بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان


سڵاوی بێ پایان بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانییە سەربڵندەکان و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان.

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کورد و کوردستانییانی دڵسۆز لە ھەر شوێنێکدا ھەن.

31ی تەمموز، 40 ساڵ بەسەر یەکێک لە تاوانە دڕندەكانی كومەڵكوژیی دژ بە گەلی كوردستان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری تێپەڕ دەبێت، ئەویش تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدكردنی بارزانییەكانە، کە تێیدا هەشت هەزار هاووڵاتیی بێتاوان کۆمەڵکوژ و شەهید کران.

بە گوێرەی ئەو پێوەر و یاسانەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگ لە 12-1-1951ـەوە پەسەندی کردوون و کاریان پێدەکرێت، کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.

ساڵی 2005، لە کۆی (16) دۆسیەی کورد لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، تەنیا (6) دۆسیە یەکلایی کرانەوە، لەوانە: کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال، بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان و فەیلییەکان بە جینۆساید ناسێندران.

هەرچەندە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، لە 3-5-2011 بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە و، حکوومەتی عێراقیش داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و بارزانییەکان نەکردووە و قەرەبووی هیچیانی نەکردووەتەوە.

لە ساڵی 2005 روفاتی 503 کەس لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤ و لە ساڵی 2014یش 93 روفاتی دیكە لە رێگەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هێنرانەوە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لە ھەولێری پایتەختی کوردستانیشەوە بەوپەڕی ڕێزەوە بردرانە پەڕلەمانی کوردستان و لەوێنشەوە بۆ بارزانی ھەموو کات سەر بڵند و لەوێ بە خاک سپێردران.

ئێستاش گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو نەمرانەی دیکەی ئەنفالکراو بەردەوامە.

کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و جینۆسایدکراو لە گەرمیانەوە تاوەکو بادینان و، خەڵکی کوردستان ناخ و دەروونی هەمووان لەم یادەدا دەهەژێت و، جارێکی دیکە دیمەنی گوللـەباران و زیندەبەچاڵکردنی 182 هەزار کەسی بێتاوان و مەدەنیی خەڵکی کوردستانیان لەو بیابانانەدا دێتەوە یاد کە تەنیا لەسەر ئەوەی کورد و نیشتمانپەروەر بوون بەکۆمەڵ جینۆساید کراون.

لە یادی ئەنفالی بارزانییەکاندا جەخت لەوە دەکەینەوە، بەپێی دەستووری عێراق و بڕیارەکانی دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق و رێپێوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوو، حکوومەتی فیدراڵی عێراق پێویستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و زیانلێکەوتووانی کوردستان بکاتەوە.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سەربەرزی کوردستان و شەهیدانی سەربەرزی جینۆسایدی بارزانییەکان و شەھیدانیی ئەنفال وتەواوی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیان
٣١-٧-٢٠٢٣

Top