لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لە باشووری جەزائیر ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا

لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لە باشووری جەزائیر ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا

 

 

ڕێکخراوی بەرگری شارستانی جەزائیر ڕایگەیاند: کە لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە باشووری ئەم وڵاتە زیاتر لە ٤6 کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.

بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی "الشروق ئۆنلاین"ی جەزائیری، ڕێکخراوی بەرگری شارستانی ئەم وڵاتە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: کە لە ئەنجامی ڕووداوێکی ترسناکدا، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ لەگەڵ پاسێکی نەفەرهەڵگر پێکیاندادا لە پارێزگای مەرزیی « تمنراست » لە نزیک سنووری نیجەر ٣٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی بەرگری شارستانی جەزائیر، هێزەکانیان کاتژمێر 4:15 خولەکی بەیانی بەکاتی ناوخۆ بەهۆی ڕووداوی دوو ئۆتۆمبێلی ئاماژەپێکراو و لەئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لەسەر ڕێگای سەرەکی ژمارە یەک هەنگاویان ناوە لە گوندی "ئوتول" لە پارێزگای تمنراست لە باشووری ئەم وڵاتە.

هەروەها ڕێکخراوی بەرگری شارستانی جەزائیر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، کە قوربانیانی ئەم ڕووداوە هاتووچۆیە لە ئاگری دەرەنجامدا سووتاون و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن، هاوکات ئۆپەراسیۆنی ڕزگار كردن بەردەوامن لە ڕزگاركردنی ئەو کەسانەی لەناو پاسەکەدا گیریان خواردووە.

لەم نێوەندەدا پەیجی "ترافیکی زانیاری" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، ئەو ساتە نیشان دەدات کە ئەو دوو ئۆتۆمبێلە ئاگریان گرتووە و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جەزائیریش وێنەی شۆککەری ئەم ڕووداوە کوشندەیەیان بڵاوکردەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

Top