پاکستان و ئۆزبەکستان و ئەفغانستان ڕێککەوتنێکی هاوبەشیان لەسەر پڕۆژەی هێڵی ئاسنی واژۆ کرد
پاکستان، ئۆزبەکستان و ئەفغانستان ڕێککەوتنێکی هاوبەشیان بۆ بەستنەوەی هێڵی ئاسنی ئۆزبەکستان بە پاکستانەوە لە ڕێگەی ئەفغانستانەوە واژۆ کرد.
بەگوێرەی ڕادیۆی پاکستان، مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی پرۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان ئیسلام ئاباد، تاشکەند و کابول بۆ بەستنەوەی لە ئۆزبەکستانەوە بۆ پاکستان لە ڕێگەی ئەفغانستانەوە بەڕێوەچوو.
لەچوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، هێڵی شەمەندەفەری ئاماژەپێکراو بەناو شاری تێرمێزی ئۆزبەکستاندا تێدەپەڕێت و لەڕێگەی شاری مەزار شەریف و پارێزگای لۆگەری ئەفغانستانەوە دەگاتە ناوچەی کرامی پاکستان.
بەم پڕۆژەیە کە درێژییەکەی ٧٦٠ کیلۆمەتر دەبێت، پێشبینی دەکرێت گواستنەوەی بار لە نێوان پاکستان و ئۆزبەکستان بۆ ٥ ڕۆژ کەم بکرێتەوە و تێچووی گواستنەوەی نێوان هەردوو وڵات بە ڕێژەی ٤٠% کەم بکرێتەوە.
هەروەها ئامانجی ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدانی بازرگانی و گەشەی ئابوورییە لەم هەرێمەدا.
گوڵان: سەردار خەلیل