جەواد مەلەكشاهی بۆ گوڵان:   بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنی پێشنیازەكانی كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی كوردی فەیلی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی دەستەیەكی دەركردووە

جەواد مەلەكشاهی بۆ گوڵان:     بۆ بەدواداچوون و جێبەجێكردنی پێشنیازەكانی كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی كوردی فەیلی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی دەستەیەكی دەركردووە

 

 

ئەو بڕیارانەی حزبی بەعس دژی كوردانی فەیلی دەری كرد، تاكو ئێستا ماون و لانەبراون و هەڵنەوەشاونەتەوە و هەنگاویش بۆ قەرەبووكردنەوەی كوردانی فەیلی هەڵنەگیراوە

 

 

جینۆسایدی كوردانی فەیلی بە یەكێك لە كۆمەڵكوژییەكانی ڕژێمی بەعس دادەنرێت، كە بۆ مەرامی شۆڤێنی دژی پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كورد ئەنجام دراوە، شۆڤێنییەكان بە هۆی زۆریی ژمارەی كورد لە بەغدا و بەشداربوونی كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول و خۆشەویستییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی، ترس و نیگەرنییەكی زۆریان لە دژی ئەم پێكهاتە ڕەسەنەی كورد هەبوو. كوردانی فەیلی وێڕای ئەوەی زۆرینەیان خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقین، كەچی بە پاساوی جۆراوجۆر ئەو تاوانە قێزەوەنەیان دەرهەق ئەنجام درا. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووسی كوردی فەیلی جەواد مەلەكشاهی ساز دا، كە لە بەغدا بەڕێوەبەری ڕادیۆی (الشفق) بووە و، لە ئێستادا (بە وەكالەت) سەرنووسەری ڕۆژنامەی (التاخی)یە. لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* ئەو ڕەشبگیری و جینۆسایدەی كە لە نێوان ساڵەكانی 1970 تاوەكو 1988 لە عێراقدا بەرانبەر كوردانی فەیلی ئەنجام دران، وەكو دیكۆمێنتكاری كاری زۆری لەسەر نەكراوە و جۆرێك لە شاردنەوە و ناڕوونی پێوە دیارە، با سەرەتا پرسیارەكەمان بەوە دەست پێ بكەین، لەژێر چ پاساوێكدا حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەتایبەتی ڕژێمی بەعس ئەو تاوانە دڕندانەیەیان دژی كوردانی فەیلی ئەنجام داوە؟

- زاڵبوونی مۆركی نەتەوەیی كورد لای كوردانی فەیلی و خۆشەویستییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی و بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول، وای لە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق كرد، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس كەوا ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆریان بەرانبەر كوردانی فەیلی هەبێت، هەر ئەمەش بوو وای كرد، زیاتر لە نیو ملیۆن كوردی فەیلی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران بكرێن و ڕەشبگیری دژی گەنجەكانیان دەست پێ بكرێت و دواتر شوێن بزریان بكەن، بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە ئەوەیە كە لە عێراقدا پێكهاتەی عەرەبی شیعە زۆر زیاترە لە كوردانی فەیلی، كەچی ڕووبەڕووی شاڵاوێكی وا دڕندانە و فراوان نەبوونەتەوە، كوردانی فەیلی لە بەغدا بەتایبەتی بە لایەنگری مەلا مستەفا بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد ناسرا بوون، ژمارەیەكیشیان لەناو ڕیزەكانی حزبی شیوعی عێراقدا بوون، بەڵام ئەو سەردەمە كە حزبی ئیسلامی بەو ڕاددەیە دەسەڵاتی نەبوو، بۆیە ئەوان بە پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی سیمبولی نەتەوەیی و شۆڕشی كوردستانی ناسرا بوون، ئەمە وێڕای ئەوەی چڕی و زۆریی دانیشتووانی كوردەكان لە بەغدا كە زۆرینەیان كوردی فەیلی بوون و تەنانەت زۆربەی ناوچە دەوڵەمەندەكانی لای بەشی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی عێراقیشیان بە دەستەوە بوو. هەموو ئەم هۆكارانە وایان كرد، ڕژێمی بەعس گەورەترین پاكتاوكردنی جینۆساید دژی كوردی فەیلی ئەنجام بدات، ئەو سەردەمە بازاڕی شۆریجە لە بەغدا كە گەورەترین بازاڕ بوو، نەك تەنیا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵكو بازاڕەكە لەئاستی هەموو ناوچەكەش ناوبانگێكی زۆری هەبوو، لەناو ئەم بازاڕەی شۆریجەدا زۆرینەی بازرگان و كاسبكار و پیشەوەرەكانی لە نەتەوەی كورد بوون، تەنانەت گەڕەكەكانی دیكەشی كە بە «گەڕەكی كوردان–حی الاكراد» بەناوبانگ بوون، زۆرینەی كەسایەتییە بەناوبانگەكانی بەغدای لێ نیشتەجێ بوون، هەر سرووشتی پایتەختەكان خەسڵەتێكی مەدەنی و شارستانی پێوە دیارە و دانیشتووانەكەی زیاتر سەرقاڵی كاری فەرمانبەری و وەزیفەی حكومەت و كاری مەدەنی و بازرگانین و، زۆر خولیای شەڕ و سەربازی نین، بەڵام ئەم عێراقە هەر لە مێژووی دروستبوونیەوە ئەمە قەدەری بووە، كەوا كەسانی شۆڤێنی حوكمیان لە دەستدا بووە و كوردیان قەتڵوعام كردووە، لە حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانیشدا ئەم شاڵاوانە دژ بە كوردی فەیلی گەیشتنە لووتكە، بەتایبەتی كە حزبی بەعس لە ساتەوەختی خۆئامادەكردن بوو بۆ بەرپاكردنی شەڕێكی قورس لە دژی ئێران.

* كەواتە لە ساڵی 1980 بیانووی «التبعیة الایرانیة» و هەروەها ڕووداوەكەی تەقینەوەی زانكۆی موستەنسرییە تەنیا پاساوێك بوو بۆ جێبەجێكردنی هەڵمەتی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی؟

- زۆریی ڕێژەی دانیشتووانی كوردی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدای پایتەخت و لە تەواوی ناوچە دەوڵەمەندەكانی نەوت و گازی سرووشتی لە ڕۆژهەڵاتی عێراق بەتایبەتی لە خانەقین و دیالە، ئەمە هەمووی وای كرد ڕق و قینی شۆڤێنییەكان دژ بە كورد و ئەندام و لایەنگرانی مەلا مستەفا بارزانی لەناو پارتی زۆر هەڵبكشێت، ئەوە بوو زیاتر لە نیو ملیۆن كوردی فەیلی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و لە ڕەشبگیرییەكی فراوانیشدا كە دژی ژمارەیەكی زۆری گەنجانی كوردی فەیلی دەستی پێ كرا و ڕاپێچی زیندانەكانی ئەبوغرێب و نوگرەسەلمان و زیندانەكانی موخابەراتیان كردن و دواتر بێسەروشوێن كران، ئیتر بابەتی «التبعیة الایرانیة» و تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییە ئەو بیانووە بوو بۆ هێرشكردنە سەر كورد، كوردانی فەیلی حەزیان بە خزمەتی بە زۆرەملێی سەربازی نەدەكرد، بۆیە خۆیان بە «التبعیة الایرانیة» هێشتبووەوە، هەرچی تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییەش بوو، ئەو دەمە زۆر بە دەگمەن كوردی فەیلی دەچوونە ناو ڕیزەكانی حزبی دەعوەوە هەر خۆی لە خۆیدا حزبی ئیسلامی لە عێراقدا زۆر لاواز بوو، ئێ خۆ ڕەشبگیری و دەركردنی كوردانی فەیلی لە سەردەمی ڕەشید عالی گەیلانی لە ساڵی 1948وە دەستی پێ كردووە و هەندێك كوردی فەیلیان ڕاگوازتەوە بۆ ئێران، لە ساڵی 1970 لەگەڵ هاتنی حزبی بەعس بۆ سەر دەسەڵات ئەم ژمارەیە بۆ 100 هەزار كەس زیادی كرد، تا شاڵاوە گەورەكەی 1980 كە نزیكەی نیو ملیۆن كوردی فەیلی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و 22 هەزار گەنجی فەیلیش دوای ئەوەی دەستگیر كران و لە خێزانەكانیان جیا كرانەوە، ڕاپێچی زیندانەكان كران و بێسەروشوێن كران، بۆیە هەموو شاڵاو و دەركردنەكە بۆ تەعریب و لێدانی پێگەی كورد بوو لە عێراق، ئەو دەمە تاكو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، لە ناوچەكانی كوردانی فەیلی تەعریبێكی بەرنامەداڕێژدراو بەردەوامە و تا دێت مەترسیدارتر دەبێت.

* كوردانی فەیلی خاوەن كەسایەتیی نەتەوەیین، ڕاستە ئەوان ڕێز لە مەزهەبەكەشیان دەگرن، بەڵام بە پلەی یەكەم كوردبوونەكەیان زیاتر لا مەبەستە، ئایا تا چەند مەسەلەی مەزهەب كاریگەریی لەسەر لایەنی نەتەوەیی كوردانی فەیلی هەبووە؟

- بابەتی كوردبوون و بابەتی مەزهەبی هیچ هاودژییەكیان لەگەڵ یەكتردا نییە، ئایین و مەزهەب خوداپەرستییە لە نێوان تاك و خودا، خودای گەورە و میهرەبان هەموومانی خەڵق كردووە و بە جیاوازی نەتەوە و هۆز و تیرەوە، ئێمەش بە كوردی لەدایك بووین و خاوەنی زمانی دایكین كە كوردییە، لە سەردەمەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا ئەوەندە گرفتی مەزهەبی نەبووە، بۆیە لای كوردانی فەیلی بابەتی نەتەوەیی زۆر باڵادەستترە لەسەر بابەتی مەزهەبی. لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو تاكە حزبی كوردستانی كوردانی فەیلی بەشدارییەكی كارایان هەبوو، جەعفەر محەمەد كەریم لە كادیرە ناسراو و دامەزرێنەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، براكەی حەبیب محەمەد كەریم و یەدوڵڵا فەیلی و دەیان كوردی فەیلی دیكە لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بوون. لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بكەین كە تەنیا كوردی فەیلی نەبووە كە جینۆساید كراون بە قێزەوەنترین و دڕندەترین شێوە قەتڵوعام كراون، ئەوەتا ئەنفالەكان و ڕووخانی زیاتر لە 4000 گوند و كۆڕەوە ملیۆنییەكە و جینۆساید و ئەنفالی بارزانییەكان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و لەم دواییەشدا جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و داگیركردنی خاك و تەعریبكردنی ناوچەكانمان هەمووی بەڵگەن لەوەی لە عێراقدا كورد جینۆساید كراوە.

* ئایا پێت وانییە جینۆسایدی كوردانی فەیلی مافی تەواوەتی خۆی پێ نەدراوە و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە لەلایەن عێراقەوە ئەم كەیسە گرنگە پشتگوێ خراوە و نەتوانراوە كوردانی فەیلی ئەو پێگە و دەسەڵاتەیان بۆ بگەڕێتەوە؟

- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكە بدەمەوە، دەبێت ئەو ڕاستییە ئاماژەی پێ بكەین، جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە قۆناغێكی ناسك و هەستیاردا جێبەجێ كرا، ئەو دەمە ڕژێمی ئێران لە پاشایەتی بۆ كۆماری ئیسلامی گۆڕابوو، لە عێراق كێشەی ئاڵۆزمان بۆ خوڵقێندرابوو، لەوێش بە هەمان شێوە تووشی كێشە بووینەوە و بارودۆخی ئابووری و نێودەوڵەتیی ئێران ڕووی لە خراپی كردبوو، زۆر سەخت بوو زۆربەی وڵاتانی جیهان پاڵپشتیی ڕژێمە نوێیەكەیان نەدەكرد، لە ئۆردوگاكانیش نەك تەنیا ڕەگەزنامەی ئێرانیمان نەبوو، بەڵكو هیچ بەڵگەنامەیەكی باوەڕپێكراویشمان نەبوو كە ئێمە ئێرانی بین، تەنانەت گەنجەكانمان لە زانكۆكانی حكوومی قبوڵ نەدەكران، دەبووایە لە زانكۆ ئەهلییەكان بخوێنن، ئەویش بە پارەیەكی زۆر بوو، لە توانای زۆربەی ئاوارەكانی كوردانی فەیلیدا نەبوو. سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەكەش لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوو و تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆری كوردانی فەیلی لە ئێران نیشتەجێن و ناسنامەی ئێرانییان پێ نەدراوە و نەشگەڕاونەتەوە بۆ عێراق، هۆكارەكەشی نەبوونی هاوكاریی و یارمەتییە. لەلایەكی دیكەوە بارودۆخی عێراق و شەڕی عەرەبی سوننە و شیعە و شەڕی ناوخۆی كوردستان و دواتر شەڕی داعش و ناسەقامگیریی ئەم وڵاتە هاندەر نەبووە بۆ گەڕانەوەی كوردە فەیلییەكان، حكومەتی عێراق لە جووڵاندنی كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی زۆر كەمتەرخەم بووە، هەرچی هەیئەی ناكۆكیی موڵكایەتی عێراقیش هەیە، كە دادگایەكی تاقەتپڕوكێنی وا هاندەر نییە بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەكەی، تەنانەت ئەو بڕیارانەی بەعس كە دژی كوردانی فەیلی دەری كرد، تاكو ئێستا ماون و لانەبراون و هەڵنەوەشاونەتەوە و هەنگاویشیان بۆ قەرەبووكردنەوەی كوردانی فەیلی هەڵنەگرتووە.

* سەرۆك بارزانی لە دەستپێشخەرییەكدا لە كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژ بە كوردانی فەیلی، هەرچی كوردانی فەیلی بوو بە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونیانەوە كۆی كردنەوە، ئایا ئەمە تا چەند بۆ ئێوە جێگای ئومێدە و داواكاریتان دوای ئەم كۆنفڕانسە چییە؟

- سەرۆك بارزانی بۆ ئێمەی كوردانی فەیلی مەرجەعی نەتەوەییمانە، جێگای سوپاس و دەستخۆشییە لەسەر داوا و سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كۆنفڕانسی بەجینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی بەڕێوەچوو، چونكە سەرۆك بارزانی بەرگریكاری مافی هەموو كوردانە بە كوردانی فەیلیشەوە، ئەوەتا حكومەتی هەرێمیش سەرقاڵی دامەزراندنی هەیئەیەكی تایبەتن بە كوردانی فەیلی و لە لقی 5ی پارتی لە بەغدا لێژنەیەك دامەزراوە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پێشنیارەكانی كۆنفڕانسەكە و لە هەموو لایەك هەوڵەكان دەستی پێ كردووە، ئەگەر مافەكانیشمان بۆ نەگەڕێتەوە، ئێمە هەر كوردین و ئامادەین بۆ هەموو بەرگریكردن و خزمەتێكی نەتەوە و خاكەكەمان.

 

 

Top