پڕۆفیسۆر بێرنارد هەیكەل بۆ گوڵان:   ئەمریكا ڕێگە نادات هیچ دەوڵەتێكی هاوپەیمانی تەكنەلۆژیای G5 لە چین بكڕێت

پڕۆفیسۆر بێرنارد هەیكەل بۆ گوڵان:     ئەمریكا ڕێگە نادات  هیچ دەوڵەتێكی هاوپەیمانی تەكنەلۆژیای G5 لە چین بكڕێت

 

 

پڕۆفیسۆر بێرنارد هەیكەل، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دیراساتی هەرێمایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ و پسپۆڕی ڕۆژهەڵاتی نزیكە لە زانكۆی پرینستۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك ئەو بارگرژییە سیاسی و كۆمەڵایەتییانەی لە پرسەكانی پەیوەست بە ناسنامەی ئایینی و دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرن، هەروەها بایەخ بە مێژوو و سیاسەتی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و، بە دیاریكراوی عەرەبستانی سعودیە دەدات. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەر دوو وڵاتی عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران و لێكەوت و دەرهاویشتەكانی ئەم ڕێككەوتنە و هەڵكشان و گەورەبوونی ڕۆڵی چین و ناكۆكی و بارگرژییەكانی چین و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* ڕۆژ بە ڕۆژ بارگرژییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین توند دەبێتەوە. هەڕەشەی بەردەوامی چین بۆ داگیركردنی تایوان و بەرفراوانكردنی بوون و دەسترۆیشتوویی خۆی لە دەریای باشووری چین هۆكارێكی گەورەیە بۆ هەڵكشانی ئەم بارگرژییانە. لەوەش زیاتر، چین پشتیوانیی خۆی بۆ ڕووسیا لە پەیوەندی بە شەڕەكەوە نەشاردووتەوە، ئەمەش هەڵوێستێكە جیاوازە لە هەڵوێستی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەو پرسیارەی لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ئەم كێشانە سەردەكێشن بۆ سیناریۆیەك كە تێیدا هێزە مەزنە جیهانییەكان خۆیان دەدەنە پاڵ ئەمریكا، یان چین؟

- پێم وایە مەبەستی ئێوە هێزە مامناوەندەكانە، واتە ئەم هێزانە پتر خۆیان دەدەنە پاڵ ئەمریكا و ڕۆژئاوا، یان چین و ڕووسیا، واتە وڵاتانی وەك سعودیە و هیندستان. بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە جگە لە هاوپەیمانە ستراتیژییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەگەڵ ڕۆژئاوا و كۆریای باشوور و یابان و ئوسترالیا، ئەوا وڵاتانی دیكە هەوڵ دەدەن لەم شەڕەدا وەك بێلایەن بمێننەوە. ئەوە بەدی دەكەین، ئەوەیە كە هیندستان بڕێكی زۆر لە نەوتی ڕووسیا بە نرخێكی داشكاو هاوردە دەكات و دەیپاڵێوێت و دووبارە هەناردەی دەكاتەوە. واتە حكومەتی هیندستان شەڕی ئۆكرانیا بە تەواوەتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار دەهێنێت. هەروەها هێشتا سعودیە لە نزیكەوە هاوكاری لەگەڵ كەرتی بەرهەمهێنەری نەوتی ڕووسیا دەكات لە ڕێی ئۆپیك پڵەسەوە، و لەم ڕووەوە نایەوێت لایەنگریی هیچ لایەك بكات، هەروەها 400 ملیۆن دۆلاری وەك هاوكاری مرۆیی بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر كردووە. واتە سعودییەكان دەیانەوێت بێلایەن بمێننەوە. پێم وایە زۆرێك لە وڵاتان، با بڵێین وڵاتانی باشوور و هێزە مامناوەندەكان بژارەی بێلایەنییان هەڵبژاردووە، بەڵام پێم وانییە ئێمە بەرەو جیهانێكی دووجەمسەری هەنگاو هەڵبگرین، كە تێیدا و لە بنەڕەتدا دوو هێزی مەزن (سوپەر پاوەر) هەبن. پێم وایە ئەمە دووبارەبوونەوەی ئەو شەڕی ساردەیە كە پێشتر لە ئارادا بوو، بەڵام چین جێی یەكێتیی سۆڤیەتی گرتووەتەوە، بەڵام جیاوازیی دیكەش لە نێوان ئەو شەڕە ساردەی لە ئێستادا لە ئارادایە و ئەوەی پێشتر هەیە. لەوەی پێشوودا لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیەتدا بوو، كە تێیدا ئاڵوگۆڕی ئابووری لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمانی وارشۆ -كە یەكێتی سۆڤییەت باڵادەست بوو بە سەریدا- و ڕۆژئاوا سنووردار بوو. واتە ئاڵوگۆڕێكی ئابووری نەبوو، جگە لە هەناردەی نەوت و غازی ڕووسی هیچ شتێكی دیكەی ئەوتۆ نەبوو. هەرچۆنێك بێت، لە پەیوەندی بە حاڵەتی چینەوە لە ئێستادا، ئەوا دۆخەكە بەم شێوەیە نییە. مەبەستم ئەوەیە هەردوو وڵاتی ئەمریكا و چین، و ئابووریی جیهان بە گشتی پتر پێكەوە گرێدراو و پێكەوە بەستراون، ئەمریكا و چین زیاتر پشت بەیەكبەستوون لە ڕووی ئابوورییەوە بەراورد بە حاڵەتی ئەمریكا لەگەڵ یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوودا. 

* ئایا پێت وایە ئەم ئیستفزازكردنانەی چین دەرئەنجامێكی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە؟

- بێگومان، بەڵام بۆ ئەوەی دادپەروەر بین، ئەوا تەنیا چین لە ئیستفزازكردنەوە تێوەنەگلاوە. چونكە ئەمریكییەكانیش بە چەندین شێوە چینییەكان ئیستفزاز دەكەن. بۆ نموونە لە سەروەختی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباماوە، لە ئەمریكا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ئەوەی پێی دەوترێت وەرچەرخان بەرەو سیاسەتی ڕۆژهەڵات، بەو واتایەی كە ئالنگاریی سەرەكی لە چین و هەردوو ناوچەی پەیوەست بە زەریای ئەتڵەسی و زەریای هێمنەوە سەرچاوە دەگرن، نەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. هەروەها ئەمریكییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە «چین دوژمنە نوێیەكەیە»، چینییەكانیش وەك دوژمن باس لە ئەمریكا دەكەن. كەواتە ئیستفزازكردن لە هەردوو لاوە سەرچاوە دەگرێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێم وانییە ئەگەری ڕوودانی شەڕێكی ڕاستەقینە، یان پێكدادانی سەربازی لە نێوان چین و ئەمریكا ڕوو بدات، واتە ئەگەرێكی كەمترە لەوەی لە پێش داگیركردنەكەی ئۆكرانیاوە لە ئارادا بوو. هۆكارەكەش ئەوەیە كە چین لە ئەدای خراپی سوپای ڕووسیا و كەرەستە سەربازییە ڕووسییەكان لە میانەی داگیركارییەكەی ئۆكرانیادا دەڕوانێت، دەبێت ئەوەشمان لە یاد بێت كە زۆرێك لە كەرەستە چینییەكان هاوشێوەی كەرەستەكانی ڕووسیان. ئەمەش بەو واتایە دێت كە چین پتر دوودڵ دەبێت لە داگیركردنی تایوان. لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە شەڕەكەی ئۆكرانیا بەلای كەمەوە لایەنێكی ئەرێنی هەبوو، ئەویش ئەوەیە كە بووە هۆی ئەوەی چین وریاتر و بە حەزەرتر و هۆشیارانەتر هەنگاو هەڵبگرێت لە پەیوەندی بە تێوەگلان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتانەی كە لەلایەن ڕۆژئاواوە پڕچەك كراون و مەشقیان پێ كراوە و پشتیوانی كراون، وەك تایوان.

* هەمیشە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێداگری لەسەر بایەخدان بە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەنداو كردووە، لە ڕووی مێژووییشەوە ئامادە نەبووە ڕێگە بە وڵاتانی دیكە بدات كە هەژموونێكی هاوشێوەی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنن، لەگەڵ ئەوەشدا لەم دواییانەدا وڵاتی چین بەرەوپێش چووە لەم ناوچەیەدا، هەم لە ڕووی ئابووری و هەم لە ڕووی سیاسییەوە سەركەوتوو بووە و دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ناوچەكەدا بنیاد دەنێت. ئەمەش بەرجەستە بوو لە ناوبژیوانیكردنی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە. ئەم پەرەسەندنە ئەو پرسیارە دەورووژێنێت كە ئایا چین بە چەشنێكی كارا دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ناوچەكەدا جێگیر كردووە؟ ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی وردە وردە دەستڕۆیشتوویی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرەو داكشان بچێت؟

- ئەوەی ئێوە دەیڵێن بە تەواوەتی ڕاستە كە چین برەوی بە دەستڕۆیشتوویی خۆی داوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەڵام ئەمە دەستڕۆیشتووییەكە كە پتر لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پرۆسەی هاوردەكردن و هەناردەكردن بنیاد نراوە. بۆ نموونە لەسەر برەودان بە هێز و توانای سەربازیی چین لە ناوچەكەدا بونیاد نەنراون، لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە وڵاتانی ناوچەكە، بۆ نموونە عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات بەو شێوەیە لە دۆخەكە دەڕوانن، كە تێیدا چین هاوبەشێكی بەهاداری بازرگانی و سەنتەرێكی تەكنەلۆژی و سەرچاوەی گواستنەوەی تەكنەلۆژیایە. بۆ نموونە، با لە تۆڕی پەیوەندیی 5G بڕوانین. عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات زۆر پەرۆشن بۆ بەدەستهێنانی تەكنەلۆژیای 5Gی چینی لەبەر ئەوەی ئەم تەكنەلۆژیایە گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری و هەمەچەشنكردنی ئابوورییەكانیان. لەم ساتەوەختەدا ڕۆژئاوا ئەم تەكنەلۆژیایەی نییە بۆ ئەوەی بیفرۆشێت. واتە هێشتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خاوەن تەكنەلۆژیای 5G نییە. لەم ڕوانگەیەوە ئەوان مەیلێكی بەهێزیان هەیە بۆ كڕینی تەكنەلۆژیای چینی، كە ئەمەش كاریگەری و ڕەنگدانەوەی جددی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. بۆ نموونە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نایەوێت ئەم وڵاتانەی تەكنەلۆژیای هواوی 5G لە وڵاتی چین بكڕن. بەڵام پێم وایە دید و تێڕوانینی وڵاتانی ناوچەكە لە ئاست جیهاندا ئەوەیە كە پێیان وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوپەیمانێكی ستراتیژی سەربازییە. واتە پتر پەیوەستە بە بواری ئاسایشەوە. بەڵام بەو شێوەیە لە چین دەڕوانن كە بریتییە لە هاوپەیمانێكی بواری بازرگانی، لەبەر ئەوەی چین ئەو وڵاتەیە كە زۆربەی نەوت و تا ڕاددەیەك غاز لە ناوچەی كەنداوەوە هاوردە دەكات. هەروەها چین هەناردەكاری سەرەكیی كاڵاكانە بۆ ناوچەی كەنداو. پێم وا نییە ئەگەری ئەوە هەبێت لە ئایندەیەكی نزیكدا چین لە ڕووی ستراتیژییەوە جێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بگرێتەوە، ئەگەرچی لە هەمان كاتدا هیچ گومانێك نییە لەوەی كە دەستڕۆیشتوویی و كاریگەرییەكەی لە هەڵكشاندایە، هەروەها ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە هێزی نەرمیشی لە هەڵكشان و زیادبووندایە. هەروەك ئەوەی لەو ڕێككەوتنە بەدی دەكرێت، كە بە ناوبژیوانیی چین ئەنجام درا بۆ ئاشتكردنەوەی ئێران و عەرەبستانی سعودیە. من پێم وایە شێوازی بیركردنەوە لەم ڕێككەوتنە كە بە ناوبژیوانیی وڵاتی چین ئەنجام دراوە، ئەوەیە كە سعودیە لە بنەڕەتدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو، ڕێگایەك بدۆزێتەوە بۆ ئیحتیواكردن و لە قاڵبدانی دەستڕۆیشتوویی و چالاكییەكانی ئەو میلیشیایانەی ئێران لە ناوچەكەدا پشتگیرییان دەكات.

* ئابووری و پیشەسازی چین بەرەوپێشچون و گەشەكردنێكی بەرچاو بە خۆیەوە دەبینێت، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە بەرهەمەكانی چین لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەست و لە ئارادا بێت. ئەم بەرفراوانبوونە سەری كێشاوە بۆ ئەوەی شارەزایان بانگەشەی ئەوە بكەن كە سەدەی بیست و یەك سەدەی چینە. پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم سەركەوتنە ئابوورییەی چین قبووڵ دەكات؟

- وای دەبینم ئەمریكا نیگەرانە لە بارەی باڵادەستی وڵاتی چین لە چەند بوارێكی سەرەكیدا. بۆ نموونە، چین قۆرخكارییەكی ڕاستەقینەی هەیە بەسەر تەكنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی وزەی خۆرەوە. هەروەها قۆرخكارییەكی ڕاستەقینەی هەیە بەسەر چەند كانزاییەكی دەگمەنی زەمینی و چەند كەرەسەتیەكی بنەڕەتی پیشەسازییەوە. هەروەها چین ڕۆڵێكی گرنگ و بەهێزی هەیە لە بواری پیشەسازیی دەرمان و كیمیاییدا. لەم ڕوانگەیەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵ دەدات، ئەم پشبەستنە بە چین كەم بكاتەوە، ئەویش بە شێوەیەكی سەرەكی لە ڕێی دروستكردنی زەنجیرەی دەستەبەركردنی هەندێ لەم بەرهەمانە لە دەرەوەی چین. ئەویش لە هەر دوو وڵاتی هیندستان و ڤێتنام و هێنانەوەی هەندێ لەم بەرهەمانە بۆ نێو خۆی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. ئەمە نیگەرانییەكی گەورەیە. من پێم وا نییە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیگەران بێت لەبارەی ئەوەی چین ببێتە ئەوەی پێی دەڵێن «هاییەر پاوەر»، واتە تاكە هێزی مەزنی باڵادەست لە سەدەی بیست و یەكدا، لەبەر ئەوەی ئەمریكا پێی وایە چین بە دەست هەندێ لاوازیی بونیادیی گرنگەوە دەناڵێنێت. كەواتە بوارم بدەن ئاماژە بە هەندێ لاوازیی چین بكەم لە بەرانبەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. چین خاوەنی دانیشتووانێكی تەواو بەساڵاچووە و باری دیموگرافی بەرەو داكشان دەچێت. بە چەشنێك چین ناتوانێت هەمان ژمارەی ئەو گەنجانەی هەبێت كە شیاوی كاركردن بن بەراورد بە هیندستان. كێشەیەكی دیكەشی پەیوەستە بەوەی كە چۆن پارتی كۆمۆنیستی چین باڵادەستە بەسەر ئابووریی چین و سیاسەتی چینەوە، ئەمەش سەردەكێشێت بۆ پێشەنگكارییەكی كەمتری بواری بزنێس و داهێنانكاری و بەرهەمكارییەكی كەمتر. ئەوەتا لە ئێستادا داكشانی بەرهەمكاری و گەشەی چین بەدی دەكەین، بۆ چەند دەیەیەك چین بە ڕێژەی 7،8،9 % لە ساڵێكدا گەشەی دەكرد. لە ئێستادا ڕێژەی ئەم گەشەیە نزیكە لە 3.5% یان لەوپەڕیدا 4%ـە، كەواتە چین لە ڕووی ئابوورییشەوە بەرەو داكشان دەچێت. دواتر چین بە ڕاددەیەكی گەورە پشت دەبەستێت بە هاوردەكردنی وزە. واتە سەرچاوەی وزەی ناوخۆیی نییە بۆ بەردەوامیدان و برەودان بە ئابوورییەكەی. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگە بۆ چین، بۆ هاوردەكردنی نەوتی خاو و غاز و پێترۆكیمیاییەكان. كەواتە لەم ڕووەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهێزترە لە چین. ئەمریكا نەوتێكی زۆری هەیە لە ناو خۆی وڵاتەكەیدا. ئاستی بەرهەمهێنانی وزەری ئەمریكا لە ئاستێكی بەرزدایە و نزیكەی نیوەی ئەو وزەیە بەرهەم دەهێنێت كە ڕووسیا و عەرەبستانی سعودیە پێكەوە بەرهەمی دەهێنن. هێشتا داهێنانكاریی ئەمریكا زۆر بەهێزە و هەمان كێشەی دانیشتووان و دیموگرافیای نییە بە چەشنی چین، لەبەر ئەوەی ئەمریكا بەردەوام ئەو كۆچبەرانە وەردەگرێت كە خاوەنی ئاستێكی بەرزی خوێندەوارین. كەواتە لە ڕاستیدا و ڕووی بونیادییەوە چین هێندە بەهێز نییە كە دەردەكەوێت، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش هۆشیارە بەم ڕاستییە.

* چین پێشەنگی بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیایە، بە تایبەتی لە بواری پەرەپێدان و بەكارهێنانی ئەنتەرنێت 5G، و لەم ڕووەوە وڵاتە ڕۆژئاواییەكانی تێپەڕاندووە. پێشبینی دەكرێت كە تەكنەلۆژیای 5G كاریگەرییەكی گەورەی هەبێت لەسەر سوپای چین و لەسەر برەودان بە تواناكانی. ئەو پرسیارەی سەرهەڵدەدات، ئەوەیە كە تا چ ڕاددەیەك زیادبوونی توانای چین لە بواری تەكنەلۆژیا كاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبێت؟

- كاتێك باسەكە پەیوەندیدار بێت بە تەكنەلۆژیای 5Gـەوە، ئەوا ئەمریكا بوار بە هیچ یەكێك لە هاوپەیمانەكانی نادات كە ئەم تەكنەلۆژیایە بەكار بهێنن، لەبەر ئەوەی ئەمە بەو مانایە دێت كە چین بە شێوەیەكی كارا توانای كۆنتڕۆڵكردنی پانتایی تەكنەلۆژیای ئەو وڵاتەی دەبێت كە تەكنەلۆژیای 5G بەكار دەهێنێت، ئیدی بەدەستهێنانی زانیاری بێت، یان داخستنی سیستمەكان و كاری هاوشێوە بێت. بۆ نموونە كاتێك بەریتانیای مەزن، هەوڵی دا تەكنەلۆژیای 5G لە چینەوە هاوردە بكات، ئەوا ئەمریكا زۆر ڕوون و ڕاشكاو بوو لەگەڵ بەریتانیا و پێی ڕاگەیاندن ئەگەر تەكنەلۆژیای 5G هاوردە بكەن، ئەمە بە واتای كۆتاییهاتنی ئەو پەیوەندییە تایبەتییە دەبێت كە لە نێوان هەردوو لادا لە پەیوەندی بە پێدانی زانیاری هەواڵگری و هاوكاریی سەربازییەوە هەیە، ئێمەش وەك ئەمریكییەكان ڕێگە نادەین سیستمی سەربازیی خۆمان لە هەر وڵاتێكدا جێگیر بكەین، كە تێیدا ئەم سیستمانە گرێ درابن بە تۆڕی 5Gـەوە، لەبەر ئەوەی چین دەستی ڕادەگات بە تەكنەلۆژیای ئێمە. هەر بۆیە لە كۆتاییدا بەریتانیا ڕایگەیاند كە تەكنەلۆژیای 5G لە چین ناكڕێت. پێم وایە هەمان شت لە پەیوەندی بە ئیسرائیل، عەرەبستانی سعودیە و ئیماراتەوە دووبارە دەبێتەوە. بڕیار و بژارەی بەریتانیا زۆر ڕوون بوو لەم ڕووەوە. ئەوان بڕیاریان دا، وەك هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بمێننەوە، هەمان شت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات لە پەیوەندی بە هاوپەیمانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، كە ئەوانیش بۆ ساڵێك و ساڵ و نیوێكی دیكە چاوەڕێ دەكەن، تاوەكو ئەمریكا پەرە دەدات بە تەكنەلۆژیای 5G یان 6Gی تایبەت بە خۆی و دواتر بیفرۆشێت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

* ئایا پشتیوانیی چین بۆ ڕووسیا دوای هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی ئەم دواییەی ڤاگنەر، چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر هاوپەیمانیی ستراتیژیی نێوان شی جین پینگ و ڤلادمیر پوتین لە هەوڵەكانیاندا بۆ سیستمێكی نوێی جیهانی و بێ متمانەییان بەرانبەر ڕۆژئاوا؟

- كاتێك چینییەكان ڕایدەگەیەنن كە ئەوان پاڵپشتی و پشتیوانیی ڕووسیا دەكەن، ئەوا ئەوان پشتگیری لە دەوڵەتێكی مەركەزی لە ڕووسیا دەكەن. ئەوان پشتیوانی ناكەن لە گرووپێكی نیچمە سەربازی كە هەوڵ دەدات سەقامگیری دەوڵەتێك تێك بدات، یان زاڵ و باڵادەست بێت بەسەر دەوڵەتێكدا، بە چەشنی گرووپی ڤاگنەر. بە تێڕوانینی من، لەگەڵ ئەوەشدا چین دەركی بەوە كرد، كە لە دوای ئەم هەوڵی كودەتایە لەلایەن گرووپی ڤاگنەرەوە، فلادمێر پوتین زۆر لەوە لاوازترە و زۆر لەوە ناسەقامگیرترە لەوەی كە بیری لێ دەكرایەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە و سەرباری ئەوەی پێشتر ئاماژەم پێ كرد، كە كەرەستە سەربازییەكانی سوپای ڕووسیا ئەدایەكی خراپیان هەبووە لە گۆڕەپانی شەڕدا، ئەوا چین دەرك بەوە دەكات كە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ ڕووسیادا، ئەگەرچی لە هەندێ ڕووەوە بەهادارە، بۆ بەرهەمی وزە و هاوردەكردنی وزە، بەڵام ڕووسیا وڵاتێكی زۆر لاوازە لە ئێستادا. واتە ئەو وڵاتە نییە كە بە زەروورەت لایەنێكی سوودبەخش بن بۆ چین لەم جیهانەدا. هەروەها مەزەندەی ئەوە دەكەن كە لەبەر ئەوەی چین ڕێچكەیەكی پراگماتیكی هەیە كە لە كۆتاییدا هەوڵ بدات تا ڕاددەیەك خۆی بەدوور بگرێت لە ڕووسیا، بۆ ئەوەی خۆی وەك هاوپەیمانێكی نزیكی وڵاتێكی لاواز و ڕەنگە شكستخواردوو دەرنەخات.

Top