستەوە نەدا. ئەوە دوژمنان و تاوانباران بوون كە باجی هەڵە و تاوانەكانیان دا . ئەمە وانەیەكی گەورەیە بۆ ڕۆڵەكانی گەلەكەمان و هەمیش بۆ نەیاران و ناحەزانی گەلی كوردستان.
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەنێرین و جەخت لەوە دەكەینەوە دەبێ دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و ئەو تاوان و زوڵمانە بكات كە دەرهەق میللەتەكەمان كراوە.
مسعود بارزانی
25ی ئابی 2023