د.كاروان سەباح هەورامی بۆ گوڵان: كابینەی نۆیەمی حكومەت چوار بەنداوی دروست كردووە و 41 پۆندیش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە
بەنداوی گۆمەسپان
لە قۆناغەكانی تەواوبوون نزیك بووەتەوە
نزیكەی 20 پۆند لە دەوروبەری هەولێر
بڕیاری جێبەجێكردنی دراوە
* گۆڕانكاری لە شێوازی ڕیتمی بارانبارین و كەمبوونەوەی بەفربارین بارودۆخێكی مەترسیداری لێ كەوتووەتەوە، ئێوە وەكو لایەنی پەیوەندیدار بە سەرچاوەكانی ئاو، چۆن دەڕواننە ئەم دیاردە مەترسیدارە، بەتایبەتی باس لە دابەزینی زۆری ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات و لقەكانیان دەكرێت؟
- لە 100 ساڵی ڕابردوودا عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بە گشتی وشكەساڵیی وای بە خۆیەوە نەبینیوە، جگە لە ساڵی 2019 نەبێت. دابارینی باران و بەفر زۆر ڕووی لە كەمبوونەوە كردووە، جاری وا هەیە، لە چەند مانگی وەرزی زستانیشدا باران نابارێت، خۆی لە خۆیدا دابارینەكە بە ڕیتمی ئاسایی خۆی نییە، ئەوەتا مەترسییەكە بە ڕوونی لە كەمبوونەوەی ئاستی هەر دوو ئاوی ڕووباری دیجلە و فورات و لقەكانی لە هەرێمی كوردستاندا دەركەوتووە، بەمەش دیجلە و فورات لە دوو كەناڵی ئاوی دەچن، نەوەكو دوو ڕووباری گەورە، بۆیە ئەگەر ئاوی ئەمباركراوی ناو بەنداوەكان نەبێت كە لە وەرزی كەم باراندا بەردەدرێتەوە، ئەوا بە تەواوەتی ئەم دوو ڕووبارە گەورەیەی عێراق وشك دەبن، كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی دۆخی ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی لە سەرانسەری عێراقدا خستووەتە بەر مەترسییەكی گەورەوە و، ڕەنگە لە ماوەیەكی زۆر كەمتر لەوەی چاوەڕوان دەكرا، گۆڕانكاری لە كەشوهەوا و ژیانی هاووڵاتیان و بگرە تۆپۆگرافیای دانیشتووانی ناوچەكەدا دروست ببێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دابینكردنی ئاو بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازی و ئاوی خواردنەوە و پاكوخاوێنیی ئاوی خواردنەوەش دەبێت.
* كەواتە ئێمە بە شێوەیەكی بەردەوام ساڵ لە دوای ساڵ ڕووبەڕووی وشكەساڵیی زیاتر و كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی دەبینەوە، دەكرێت بزانین زۆرترین كاریگەرییە خراپەكانی ئەم دیاردەیە چییە؟
- وەكو ئاماژەم پێ دا، سەرجەم بوارەكانی ژیان و بژێوی ژیان دەكەوێتە بەر مەترسییەكی گەورە، هەر لە كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی ئاو بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازی تاوەكو مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی و خراپبوونی دۆخی تەندروستیی مرۆڤەكان، كەمبوونەوەی ئاوی ڕووبار و زێیەكان كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەویش دروست كردووە و پیسبوونی ژینگە و تێكچوونی تەندروستیی مرۆڤی بە دوای خۆیدا هێناوە، ئەم دۆخە كاریگەری لەسەر تێچوون و بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیش كردووە، دیاردەی وشكەساڵی و كەمئاوی زیانی بۆ سەر بەبیابانبوونی زەوی و دیاردەی خۆڵبارین و سوێربوونی خاكیش بەتایبەتی لە باشووری عێراق هەیە، ئەمە لە كاتێكدا تا دێت ژمارەی دانیشتووان ڕوو لە زیادبوون دەكات و خواست لەسەر ئاوی شیرین بە ڕێژەیەكی زۆر مەترسیدار ڕووی لە زیادبوون كردووە و، تەنانەت كاریگەریی لەسەر كۆچكردنیش كردووە، بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر گرنگی بە دروستكردنی بەنداوەكان نەدەین، ئەوا بارودۆخەكە زیاتر ڕوو لە خراپی دەكات و دۆخەكە گەشبین نییە و لە بەردەم مەترسییەكی گەورەداین، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ سەرووی 40 ملیۆن كەس و هەڵكشانی خواست و بەكارهێنانی نازانستییانەی ئاو لەگەڵ خراپ ئیدارەدانی ئاو، مەترسییەكەی ئاڵۆزتر كردووە.
* ئاماژەت بە یەكێك لەو ڕێگەیانە كرد كە دەگیرێتەبەر و پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی دەكات، ئەویش دروستكردنی بەنداوەكانە، ئایا لەم ڕووەوە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چ هەنگاوێكتان ناوە؟
- ئەگەر ئاوی ئەمباركراوی ناو بەنداوەكان نەبێت، ئەوا ئاوی دیجلە و فورات ناگاتە قوڕنەش لە پارێزگای بەسرە، بەتایبەتی ئاوی بەنداوی مووسڵ بە پلەی یەكەم و دواتر بەنداوەكانی دیكەی دووكان و دەربەندیخان و حەدیسە و نزماییەكانی دەستكردی سەرسار دێت، لەو لاشەوە وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران و توركیا سیاسەتێكی وایان پەیڕەو كردووە كە زیانی گەورەی بە پشكی دەوڵەتی عێراق لە ئاوی شیرین گەیاندووە، لە كاتێكدا ناوچەكە بە قۆناغێكی گۆڕانی ئاو و هەوای پڕ مەترسیدار تێپەڕ دەبێت، دووبارەبوونەوەی دیاردەی وشكەساڵی و كەمیی ڕێژەی باران و بەفربارین و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما زیادبوونی دیاردەی بە هەڵمبوون، كۆمەڵە هۆكارێكی دیكەیە كە لە دەسەڵاتی كەسدا نییە و پەیوەندی بە گۆڕانكاریی كەشوهەوای گۆی زەوییەوە هەیە. بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە جۆرێك لە جۆرەكان سوودی بۆ هەموو عێراق هەیە، چ لە بەردانەوەی ئاوەكەی بێت لە وەرزی كەم بارین، یان لە ڕووی بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانەوە بێت، كە دوا جار هەناردەی بازاڕەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت، لەم ڕووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ڕێككەوتوون كە چوار بەنداو لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن، ئەویش بەنداوەكانی (دەڵكە و مەنداوە و باكرمان و تەق تەق)ـە، هیوادارین حكومەتی فیدڕاڵی پابەندی ئەركەكانی خۆی بێت، بەتایبەتی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری گەورەی عێراق بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی، كەچی حكومەتی عێراق پابەندی جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی نەبووە و هیچ هاوكارییەكی هەرێمی كوردستانی لە كەرتی ئاودا نەكردووە .
* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆمەڵێك هەنگاوی گەورە و ستراتیژی بۆ بونیادنانی ژمارەیەك بەنداو و دروستكردنی پۆند و پرۆژەی ئاودێری نراوە، كە جێگەی ئومێد و گەشبینییەكی زۆرە، ئایا تا چەند دروستكردنی ئەم بەنداوانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تەحەدییە گەورەیەی وشكەساڵی گرنگن؟
- ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە كارنامە وەزارییەكەی و دواتر لە ڕووی پراكتیكییەوە زۆر جددی بووە لە بایەخدان بە كەرتی ئاو و دروستكردنی بەنداو و پۆند و ئیدارەدانی زانستییانەی ئاو، كابینەی نۆیەمی حكومەت وەرچەرخانێكی گەورەی كرد لە بواری دروستكردنی بەنداو و پۆندەكاندا، ئەوەتا سەرەڕای ئەو هەموو گەمارۆ و قەیرانە داراییە، كەچی بەفەرمانی سەرۆكی حكومەت چوار بەنداو تەواو كراون و چەندین بەنداوی دیكەش لە قۆناغی جێبەجێكردندان و بە دەیان پۆندیش دروست كراون و 41 پۆندی دیكەش چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم كارە گەورە و ستراتیژییانە لە ناو ئەم قەیرانە داراییەدا ئیرادە و خۆڕاگریی سەرۆكی حكومەت دەردەخات بۆ خزمەتكردنی كوردستان و بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، تەنانەت بەم پۆند و بەنداوانە لەگەڵ كۆمەڵێك بەرنامە و ڕێكاری دیكە توانرا ڕێگە لە كەوتنەوەی لافاو بگیرێت، بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێردا، لە ئێستاشدا بڕیاری جێبەجێكردنی نزیكەی 20 پۆند لە دەوروبەری هەولێر دراوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو ئاوەی لە وەرزی بارانباریندا كۆ دەبێتەوە، پێش ئەوەی بگاتە شاری هەولێر و كارەساتی لافاوی لێ بكەوێتەوە، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پۆندەكانەوە ئەمبار بكرێت و بۆ بەرزكردنەوەی ئاوی ژێر زەوی سوودی لێ وەربگرین و مەترسییەكانی لافاو كەم بكەینەوە.
* ئایا دروستكردنی ئەم پۆندانە لە گوندەكانیش جێبەجێ دەكرێت؟ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو تا چەند ئامادەیی تێدایە هاوكاریی ئەو گوندنشینانە بكات كە خوازیاری دروستكردنی پۆندە هەرەوەزییەكانن؟
- پۆندە هەرەوەزییەكان یەكێكی دیكەی بەرنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ گوندنشینەكان و برا جووتیارەكان، بۆ ئەم مەبەستە خەڵكی هەر گوندێك ئامادەییان تێدا بێت و خۆیان پۆندێك دروست بكەن بۆ سوودی گشتی و سوودی چەند جووتیارێك، ئەوا حكومەت ئامادەیە تیمی زانستی و سەرپەرشتیی ئەندازیاری و هەموو پشكنینەكانی خاكی شوێنەكە و دیزاینی پۆندەكە لە ئەستۆ بگرێت و، دوای تەواوبوونی پۆندەكەش بڕێك پارەی كاش دەگەڕێنینەوە بۆ خەڵكی گوندەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە لە 60%ی خەرجی پۆندە هەرەوەزییەكان لە گوندەكان لە ئەستۆ بگرێت، بەمەش پاڵپشتییەكی باشی برا جووتیارەكان دەكرێت و ئێستا ئەو بیرۆكەیە پێشنیار كراوە و زۆرێك لە ڕێكخراوە جیهانییەكانیش، بەتایبەتی ڕێكخراوی یونیسێف ئامادەیی بەشداریكردنی لە دروستكردنی پۆندە هەرەوەزییەكاندا دەربڕیوە، لەمبارەیەوە سێ پۆندی هەرەوەزی لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك لە نێوان حكومەت و یونیسێف و خەڵكی گوندەكاندا دروست دەكەین، هەر لەگەڵ ڕێكخراوی یونیسێف سەرقاڵی تاقیكردنەوەیەكی نوێین بۆ ئەوەی ئاوی سەر زەوی بگوازینەوە بۆ ناو ئەمبارە گەورەكانی ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش لە ڕێگەی چەند بیرێكی دەستكرد و فلتەركردنی ئەو ئاوەوە دەبێت كە لە كاتی لافاوەكاندا دروست دەبێت و دواتر بیگوازینەوە بۆ ئاوی ژێر زەوی بۆ ئەوەی هاوكاریی بووژانەوەی ئەمبارەكانی ئاوی ژێر زەوی بكەین، كە بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار ئاستی ئاوەكەی دابەزیوە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە دوای تاقیكردنەوە سەركەوتوو بوو، لەسەرجەم شارەكانی كوردستان دووبارە دەكرێتەوە، پڕۆژەیەكی دیكەشمان لە بەردەستدایە بۆ بووژانەوەی ئاوی كانییە وشك بووەكان كە پڕۆژەیەكی زانستییە و بە سوودوەرگرتن لەگەڵ تیمێكی شارەزای بەڕازیلی جێبەجێ دەكرێت، لە ئێستاشدا ئەم پڕۆژە نوێیە لە قۆناغی جێبەجێكردندایە.