سوارە عەزیز عەلی بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ گوڵان : لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 13 ناوچەی پیشەسازی دادەمەزرێن
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆی گشتیی كارگە دامەزراوەكان 786 كارگە بووە و هەلی كار بۆ 13،451 كەس دابین كراوە
فرەچەشنكردنی داهات و هەمەجۆركردنی ئابووری بە یەكێك لەو كارە ستراتیژی و گەورانە دادەنرێت كە ئاستی وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری بەرەوپێشەوە دەبات، كەرتی پیشەسازی و هەمەجۆركردنی ئابووری، هەروەكو چۆن لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە یەكێك لە كەرتە زیندوو و گرنگەكان دادەنرێت، بەڵام ئاستەنگ و بەربەستی لە بەردەمدایە، ئەمە وێڕای ئەو سەركەوتن و بەرەوپێشچوونانەی لەم چوار ساڵەدا ڕووی داوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەتای كۆرۆنا شوێنەوارەكانی كەم بووەوە. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سوارە عەزیز عەلی بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ساز دا. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە
* كەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە هەرێمی كوردستاندا دووبارە ڕووی لە بووژانەوە كردووە، بەتایبەتی دوای هەوڵەكانی بەگەڕخستنەوەی كارگەكان و دروستكردنی ژمارەیەك كارگەی نوێ لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئێوە وەكو بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان، دەكرێت پێمان بڵێن كەرتی پیشەسازی و دامەزراندنی كارگەكان لە چ دۆخێكدان؟
- هەمەجۆركردنی ئابووری و فرەچەشنكردنی داهات یەكێكە لە سیاسەتە سەركەوتووەكانی هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو، سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی بەردەوامە و هاوسەنگی لەنێوان هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازیدا لێ دەكەوێتەوە، ئەمە وێڕای ئەوەی زۆرترین هەلی كار بۆ گەنجەكانمان لەخۆ دەگرێت، كۆمەڵگەش لە كۆمەڵگەیەكی بەكارهێنەرەوە دەگوازێتەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن. سیاسەتی ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو هەمەجۆركردنی ئابووری و فرەچەشنكردنی داهات دەچێت، ئەوەتا لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پێدانی هێمای بازرگانی بۆ كۆمپانیای خۆماڵی گەیشتە 2،434 و بۆ كۆمپانیای بیانیش 1،203 هێما، هەروەها چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماركردنی كۆمپانیاكان بۆ پارێزگاكانی هەولێر 2،864 و سلێمانی 1،262 و دهۆك 297 و كۆی گشتی هەموو كۆمپانیاكان 4،423 كۆمپانیا بووە، لەلایەكی دیكەوە بەو پێیەی كەرتی پیشەسازی ڕۆڵێكی گرنگی لە پێشخستنی ئابووری و بەهێزبوونی ئابووریدا هەیە، لەم ڕوانگەیەوە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە پلانی چوار ساڵەی خۆیدا گرنگییەكی تایبەتی بە بووژاندنەوەی پیشەسازی داوە، هەرچەندە ئەم پلان و بەرنامەیە لە دەستپێكی دەستپێكردنی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و شوێنەوارە مەترسیدارەكانی و دواتر داشكانی بەهای نەوت و بەردەوامیی قەیرانی دارایی، تووشی سستبوونەوە و ئاستەنگی گەورە بووەوە، بەڵام لە زۆر ڕووەوە كەرتەكە دەستی بە جووڵە و بووژانەوە كردەوە. سیاسەتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی لەسەر دوو بنەمای سەرەكی دامەزراوە، ئەویش (پاراستنی كارگەكان و دابینكردنی پێداویستیی بازاڕ)ـە، لەم پێناوەشدا ڕێنمایی پێویست بۆ دامەزراندنی كارگەكان دانراوە و لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی كارەكان دەكەین و لە پێشكەشكردنی ئاسانكاریمان كردووە، بەپێی ئامارەكانیش لە ساڵی 2020دا 47 كارگەی نوێ دامەزراون و لە ساڵی 2021 تا ڕاددەیەكی باش چالاكی لە هەردوو كەرتی پیشەسازی و كەرتی كشتوكاڵی زیادی كردووە و 204 مۆڵەت بۆ دامەزراندنی كارگە دراوە، واتا بە ڕێژەی 133% مۆڵەتی دامەزراندنی كارگە زیادی كردووە و ژمارەی ئەو كارگانەی دامەزراون گەیشتووەتە 4،115 كارگە بە بڕی دوو ملیار دۆلار و نزیكەی 43،348 هەلی كار لە كەرتی بەرهەمهێنانی پیشەسازی دابین كراوە، بەتایبەتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە كۆی گشتیی كارگەكان 786 كارگە بووە و هەلی كار بۆ 13،451 كەس دابین كراوە، لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا كۆمەڵێك ئاستەنگ و بەربەست لە بەردەم گەشەكردنی كەرتی پیشەسازیی كوردستاندا ماوە. سەبارەت بە مۆڵەتەكانیش لە ئێستادا چوار جۆر مۆڵەت هەیە، بۆ نموونە پڕۆژەی زۆر بچووك ژووری بازرگانی و پیشەسازی مۆڵەتی پێ دەدات، هەروەها پڕۆەی بچووك و مامناوەند بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی -وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی مۆڵەتەكە دەدات، پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێ دەدات.
* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا گرنگییەكی زۆر درا بە دامەزراندنی ناوچە پیشەسازییەكان و لە شاری دهۆك دەست بە جێبەجێكردنی كرا، ئایا دەكرێت بزانین دامەزراندنی ناوچە پیشەسازییەكان بەكوێ گەیشتووە؟
- دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی بە بونیادنانی ژێرخانی كەرتەكە دادەنرێت، ئێمە چوار ناوچەی پیشەسازیمان بە بڕی 180 ملیار دینار لەسەر ڕووبەری 3000 دۆنم زەوی پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و، سەرجەم ژێرخانی خزمەتگوزاریی كارەبا و ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و ڕێگەوبان و بنكەی تەندروستی و بنكەی ئاگركوژێنەوە و بنكەی پۆلیس و خواردنگە و پانتایی سەوزایی و پەیمانگەی پێگەیاندنی كادیران و چەندین بواری دیكەی لە كۆگا و پێداویستییەكانی دیكەی لەخۆ گرتووە و، لە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر درا، خراپیی بارودۆخی قەیرانی دارایی وای كردووە، ئەم پڕۆژانە كەمێك دوا بكەون، بوونی ئەم ناوچە پیشەسازییانە بۆ دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازی و دۆزینەوەی هەلی كار و چەندین بواری دیكە گرنگن، بۆیە ساڵانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی پێكەوە ڕێنمایی دەردەكەین بۆ پێشكەشكردنی بەرچاوڕوونی بۆ وەبەرهێن و خاوەن كارگەكان، ئەمەو لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە بڕیارە 13 ناوچەی پیشەسازی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا دروست بكرێت.
* لە سەرەتای قسەكانت باسی ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم گەشەكردنی كەرتی پیشەسازیت كرد، وەك بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەكرێت گەورەترینی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەمان بۆ دەستنیشان بكەیت؟
- یاسا و ڕێنماییەكانی زەمانی ڕابردوو ڕەنگە سەرەتا و گەورەترین ئاستەنگ بێت لە بەردەم خراپیی ژینگەی یاسایی گەشەكردنی پیشەسازیدا، كاتێك عێراق و هەرێمی كوردستان لە كەرتی گشتییەوە بەرەو كەرتی تایبەت و لە ئابووری سۆشیالیستییەوە بەرەو ئابووریی بازاڕ هەنگاوی ناوە، نەتوانراوە هەموو ئەو یاسایانە دابڕێژینەوە، یان جێبەجێیان بكەین، كە بۆ بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی گرنگن، بەمەش بۆشایی یاسایی گەشەكردنی كەرتی پیشەسازیی لە هەرێمی كوردستان دروست بووە. دوای یاساكان دەبێت كەموكورتییەكی دیكە چارەسەر بكەین، كە بریتییە لە نەبوونی ژێرخانی گەشەكردنی پیشەسازی، بۆ ئەم مەبەستەش توانیومانە چەندین ناوچەی پیشەسازی بخەینە پلان و بەرنامەوە و پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، هەندێكی بەردی بناغەی بۆ دانراوە وەكو ناوچە پیشەسازییەكانی خۆراك، هەروەها كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی پیشەسازیی كوردستانمان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە، كە بەردەوام كێشە و گرفتمان بۆ دروست كراوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق تاوەكو كارئاسانی بۆ ساغكردنەوەی ئەو بەرهەمانەی ناوخۆی كوردستان لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكرێت، هەروەها كێشەی بەرزیی نرخی كارەباشمان هەیە، لە ماوەیەكی نزیكدا ئومێد زۆرە بڕیاری داشكانی بەهای نرخی كارەبای پۆلی پیشەسازی لە بەرژەوەندیی خاوەن كارگەكان دەربچێت.
كێشەی كوژانەوەی زەویشمان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و كشتوكاڵ هەیە، گفتوگۆی جددی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەر بێت، بە سوپاسەوە ئەنجومەنی وەزیران دانیشتنی تایبەتیان بۆ ئێمە ڕێكخست لەگەڵ ئەو وەزارەت و دەستە و فەرمانگەیانەی پەیوەندیدارن بە كەرتی پیشەسازییەوە و گرفتمان لەگەڵیاندا هەیە و بڕیاری دامەزراندنی لێژنەیەكی باڵا دراوە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو گرفتانەی ئەم كەرتە بە خۆیەوە بینیوە.
* سەبارەت بە بۆشایی یاسایی، ئایا گرنگترینی ئەو یاسایانە چین كە كاری لەسەر دەكەن، یان بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەركراون و پەسەند كراون؟
- یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و یاسای گەشەپێدانی پیشەسازی بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو، یاسای یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی پەسەند كران و، چەندین یاسای دیكەش هەیە ئامادە كراون، لەوانە (یاسای شار و ناوچەی پیشەسازیی ڕێكخراو- یاسای ناوچەی پیشەسازی و بازرگانیی خزمەتگوزاریی ئازاد- پڕۆژە یاسای ئامادەكراو تایبەت بە دامەزراوەی خۆراك و دەرمان و...هتد) ئەمە و چەندین ڕێنمایی تایبەت بە پێدانی چیمەنتۆ بە هاووڵاتیان و بوارەكانی بازرگانی دەرچوون، ئەمە وێڕای ئامادەكردنی كارنامەی چاكسازی و كاركردن لەسەر بەئەلیكترینیكردن و دانانی سیستمی مۆڵەتی كارگەكان و ئامادەكردنی چەندین پڕۆژەی وەكو پڕۆژە بەردەوامەكان و پێشنیارەكان، دوا جار یاسا بەپێی بارودۆخی كەرتەكە و گۆڕانكارییەكان و بەپێی قۆناغەكە و گۆڕانكارییەكانی بەردەوام پێویستی بە دووبارە هەمواركردنەوە هەیە و ئەمە كارێكی نۆڕماڵ و ئاساییە.
* ئەركی سەرەكیی وەزارەتەكەتان بریتییە لە (پاراستنی كارگەكان، دابینكردنی پێداویستیی بازاڕ) ئایا چۆن دەتوانن هاوسەنگیی نێوان هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی ڕابگرن؟
- ئەمە كارێكی وا ئاسان نییە، بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان كە وابەستەی ئابووریی عێراقە و لە دۆخێكی وادا نییە، بتوانرێت ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ هەموو پێداویستییەكانی بازاڕ پڕ بكاتەوە، بۆیە هاوسەنگبوونی نێوان هەردوو بواری هەناردە و هێنراوەكان كە پێی دەگوترێت تەرازووی بازرگانی، كارێكی وا ئاسان نییە، هەردوو بوارەكە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی جیا كراونەتەوە و بریكاری تایبەت بە خۆیان هەیە، تا ئێستا هەناردەمان زۆر كەمە بەتایبەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ و جیهان، لەمەشدا لە هەوڵی ئەوەین پاڵپشتیی بەرهەمی خۆماڵی بكەین بۆ ئەوەی بەرهەمی بیانی نەتوانێت كێبڕكێی بەرهەمی خۆماڵی بكات و تەنانەت بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆ بدۆزینەوە، لەم بارەیەوە چەندین هەنگاو نراون، وەكو پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی و كارئاسانی بۆ دامەزراندنی كارگەكانی پیشەسازیی خۆراكی و هەوڵەكانی دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە نێوخۆییەكان و چەندین كارو ڕێكاری دیكە، تاوەكو بتوانین ئاستی بەرهەمی نێوخۆ بەرز بكەینەوە.