راپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ لەگەڵ ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر

راپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ  لەگەڵ ئالوودەبووانی  ماددەی هۆشبەر

 

 

بازنەی گفتوگۆ پێش ئەنجامدانی هەر ئەڵقەیەكی «بازنەی گفتوگۆ»، ڕاپرسییەك، یان ڕاپۆرتێكی مەیدانی ئەنجام دەدات، بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكە، داتا و ئامارەكان لەگەڵ ڕاپۆرتە مەیدانییەكان پیشانی ئاماددەبووان بدرێت و، پاشان لەبەر ڕۆشنایی قسە و ڕای خەڵك ئاراستەی گفتوگۆكە دیاری بكرێت، بۆ ئەڵقەی ئەمجارە بازنەی گفتوگۆ «ماددەی هۆشبەر و مەترسییەكانی» ڕاپۆرتێكی مەیدانیمان لەناو چاكسازییەكانی ژنان و نەوجەوانانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك ئەنجام دا و لەبەر هەستیاریی بابەتەكە تەنیا بەشێك لە قسەكانی چەند زیندانی بڵاو دەكەینەوە، كە بۆ ئەم ڕاپۆرتە قسەیان بۆ كردووین:

 

 

 

نەوجەوانێكی كوڕ خوار تەمەن 18 ساڵ:

هاوڕێكانم فێری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەریان كردم و بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دراوم

 

 

من لە ڕێگەی هاوڕێكانمەوە فێری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووم و، بەر لەوەی دەستگیر بكرێم، بۆ ماوەی چوار ساڵ بە كارم هێناوە و ئالوودە بووم. سەرەتا هەستم بە جۆرێك لە خۆشی دەكرد، بەڵام دواتر وردە وردە هەستم كرد، كاریگەری لەسەر جەستە و دەروونم دروست كردووە، لەوانە خەوم كەم ببوو، لاواز بووم، حەزم لە خواردن نەمابوو، زۆر كەمم دەخوارد، لە كاركردن دوور كەوتبوومەوە، لە ناو خێزان و كەسوكار و خزمەكانم نامۆ بووم و حەزم دەكرد بە تەنیا بم، پەست و بێزارم بووم تاقەتی خۆشوشتن و پاك و خاوێنیشم نەمابوو.

 من ئێستا لە چاكسازی بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دراوم، زۆر زۆر پەشێمانم، بە هۆی گیرانی منەوە، خێزانەكەم تووشی كارەسات بووە و دایكیشم تووشی چەندین نەخۆشی بووە، پەیامی من بۆ گەنجان و نەوجەوانانی هاوتەمەنی خۆم ئەوەیە، دەزانم ئێستا بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ناویاندا زۆر بڵاو بووەتەوە، بەڵام تكایان لێ دەكەم، هەرگیز بیر لەوە نەكەنەوە دەست بۆ ئەو كارە هەڵەیە بەرن، كە من دەستم بۆ برد. ئەو كاتەی من بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووم، دەچووم قەرزم دەكرد، یان لەم و لەو دەپاڕامەوە كە تۆزیك ماددەی هۆشبەرم بدەنێ، من لەو ڕێگەیە تووشی كاری خراپ نەبووم، بەڵام زۆر هەبوون بۆ پەیداكردنی ماددەی هۆشبەر پەنایان بۆ دزی و زۆر كاری خراپی دیكە بردووە. هەر بۆیە بەڵێنم داوە، دوای ئەوەی ماوەی سزادانەكەم تەواو كرد و گەڕامەوە ناو كۆمەڵگە، جارێكی دیكە هەڵەی پێشوو دووبارە نەكەمەوە. من لێرە لە چاكسازی فێری چەندین پیشەی باش بووم، وەك وەستای سپلیت، وەەستای دیكۆر، هەروەها فێری ژەنینی ئامێری موزیكا بووم و ئێستا موزیكژەنێكی زۆر باشم، كە بەریش بووم بەردەوام دەبم.

 

ژنێك خۆی و هاوسەرەكەی

لە زیندانەكانی چاكسازین:

ئێمە قوربانیی ماددەی هۆشبەرین

خێزانمان نەما و منداڵەكەشمان سەرگەردان بوو

 

من ئەمە دووەمین جارمە لەسەر بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر زیندانی دەكرێم، جاری یەكەم بۆ ماوەی 12 مانگ لە چاكسازی بووم، بەڵام دوای ئازادبوونم دووبارە تووشی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوومەوە و دووبارە دەستگیر كرامەوە و نزیكەی دوو مانگە لێرەم.

من سەرەتا لە ڕێگەی هاوسەرەكەمەوە فێری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووم، حەبی ترامادۆڵی دەدامێ وەك چارەسەری نەخۆشیی دەروونی، دواتر ماددەكانی دیكەی وەك كریستاڵمان بەكار دەهێنا.

لێرە گرنگە ئاماژە بەوە بكەم كە ماوەیەكی زۆر تووشی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووم، ئێمە ئالوودە بووین و بە بێ ماددەی هۆشبەر هەڵناكەین، بەڵام حكومەت دەمانگرێت و دەمانهێنێت بۆ ئەم چاكسازییانە، پێش ئەوەی لێرە بەند بكرێین، من تەنیا مێردەكەمم دەناسی كە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر بوو، بەڵام لێرە لەبری چارەسەر ئێمە خەڵكی دیكە دەناسین لەوانەی ماددەی هۆشبەر بەكار دەهێنن و سەرەنجام دەبینە گرووپ و باندی گەورە، پێشتر من زۆر بە زەحمەت ماددەی هۆشبەرم دەست دەكەوت، بەڵام ئێستا بە ئاسانی دەستم دەكەوێت و تەنات بە خۆڕاییش دەمدەنێ. لە ئێستادا دوای ئەوەی ئەو خەڵكانەمان ناسی، هەست دەكەین ماددەی هۆشبەر زۆر لەناو ژناندا بڵاو بووەتەوە

 ئێمە نەخۆشین و پێویستمان بە چارەسەرە، ماددەی هۆشبەر تێكەڵاوی خوێنمان بووە و دەبێت خوێنمان پاك بكرێتەوە، من پێمخۆشە لەم نەخۆشییە چاك ببمەوە و بگەڕێمەوە ناو ماڵ و خێزانی خۆم، ئێستا بە هۆی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە خێزانەكەم دابڕاوم، لەگەڵ هاوسەرەكەم جیا بوومەتەوە و ئەویش لەسەر بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیراوە و سزا دراوە، لەم نێوەندا منداڵەكەم سەرگەردان بووە و ئێستا لای خەسووم پەروەردە دەكرێت.

ئافرەتێكی تەمەن مامناوەند:

دكتۆرێكی برادەرم بە نێرگەلە فێری بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەری كردم

من ئافرەتێكم خێزاندارم و هاوسەر و سێ منداڵیشم هەیە، ماوەی سێ مانگە لە چاكسازی زیندانیم و دوو جار بۆ لێكۆڵینەوە بانگ كراوم، بەڵام هەتا ئێستا دادگایی نەكراوم.

من لە ڕێی دكتۆرێكی برادەرمەوە تووشی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووم كە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی. یەكەم جار پێكەوە نێرگەلەی كارەباییمان دەكێشا، هەستم كرد تامەكەی جیاوازە، لەوە گومانێكم بۆ دروست بوو، بەڵام قسەم نەكرد، پاش چەند ڕۆژێك هەستم كرد، جەستەم تێك چووە و ئازاری هەیە، دیسان دەستمان كردەوە بە نێرگەلەكێشان، كە دیار بوو بەبێ ئەوەی من بیبینم ئەو ماددەیەی تێ دەكرد، ئەو ماددەیە وای لێ دەكردم لای دكتۆرەكە بمێنمەوە، ئەمە لە كاتێكدا من هاوسەر و سێ منداڵیشم هەبوو، بە هەر حاڵ دوای ئەوەی ئەو سەفەری كرد و چووە دەرەوەی وڵات، منیش حەزم بۆ ماددەی هۆشبەر دەچوو و دەستم نەدەكەوت، بۆیە تەلەفۆنم بۆ كرد، ئەو ناونیشانی كەسێكی پێدام كە بچم بیناسم و پاشان ببێتە سەرچاوەی پەیداكردنی ماددەی هۆشبەر بۆ من، كە چووم ئەو كەسە ببینم، ئێمە هەردووكمان پێكەوە دەستگیر كراین، بەڵام هیچمان ماددەی هۆشبەرمان پێ نەگیرا.

لێرە لەم چاكسازییە ئافرەتی زۆر دەبینم، كە چەندین جار لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر كراون و هەموو جۆرەكانی ماددەی هۆشبەریش بەكار دەهێنن، هەروەها پێشتر لە دەرەوە من بۆ گەڕان بە دوای ماددەی هۆشبەر دەستگیر كرام، بەڵام لێرە خەڵكانێكم ناسیوە كە بە خۆڕایی ماددەی هۆشبەرم دەدەنێ ئەگەر بمەوێت، بۆیە تكام لە بەكارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر بەتایبەتی ژنان ئەوەیە هەتا پێیان دەكرێت، خۆیان تێكەڵاوی ماددەی هۆشبەر نەكەن، ئەگەر خوانەخواستە تووش بوون، بە زوویی سەردانی دكتۆر بكەن و چارەسەری خۆیان بكەن، چونكە ئەگەر خوانەخواستە دەستگیر بكرێن، لە چاكسازی تووشی نەخۆشیی دەروونی دەبن.

هاوكار عوسمان محەمەد ئەمین بەرپرسی بەدواداچووون و هەماهەنگی لە چاكسازیی هەولێر:

پشكنینی پزیشكی بۆ تووشبووانی ماددەی هۆشبەر دەكەین و بە شێوەیەكی دروست مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەكردنی چاكسازییەكان لەگەڵ سزادردراون و ڕاگیراوان، بەرپرسی بەدواچوون و هەماهەنگی لە چاكسازیی هەولێر بەمجۆرە بۆ ڕاپۆرتی بازنەی گفتوگۆ قسەی بۆ كردین:

لێرە دوو جۆر زیندانیمان هەیە، هەندێكیان سزادراون و سزاكەیان دیارە و ماوەیەك لێرە دەمێننەوە، هەندێكیشان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و پاشان دادگایی دەكرێن، بۆیە نازانین چەند لێرە دەمێننەوە.

سەبارەت بەوانەی تووشی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرن، سەرەتا كە دێنە ئێرە لە «ڕاگیراو»، ڕایاندەگرین، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ڕەوانەی بنكەی تەندروستی دەكرێن و پشكنینی پزیشكییان بۆ دەكرێت، هەروەها پزیشكی دەروونی دەیانبینێت و ئەگەر پێویستیان بە دەرمان بێت، دەرمانیان پێ دەدرێت، ئەگەر پێویستیان بە دانیشتن و كۆرسی دەروونی هەبێت، بۆ یان دەكرێت، بەڵام ئەوانەی كە سزا دراون» ئەوجا لەسەر هەر تاوانێك سزا درابن، بە ماددەی هۆشبەریشەوە» كارێكی بە بەرنامە و ڕێكوپێكیان بۆ دەكەین.

هەوڵی یەكەممان ئەوەیە ئەگەر لە پرۆسەی خوێندن دابڕا بوو، بیخەینە بەر خوێندن، هەشیانە كە دەیهێننە ئێرە هەر خوێندەواریی نییە، ئەوانیش خولی خێرایان بۆ دەكەینەوە و فێری خوێندن و نووسینیان دەكەین. لە پاڵ ئەمەشدا ئێمە لێرە كۆمەڵێك خول و سیمینارمان هەیە كە بۆ نەوجەوانانی كوڕ و ژنانیش گرێی دەدەین بۆ ئەوەی هۆشیاریان بكەینەوە.

خولی تایبەتمان هەیە بۆ نەوجەوانانی كوڕان وەك خولەكانی فێركردنی خەیاتی، ئاسنگەری، دارتاشی، بەستن و چاكردنەوەی سپلیت و ساردكەرەوەكان. هەروەها خولی دیكەشمان هەیە، وەك خولی فێربوونی زمان و میوزیك.

لێرە ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی باسی ئەو هۆكارانە بكەین كە وادەكەن نەوجەوانان ئالوودەی ماددەی هۆشبەر بن، هۆكاری یەكەم پەیوەندی بە خێزانەوە هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو نەوجەوانە ئەزموونی نییە هەتا تاوان ئەنجام بدات، بەڵكو لەناو خێزانەكەی خۆی بینیویەتی و لاسایی دەكاتەوە، سەبارەت بە فێربوونی ماددەی هۆشبەریش بەپیی ئەو كەیسانەی لای ئێمەن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە، بە زۆری لە ڕێگەی هاوڕێكانیانەوە فێر بوون و بە ماددەی هۆشبەر ئالوودە بوون.

 

Top