وارشین بەرواری قائیمقامی ئامێدی بۆ گوڵان: لە چوار ساڵی ڕابردوو (197) پڕۆژەی جۆراوجۆر بە گوژمەی (300) ملیار دینار جێبەجێ كراون
چەكدارانی پەكەكە ڕێگر بوون لە ئاوەدانكردنەوەی (195) گوندی سنوورەكە
قوتابخانەی قوبەهان و كەنیسە و مزگەوتی گەورەی ئامێدی نۆژەن دەكرێنەوە
ئامێدی مەزنترین قەزای سنووری پارێزگای دهۆكە و 28%ی ڕووبەری پارێزگای دهۆك پێكدەهێنێت و ناحیەكانی (شێلادزێ و دێرەلوك و سەرسەنگ و بامەڕنێ و كانی ماسێ و چەمانكێ) و 356 گوند لە خۆی دەگرێت و چەندین شوێنەواری مێژووی كۆنی تێدایە و تۆپۆگرافیاكەی بە شێوەیەكە سەنتەری ئامێدیی كۆن ناتوانرێت زیاتر بەرفراوان بكرێت، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ وارشین بەرواری قائیمقامی قەزای ئامێدی ئەنجام دا، لێرەدا دەقی وەڵامەكانی دەخەینەڕوو.
* قەزای ئامێدی تۆپۆگرافیایەكی جیاوازی هەیە و یەكێكە لە شارە دێرینەكانی كوردستان و خاوەنی چەندین شوێنەواری گرنگە و خاوەنی مەدرەسەیەكی زۆر دێرینە، ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆپۆگرافیا گرنگە و پاراستنی ئەو شوێنەوارە كۆنە كراوە؟ ئایا پێگەی ئامێدی لە مێژوودا چۆن حیسابی بۆ دەكرێت؟
- قەزای ئامێدی ناوەند و سەنتەری میرنشینی بادینان بووە و چەندین شوێنەواری گرنگی لێیە و شوێنەواری هەیە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، وەك دەرگای ئامێدی و كەنیسەیەك لەناو سەنتەری شارەكەدا و مزگەوتی گەورەی ئامێدی كە یەكێكە لە شوێنی عیبادەتەكان لە سەردەمی میتانی و.. تاد، هەروەها قوتابخانەی قوبەهان یەكێك لەو قوتابخانە گرنگ و دیارانە بووە كە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەرچووانی ئەو قوتابخانەیە لە زانكۆی ئەزهەر وەرگیراون، پارێزگای دهۆك لە ڕێگای قائیمقامیەتی ئامێدییەوە گرنگیەكی زۆر و تایبەتی بە شوێنەوارەكانی سنوورەكە داوە و لە ئێستادا دەرگای ئامێدی بە هاوكاریی دارایی كونسووڵییەی ئەمریكا نۆژەن دەكرێتەوە، هەروەها مەدرەسەی قوبەهان و كەنیسەی كۆن و مزگەوتە كۆنەكەی ئامێدی بە هاوكاریی دارایی كونسووڵییەی فەرەنسی و بە هاریكاریی ڕێكخراوی فاس ئێكسپرێس و ئێڤ پۆیپ نۆژەن دەكرێنەوە و لە ئێستادا لە قۆناغی دیراسەكردندان و لە بەهاری ساڵی داهاتوودا ئەو سێ شوێنەوارە گرنگە نۆژەنكردنەوەیان دەست پێ دەكات .
* ئاستەنگێكی دیكە كە ڕێگرە لە بەردەم زیاتر ئاوەدانكردنەوەی ئامێدی و ناحییە و گوندەكانی، بوونی چەكدارانی پەكەكە و ئەو شەڕ و پێكدادانەیە كە لەگەڵ سوپای توركیا لەم ناوچەیە ڕوو دەدەن، هەروەها تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ ئەم دەڤەرە، ئایا تاچەند بوونی چەكدارانی پەكەكە ڕێگر بووە لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانی ئەم دەڤەرە و ناسەقامگیریی ئەمنی لە ئامێدی دروست كردووە؟
- بە شێوەیەكی گشتی چەندین دەڤەر و شوێن لە هەرێمی كوردستان و بەشێك لە سنووری پارێزگای دهۆكیش بە هۆی هەبوونی چەكدارانی پەكەكە و بەر بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیا كەوتوون، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت كار و پڕۆژە خزمەگوزارییەكانی بەپێی پێویست تێدا ئەنجام بدات. لەو شوێن و سنوورانەی كە زۆرترین زیانی لەو ڕووەوە پێگەیشتووە سنووری قەزای ئامێدییە كە تا ئێستا (195) گوندی سنوورەكەمان نەتوانراوە ئاوەدان بكرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی ئەو گوندانە جگە لەوەی ڕوویان لە ناحیە و سەنتەری قەزاكە كردووە، هاوكات بە هۆی چەكدارانی پەكەكە خەڵكی ئەو گوند و شوێنانە لە ڕووی كشتوكاڵی و باخداری و گەشتیاری زۆر زەرەرمەند بوون و كاریگەریی خراپی لەسەر قەزاكە هەبووە.
* لەبەر ئەوەی تۆپۆگرافیای ئامێدیی كۆن زۆر زەحمەتە فراوان بكرێت، لە داڕشتنی ماستەرپلانی ئامێدیدا هەوڵ درا ماستەر پلانەكە بە شێوەیەك بێت لە دەرەوەی ئامێدیی كۆن ماستەرپلانەكە فراوان بكرێت، بە هاوشێوەی هەردوو قەزای ئاكرێ و ڕواندز، ئایا تا چەند ئەم ماستەر پلانە جێبەجێ كراوە؟
- وەك سەنتەری قەزای ئامێدی شوێنەوار و شوێنە مێژووییەكانی لەناو ماستەرپلانی ئامێدی دەستنیشان كراون و بۆ كەس نییە دەستكارییان بكات، بەڵام لە ناو ئەو ماستەرپلانەی بۆ ئامێدی دروست كراوە لە بەشی خوارەوەی ئامێدیی كۆن شوێنی گونجاو بۆ بەرفراوانبوون و نیشتەجێبوون تەرخان كراوە و بەپێی ماستەرپلانەكە كار لەسەر ئاوەدانكردنەوە و بەرفراوانبوونی شارەكە كراوە، هاوكات لەناو ماستەرپلانەكەدا شوێنی گەشتیارییش دەستنیشان كراون و حكومەتی هەرێم لەو بەشی ماستەرپلانەی بۆ نیشتەجێبوون تەرخان كراوە، توانیویەتی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی تێدا جێبەجێ بكات و بەرنامە و پلان بەردەوامە بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە دانیشتووانی قەزای ئامێدی و هەموو ناحیە و سنوورەكەی .
* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئامێدی یەكێكە لەو ناوچانە كە بایەخێكی زۆری پێ دراوە و چەندین پڕۆژەی گرنگی تێدا ئەنجام دراوە، بە تایبەتی دوای تەواوبوونی پرۆژەی ئاو، دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی گەورە و هەروەها پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەكانی دیكە، ئایا ئەو پڕۆژە گرنگ و دیارانە چین كە لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەم بۆ ئامێدی ئەنجام دراون؟
- لەكابینەی نۆیەمدا لە سەردانی جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قەزای ئامێدی ڕەزامەندی لەسەر چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ و ستراتیژی دا و ئەو پڕۆژانە خۆشبەختانە هەر هەمووی كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووی كابینەی نۆیەم (197) پڕۆژە لە سنووری قەزای ئامێدی چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە بە گوژمەی زیاتر لە (300) ملیار دینار، لە هەموویان گرنگتر پڕۆژەی وێستگەی كارەبای هایدرۆپاوەر بوو، ئەو پڕۆژەیە (96%)ی تەواو بووە و پڕۆژەی نەخۆشخانەی (100) قەرەوێڵەیی لە ناحیەی دێرەلوك بە بڕی (64)ملیار دینار لەلایەن ڕێزدار مەسرور بارزانی بەردی بناغەی بۆ دانراوە و تا ئێستا (58%)ی جێبەجێ كراوە. ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی قەزای ئامێدی كە كاریان لەسەر دەكرێت لە سێكتەری خزمەتگوزاریی جیاجیان وەك ڕێگاوبان، ئاو و ئاودێری، كارەبا، گەشتوگوزاری و پەروەردە و تەندروستی و.. هتد.
* ئامێدی یەكێكە لە ناوچە گەشتیارییە جوانەكانی كوردستان و عێراق و لە سەرانسەری عێراقەوە گەشتیاران ڕوو لە هاوینەهەوارەكانی ئەم ناوچەیە دەكەن، ئایا بێجگە لەو ئاستەنگانەی چەكدارانی پەكەكە بۆ گەشتیاری لەم ناوچەیە دروستی كردوون، تاچەند بایەخ بە پڕۆژە گەشتیارییەكانی ئەم ناوچەیە دراوە؟ ئایا ماستەرپلانی گەشتیاریتان بۆ ئەم دەڤەرە داڕشتووە؟
- سەرەڕای ئاستەنگ و بوونی چەكدارانی پەكەكە لەو سنوورەدا، یەكێك لە ئامانج و بەرنامەكانی كابینەی نۆیەم گرنگیدانە بە كەرتی گەشتوگوزاری بۆ ئەو مەبەستە و برەودان بەو بوارە بە هاوكاریی بەڕێوەبەری گشتیی وەربەرهێنانی پارێزگای دهۆك پڕۆفایلێكی تایبەت بۆ كار و پڕۆژەی گەشتیاری لە قەزای ئامێدی ئامادە كراوە، كە لەو پڕۆفایلەدا نزیكەی (63) پڕۆژە دیاری كراون، ئەو پڕۆژە گەشتیارییانە ئامادەن بۆ هەر وەربەهێنەرێك بیەوێت پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بكات و هەندێك لەو پڕۆژانەی ڕاگەیاندرابوون چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ نموونە تلیڤریكی چیای گارا و هۆتێلێكی هاوچەرخی گەشتیاری لە ناحیەی سەرسەنگ كە تا ئێستا (80%)ی تەواو بووە و پڕۆژەی هوتێلی سۆلاڤ لە سەنتەری قەزای ئامێدی و چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە ناحیەی دێرەلوك ئێستا كاریان لەسەر دەكرێت.
* بوونی ڕێگاوبانی باش هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ قەزای ئامێدی و پەرەپێدانی گەشتیاری، ئایا ئەو پڕۆژانەی ڕێگاوبان لەم دەڤەرە چین كە ئەنجام درابن و ئەوانەشی كە لە بەرنامەدان چین؟
- بەپێی پلان و بەرنامەی كابینەی نۆیەم ڕێگاوبان گرنگی زۆر و تایبەتی پێ دراوە، چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سنووری قەزای ئامێدی چوونەتە قۆناغی جێبەجێكردن، بۆ نموونە لەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانەی لەم سنوورە كاری لەسەر دەكرێت، تۆنێلی مەتینە بۆ بەستنەوەی ناحیەی سەرسەنگ و بامەڕنێ بە ناحیەی كانی ماسی و دەروازەی سەرزێڕێ نێوەدوڵەتییە و ڕێگای دووسایدی دەروازەی سەرزێڕێ بۆ كانی ماسی دیزاینی تەواو بووە و لە قۆناغی یەكەمدا لە ئایندەیەكی نزیكدا هەشت كیلۆمەتری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
* ئامێدی وەك دەڤەرێكی كوێستان و سرووشتی، ژینگەیەكی لەبارە بۆ كشتوكاڵ بەتایبەتی میوەكانی وەك سێو، گوێز، كە تەواوی ئەو میوەیانە پێویستیان بە پلەی نزمی هەوا هەیە، هەروەها ژینگەیەكی لەباری هەیە بۆ پەرەپێدانی سامانی ئاژەڵی، ماسی، پەلەوەر، هەنگ، ئایا تا چەند لەم بوارانە وەبەرهێنان كراوە و پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ دراوە؟
- یەكێك لەو كەرتانەی لەو سنوورەدا زۆر گرنگە، كەرتی چاندنە بەتایبەت لە بواری باخداریدا چەندین بەرهەمی نموونەیی هەن وەك سێو و ترێ و هەنار كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەرهەمی زۆر و جۆری باش و نایابە، بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمەكانی میوەجاتی زستانە بە هۆی نزمیی پلەی گەرما و سەرمای ناوچەكە زۆر شیاو و بەرهەمدارە هەر بۆ نموونە گوێز، لە ساڵی ڕابردوو جەنابی سەرۆكی حكومەت بۆ نیشاندان و بەبازاڕكردنی بەرهەمی میوەی هەرێمی كوردستان بۆ پاڵپشتیی جووتیارانی كوردستان سێوی سنووری قەزای ئامێدی وەك براندێك بە وڵاتانی دەرەوەی ناساند، هەر بۆیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پلانێك هەیە بۆ زیاتر گەشەكردنی كەرتی كشتوكاڵ، بەتایبەت مێوەجات لە قەزای ئامێدی و كەرتی ئاژەڵی و پەلەوەر و بەخێوكردنی ماسیش.
* ئایا لە ئامێدی هیچ دامەزراوەیەكی خوێندنی باڵا، زانكۆ، یان پەیمانگا هەیە، ئەگەر نییە ئایا لە بەرنامەتان هەیە وەك قەزاكانی دیكە دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لەم قەزایەش هەبێت؟
- وەك بەشێكی زانكۆی دهۆك ئەوە كۆلیژی پەروەردەی بنیاد و پەیمانگای پۆلەتەكنیكی كە لە چوار بەش پێكهاتووە لە قەزای ئامێدی هەیە، بەڵام تمووحی ئێمە لەوە زیاترە كە لەو سنوورە بەرفراوانە زانكۆیەك، یان چەند كۆلێژێكی دیكەی لێ بكرێتەوە .
* بایەخدان بە پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و دروستكردنی بەنداو هەنگاوێكی گرنگە بۆ دەڤەری ئامێدی، ئایا هیچ بەنداوێك لە سنووری قەزای ئامێدی هەیە؟ یان هیچ هەنگاوێك بۆ دروستكردنی بەنداو لەم دەڤەرە هەیە؟
- لە چوار ساڵی ڕابردووی كابینەی نۆیەمدا كار لەسەر چەندین پڕۆژەی بەنداو و پۆنت لە سنوورەكە كراوە، لەوانە بەنداوی سپلە2 لە گوندی گولی لە ناحیەی بامەڕنێ بە گوژمەی حەوت ملیار دینار دروست دەكرێت، هەروەها نۆژەنكردنەوەی بەنداوی بێدەهی كە لە ساڵی 2011 دروست كراوە و بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفت و كێشانەی هەیە، ئێستا كاری نۆژەنكردنەوە تێیدا دەستی پێ كردووە و سێ بەنداوی بچووك لە گوندی سیداڤە و زێوە لە ناحیەی بامەڕنێ ئێستا كاریان تێدا دەكرێت و پلان هەیە دوو بەنداوی دیكەی گەورە لە سنووری قەزای ئامێدی دروست بكرێت.