جیاوازبوون!

جیاوازبوون!

دهۆک بەڕۆژی وه‌ختێ جیاواز ده‌رده‌كه‌ویت خه‌ڵك به‌جۆرێك سه‌برت ده‌كه‌ن،وه‌كو ئه‌وه‌ی شاخت لێ ڕوابێت و كلكت هاتبێت.
ئه‌مجاره‌یان له‌مه‌ڕ بابه‌تێكی هه‌ستیار ورد قسه‌ ده‌كه‌ین بابه‌تێك پێویسته‌ زۆر به‌وردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت زۆر به‌ هێمنی گه‌نگه‌شه‌ بكرێت. به‌ درێژایی مێژوو،قوربانیانی جیاوازبوون و جه‌سته‌یان باجی جیاوازبوونیان داوه‌!
جیاوازبوون،یان جیاوازده‌ركه‌وتن ئه‌وه‌یه‌ تاكی جوداخواز له‌و كۆمه‌لگه‌یه‌ی تێبدا ده‌ژی،جیاواز ده‌ربكه‌وێت جیاواز بیر بكاته‌وه‌و فكره‌ی له‌وانی دی جودابێت،یان پێچه‌وانه‌ی دابونه‌ریت هه‌ڵسوكه‌وت بكات، یان شێوه‌و ڕوخسارێكی جیاوازی هه‌بێت،به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی به‌هه‌ر حاڵ مه‌به‌ست له‌ جیاوازبوون ئه‌وه‌یه‌ تاك هه‌ڵگری شتێك،یان شتانێكی تازه‌و نامۆ بێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی!
بمبورن كه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم:زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان بێ بیركردنه‌وه‌و به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن دوای شته‌كان ده‌كه‌ون!یانی ئێمه‌ شته‌كان به‌ چاولێكه‌ری و عورف وه‌رده‌گرین!یانی ئێمه‌ شته‌كان ،بۆیه‌ هه‌میشه‌ دوای عامێ كه‌وتووین،عامی خه‌ڵكیش ڕاهاتوون كه‌بیر نه‌كه‌نه‌وه‌!عامی خه‌ڵكیش نه‌زانن به‌ بابه‌ته‌كان،زۆربه‌ی خه‌ڵك ڕقیان له‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌ جیاواز شاز ده‌ربكه‌ون،له‌ چاوه‌كان له‌ زمانی مرۆڤه‌كانی دی ده‌ترسن،ده‌ترسن بكه‌ونه‌به‌ر لۆمه‌و سه‌رزه‌نشتی ئه‌وانی دی، نایانه‌وێت به‌ر توانجی ئه‌م ئه‌وبكه‌ون ببنه‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی سه‌ر زاری خه‌ڵك!
كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك هه‌ن،نایانه‌وێت دوای زۆرینه‌ بكه‌ون،له‌و حه‌قیقه‌ته‌ گه‌یشتوون،كه‌ هه‌میشه‌ ڕێگه‌ی زۆرینه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌،نایانه‌وێت شوێن كڵاوی بابردوو بكه‌ون،ده‌یانه‌وێت خۆیان،كڵا بۆ خۆیان چێ بكهن!كه‌ چوونه‌ شاری كوێران، نایانه‌وێت وه‌كو مه‌ڕ دوای مێگه‌ڵ بكه‌ون، ئه‌وان هه‌ڵون هه‌میشه‌ حه‌ز به‌ فڕین و به‌رزی و ئازادی ده‌كه‌ن!
ئه‌و كه‌سانه‌ش،ئه‌وانه‌ن كه‌بیر ده‌كه‌نه‌وه‌،ئه‌وانه‌ن كه‌ دوابه‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ دواچوون،ئینجا بڕیار ده‌ده‌ن و هه‌ڵده‌بژێرن،ئه‌وانه‌ن شته‌كان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر تای ته‌رازووی بیر و هۆشیان ئه‌وانه‌ن ئه‌قڵیان كراوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌قكاری تازه‌و شتی نوێ،ئه‌وانه‌ن كه‌ خۆشییان له‌ جیاوازی دێت،ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌ربه‌ده‌ریان قه‌بووڵه‌ ئه‌وانه‌ن به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ جیاوازییه‌كانیان ده‌گه‌یه‌نن ئه‌وانه‌ن كه‌ جیاوازییان بێ هه‌زم ده‌كرێت ئه‌وانه‌ی رێز له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌گرن،كه‌جیاواز له‌وان له‌بیروباوه‌ڕ،له‌ بیركردنه‌وه‌.له‌ كردارو گوفتار له‌ چۆنێتیی ژیان له‌ به‌كارهێنان له‌ شكڵ شێوه‌!
له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌شدا كه‌سانێك هه‌ن حه‌زی خولیای جیاوازبوون،والێكردوون هه‌ر كارێك بكه‌ن، هه‌ر كارێك بێت، بێگوێدانه‌، یاسا و ڕیساو بنه‌ماكانیان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئایین و ڕه‌وشتیان،ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێیان بۆترێت جیاوازن!گه‌رچی جیاوازبوونی جۆری یه‌كه‌م مه‌ترسیداره‌،به‌ڵام ئه‌مه‌ی دووه‌میان زۆر ترسناكه‌،كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌نها بمانه‌وێت جیاوازبوون و ده‌ربكه‌وین و به‌س! گه‌ر تۆزێك له‌ ده‌وروبه‌رمان ورد ببینه‌وه‌،ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ به‌دی ده‌كه‌ین،كه‌ له‌ پێناو جیاوازبوون و جیاوازده‌ركه‌وتن،خۆیان مه‌بده‌ئیان فرۆشت،كه‌سایه‌تی ئه‌قڵیان خسته مه‌زاده‌وه‌!ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌،سه‌رگه‌ردان و سه‌رلێشێواوو خه‌ساره‌تمه‌ند و دۆڕاون له‌ ژیان!
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت به‌وردی بیگه‌یه‌نم ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ جیاوازبوون باش نییه‌،مه‌رج نییه‌ هه‌رچی جیاواز ده‌ركه‌وت، مانای ئه‌وه‌بێت بیرمه‌ند زانا و دانایه‌،ناكرێت ئامانجی مرۆڤ ته‌نها جیاوازبوون و خۆده‌رخستن بێت!هه‌ن ته‌نها ده‌یانه‌وێت ببن به‌ژماره‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یاندا،گه‌ره‌كیانه‌ بناسرێن و ناویان بچێته سه‌ری خاوه‌كه‌ی ده‌خوات و ده‌ستی ده‌باته‌ قوڕا، جیاوازبوونیش ئه‌ته‌كێتی خۆی هه‌یه‌!
ئاگاداربن نه‌به‌رج نه‌ چه‌ك،نه‌ جنێوو قسه‌ی زیر،نه‌ بێڕێزیكردن نه‌ سه‌ركوتكردن نه‌ به‌كه‌مسه‌یركردن،نه‌ پشتتێكردن،به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بووڵ نییه‌ دژی ئه‌وانه‌ به‌كار بێت،كه‌ جیاوازن خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌ی شازن! بیرتان بێت ئێمه‌ مرۆڤین،مرۆڤیش شایه‌نی رێزه،خاوه‌ن لوتفه‌ ئه‌مه‌ش بێگوێدانه‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری چ ئایدیا و بیروباوه‌ڕێكه‌!
كه‌واته‌ با جیاواز بین و جیاوازه‌كانیشمان قه‌بووڵ بێت ژیان به‌و شێوه‌یه‌ جوانه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌مان خۆمان بین هه‌ر یه‌كه‌مان قه‌ناعه‌تمان چۆنه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بژین،گه‌وره‌ترین دووفافی مرۆڤ لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات،كه‌ به‌ جۆرێك ده‌ژی،خۆیشی قه‌ناعه‌تی پێی نییه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕه‌نگێكه‌،ناوه‌وه‌شی هه‌زار ڕه‌نگ!
وه‌رن جیاوازبوون بكه‌ینه‌ كه‌لتوور،لێگه‌ڕێن مرۆڤه‌كان ده‌ست هه‌ڵبڕن و قسه‌ی دڵی خۆتان بكه‌ن مه‌ترسن!لیگه‌ڕێن یا جیاوازییه‌كانمان ده‌ركه‌وێت ئه‌وانه‌ی ناتوانن جیاوازییه‌كان قه‌بووڵ بكه‌ن،ئه‌وانه‌ نه‌زانن،سه‌رنج بده‌ خودا فه‌راهه‌مهێنه‌ری جیاوازییه‌كانه‌!

Top