تارا ئەمین سەپان: تا ئافرەت خاوەنی كیانی خۆی نەبێت، ناتوانێت خۆی بدۆزێتەوە  

تارا ئەمین سەپان:  تا ئافرەت خاوەنی كیانی خۆی نەبێت، ناتوانێت خۆی بدۆزێتەوە   

 

هەنگاوە سەخت و دژوارەكانی خانمان بۆ بە دەستهێنانی داهات و ئابووریی سەربەخۆ بەردەوامی هەیە، جێگەی پێزانینە لێرە و لەوێ‌ ژمارەیەكی زۆری خانمان پێداگیرانە بوونەتە خاوەنی بزنێس و پڕۆژەی جۆراوجۆر. تارا ئەمین سەپان خانمە چێشتلێنەرێكی بە ئەزموونی شاری سلێمانییە، زیاتر لە 10 ساڵە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ڤیدیۆی فێركاری خواردنەكانی بۆ هەوادارانی بڵاو دەكاتەوە، لە پاڵ ئەمەشدا چێشتخانەیەكی بچووكی هەیە و بە شێوەی دلیڤەری خواردن بۆ كڕیارەكانی دەنێرێت. هاوكات كاری ڕیكلام بۆ كەلوپەلە خۆراكییەكان دەكات و تێكڕای پەیجەكانی خۆی لە سۆشیال میدیا بەڕێوەدەبات، جیاواز لە كاری چێشتلێنان دەستی نووسینیشی هەیە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

تارا ئەمین سەپان، ساڵی 1973 لە كانی ئاشقانی پارێزگای هەڵەبجە لەدایك بووە، دواتر له‌گەڵ خانەوادەكەی هاتوونەتە سلێمانی و دوای تەواوكردنی پۆلی نۆی بنەڕەتی ژیانی هاوبەشی پێك هێناوه‌. دایكی كچ و كوڕێكە و لە ساڵی 1998 سەفەری بۆ هەندەران كردووە و ماوەی 25 ساڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیاوه‌. ساڵی 2019 گەڕاوەتەوە سلێمانی و چێشتخانەیەكی داناوە. لە ساڵی ٢٠١٨ پەرتووكی(ھونەری چێشتلێنان)ی چاپ كردووە، كە ٢٦٠ لاپەڕە له‌ خۆ دەگرێت. ساڵی ٢٠٢٠ بۆ جاری دووەم چاپ دەكرێتەوە كە لە ٤١٧ لاپەڕە پێكدێت. هەروەها دیوانێكی شیعری چاپكراوی هەیە، ئەو خانمە شێفە لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان به‌م جۆره‌ باس لە هەنگاوەكانی كاركردنی بۆ خوێنەران دەكات.

«هەر لە منداڵییەوە حەزی خواردن دروستكردنم هەبوو و لەبەر دەستی دایكم بووم و لە چێشتخانە یارمەتیی دایكمم داوە، لە تەمەنی 12 ساڵییەوە دەستم بە خواردن دروستكردن كردووە، لە ساڵی 2010 دەستم بە كاركردن كرد وەكو شێف و تاوەكو ئێستا بەردەوامم و پەیجی تایبەت بە كارەكانی خۆمم هەیە. ساڵی 2019 گەڕاوەمەوە سلێمانی و چێشتخانەیەكم دانا. بەهۆی هاتنی كۆڤید و كەرەنتینە و هەندێ بەربەستی خێزانی گەڕامەوە ئەڵمانیا لە ئێستادا ماوەی ساڵێكە گەڕاومەتەوە بۆ سلێمانی و چێشتخانەیەكی بچووك ڕایی دەكەم. هاوكات كاری ڕیكلام بۆ كەلوپەلە خۆراكییەكان دەكەم و تێكڕای پەیجەكانم لە سۆشیال میدیا بەڕێوەدەبەم».

تارا ئەمین سەپان به‌و شێوه‌یه‌ باسی ژیانی خۆی كرد، سەبارەت بە ڕەوتی كاركردنی خانمانیش دەڵێت: «پێموایە تا ئافرەت خاوەنی كیانی خۆی نەبێت و خاوەنی گیرفان و داهاتی سەربەخۆی خۆی نەبێت ناتوانێت خۆی بدۆزێتەوە و هەست بەبوونی خۆی ناكات، جێگەی دەستخۆشییە لە ئێستادا خانمان بە گوڕ و تینەوە هەر یەكەیان بەپێی توانای خۆیان دەستیان داوەتە كارێك، بەتایبەت كاری دروومان و چنین و چێشتلێنان، ئەوانەشی بڕوانامەیان نییە، یان لە دەرفەتی دامەزراندن لە كەرتی گشتی سوودمەند نەبوون، بەڵام نائومێد نه‌بوون و هه‌وڵیان داوه‌ خاوه‌ن كار بن. تمووحی ئێمەی ئافرەتیش زۆر لەوە زیاترە و دەخوازین ئافرەتان بێنە مەیدانی كار و پشت بە تواناكانی خۆیان ببەستن و ببنە خاوەن گیرفانی خۆیان بۆ ئەوەی یارمەتیدەرێكی باش بن بۆ خێزان و هاوسەرەكەشیان».

تارا ئەمین جگە لە ھونەری چێشتلێنان، لە بواری مافەكانی ئافرەت و كێشە كۆمەڵایەتی و ئاریشەكانی كۆمەڵگە دەنووسێت و، ھەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە بواری مافەكانی ئافرەت و كێشە كۆمەڵایەتییەكان زۆر بابەتم ورووژاندووە، لە سەرجەم كەناڵە كوردییەكان بەشداریم كردووە و خاوەنی چەندین خەڵات و ڕێزلێنانم، لەوانە: «خەڵاتی الاتحاد العراقی للقوس والسهم»، خەڵاتی یانەی وەرزشیی سلێمانی، خەڵاتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، خەڵات و ڕێزلێنانی مەگەزین فوود، سوپاسنامەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و ھونەریی سلێمانی، سوپاسنامەی كەناڵی سپێدە و دواھەمین خەڵاتیشم خەڵاتی كاك قوباد تاڵەبانی بوو بۆ پشتگیریی ژنانی خاوەنكار.»

دەربارەی ئەو بەرەبەستانەش كه‌ دێنە بەردەمی خانمان لە كاتی هاتنیان بۆ مەیدانی كار، گوتی: «هەموو كارێك كە دەستی پێ دەكەیت، گرفت و بەربەستی بۆ پەیدا دەبێت، شێوازی تێپەڕاندنی بەربەستەكانیش دەگەڕێتەوە سەر توانای ڕووبەڕووبوونەوە و ڕازیكردنی خێزان و لە هەمان كاتیشدا جۆری كارەكە كە گونجاو بێت، یان نەگونجاو بێت، ئەوانە هەمووی كاریگەریی خۆیانیان دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە خۆت كۆڵ نەدەی و باوەڕ بە چوار دەورت بهێنی و كاری باش و جوان ئەنجام بدەیت، ئەو كات بەربەستەكان وردە وردە لادەچن.

 

Top