قەتەر بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی ئۆکرانیا دەدات

قەتەر بە بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی ئۆکرانیا دەدات

 

 

 

سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کە قەتەر لە چوارچێوەی یارمەتییە مرۆییەکان ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەم وڵاتە تەرخان دەکات.

دێنیس شمیهال سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا پەیامێکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و دیداری خۆی لەگەڵ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕاگەیاند.

لەم پەیامەدا نووسیویەتی: ئەلسانی ڕایگەیاندووە کە ١٠٠ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری مرۆیی بۆ ئۆکرانیا تەرخان دەکات. ئەم بڕە پارەیە بۆ تەندروستی، پەروەردە، لابردنی مین و ئاوەدانکردنەوەی پڕۆژە گرنگەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی خەرج دەکرێت.

شمیهال هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی دەستپێشخەریی ڕێککەوتننامەی ڕێڕەوی دانەوێڵەی دەریای ڕەش و گواستنەوەی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا کراوەتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاند: کە یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی ورد بوو بۆ هاوکێشە ئاشتییەكەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و گوتی: سوپاسی قەتەر دەکەین بۆ ئامادەیی نێوەندگیری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵە ئۆکرانیایانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن ڕووسیاوە بردراون و تا ئێستاش ماونەتەوە لە خاکەکەیدا هێڵراوەتەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top