مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان برووسکەیەکی پیرۆزبایی بۆ ١٤مین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 25/7/2023 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان برووسکەیەکی پیرۆزبایی بۆ ١٤مین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاو کردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتیی و نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان..
بە بۆنەی (١٤)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین لە خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
لەم بۆنەیەدا ڕۆڵی بزووتنەوەکەتان لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەرز دەنرخێنین، هەروەها دووبارە جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.
هیوادارین هەموو لایەنەکان دڵسۆزانە و بەرپرسانە هەنگاو بنێن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی هەماهەنگی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن و شایستە بۆ گەلەکەمان.
دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت، هەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموكراتى كوردستان
٢٥ـی٧ـی٢٠٢٣