سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە هەڵسوڕێنەری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9/8/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەیڤد بێرگەر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان کرا.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان بە ئاراستەی بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی ئامادەکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی کە پێویستە ئامادەکردنی یاساکە، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدرالی عێراق بێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە پێی کارنامەی کابینەی نۆیەم و دوورخستنەوەی هەموو جۆرە دەستێوەردانێکی حزبی لە ناو وەزارەت کرا.


