ستروان ستیڤنسۆن سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپی بۆ ئازادیی عێراق بۆ گوڵان: ڕووسیا دەرئەنجامێكی پێچەوانەی لە شەڕەكە چنیوەتەوە
ستروان ستیڤنسۆن پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووە و نوێنەری سكوتلەندا بووە ( 1999-2014)، و سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بووە بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق ( 2009-14) و سەرۆكی كۆمەڵەی دۆستانی ئێران ئازاد بووە (2004). هەروەها سەرۆكی لێژنەی «گەڕان بە دوای دادپەروەری»یە بۆ پاراستنی ئازادییە سیاسییەكان لە ئێران. هەروەها وانەبێژی نێودەوڵەتییە لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپییە بۆ ئازادیی عێراق. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی ئەم شەڕە لەسەر ئەوروپا و ئەو ڕۆڵەی چاوەڕوان دەكرێت چین لە پەیوەندی بە ئاسانكاریكردن بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە هەیبێت و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* بە تێڕوانینی ئێوە ئایا ئەوروپا ڕووبەڕووی چ دەرئەنجامێك دەبێتەوە ئەگەر شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەردەوام بێت و درێژە بخایەنێت، بە بێ ئەوەی چارەسەرێكی ڕوون لە ئارادا بێت، یان ئومێدێك هەبێت بۆ كۆتاییهێنان بەم شەڕە، بە تایبەتی كە ڕۆژ بە ڕۆژی شەڕەكە سەختتر دەبێتەوە؟
- هێرشە پێچەوانەكانەی ئۆكرانیا زیاتر لەوەی زۆر كەس پێشبینی دەكرد، درێژە دەكێشێت و بەرەو ئەوە دەچێت هێرشێكی درێژخایەن و خوێناوی بێت. بە پێی سوپاسالاری ئۆكرانیا، ڤالێری زالوژنی، نەبوونی هێزی ئاگرینی پێویست و نەبوونی فڕۆكەی جەنگیی هاوچەرخ و تەقەمەنیی تۆپخانەكان ئاستەنگ و بەربەستیان دروست كردووە. هەرچۆنێك بێت، هەڵگەڕانەوە لەباربردراو و ئەگەری كودەتا لە ڕووسیا بە ڕاددەیەكی گەورە پوتینی لاواز كردووە و خۆی و سوپای ڕووسیایان خستووەتە بارێكی لەرزۆكەوە. هەروەها سزا نێودەوڵەتییەكانی ئابووری ڕووسیایان لاواز كردووە و شەڕەكە بە چەشنێكی ڕیشەیی دەستەبەركردنی كەرەستەی سەربازی و ڕۆكێتەكانی كەم كردووەتەوە. لەم هەلومەرجەدا پێم وانییە شەڕەكە بۆ ساڵێكی دیكە درێژە بخایەنێت. كاتێك پوتین دەستی بە داگیركارییەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا كرد لە مانگی شوباتی 2022، ئامانجەكەی بریتی بوو لەوەی لە میانەی چەند ڕۆژێكدا ئۆكرانیا وەك دەوڵەتێكی خاوەنی سەروەری لە ناو ببات. لەو كاتەدا، لە ڕووسیا و لە ڕۆژئاوادا وەك ئامانجێك دەهاتە بەرچاو كە ئەگەری ئەوە هەیە بێتەدی. دوای ساڵ و نیوێك لە شەڕەكە، گرەوكردن لەسەر مانەوەی ئۆكرانیا سەلامەتترە وەك لە گرەوكردن لەسەر مانەوەی پوتین. شەڕەكەی پوتین ڕووسیا دەكاتە وڵاتێكی شكستخواردوو، كە سنوورەكانی كۆنتڕۆڵ نەكرابن و سوپای تایبەت و ئەمیری جەنگ لە ئارادا بن و خەڵكەكە وڵاتەكە جێ بهێڵن، و داخوڕانی مۆراڵی هەبێت و ئەگەری هاتنەئارای شەڕی ناوخۆییش هەبێت. بەڵام تاكە ڕێگەی لادانی پوتین ئەوەیە یان ئەوەتا بمرێت، یان دەست لەكار بكێشێتەوە، یان دەسەڵاتەكەی بڕووخێندرێت.
* ئایا پاڵپشتیی سەربازی و دارایی دەستەبەركراو لەلایەن ناتۆوە بۆ ئۆكرانیا وەك پێویست نییە، یان سوپای ڕووسیا زۆر بەهێزە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە سەرباری هاوكاریی گەورەی دەوڵەتە ئەندامەكانی ناتۆ هێشتا ئۆكرانیا نەیتوانیوە سەركەوتن لە شەڕەكەدا بەدەست بهێنێت لە بەرانبەر ڕووسیا و لە چوارچێوەی سنوورەكانیدا؟
- ئۆكرانیا بە چەشنێكی سیستماتیكی و ستراتیژی نیوەی ئەو خاكەی بەدەست هێناوەتەوە كە ڕووسیا دەستی بەسەردا گرت و شكستی سەرشوڕپێهێنەری تووشی ڕووسیا كردووە، كە پوتین ناچار بوو داوای سەربازی زیاتر بكات بۆ نێو سوپاكەی، كە ئەمەش بڕیارێكی تا سەر ئێسقان ناجەماوەری بوو. لەگەڵ كەڵەكەبوونی سەركەوتنەكانی ئۆكرانیا لە بەرەكانی شەڕدا، ئەوا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ زیاتر چەكی پێشكەوتووی بۆ دەستەبەر دەكەن. پێشبینیی ئەوە دەكرێت كە ئۆكرانیا بتوانێت بەڵێنی ساڵی نوێی سەرۆك ڤلۆدیمیر زیلێنسكی بباتەسەر بەوەی لە كۆتایی ئەمساڵدا سەرجەم خاكی ئۆكرانیا بەدەست بهێنێتەوە.
* ئایا ڕەوایە باس لەوە بكرێت كە جێگیركردنی چەكی تاكتیكی ناوكی لەلایەن ڕووسیا و وڵاتانی ناتۆ لەسەر سنوورەكانی بیلاڕووسیا و سنوورەكانی دیكە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسیی هەڵكشانی بارگرژییەكان تا ئەو ڕاددەیەی بگاتە بەكارهێنانی ئەم چەكانە، لەوەش زیاتر ئایا دەتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەم پەرەسەندنانە ئاماژەن بۆ كۆتاییهاتنی ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە چەكی ناوكییەوە؟
- هەفتەی پێشوو ئەلێكساندەر لوكاشێنكۆ ڕایگەیاند كە دڵنیایە لەوەی هەرگیز ئەو چەكە تاكتیكییە ناوكییانەی ڕووسیا كە لە وڵاتەكەیدا جێگیر كراون بەكار ناهێنرێن. لوكاشێنكۆ و سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین ئیقراریان بەوە كردووە كە هەندێ چەكی تەكتیكی گەیشتووەتە بیلاڕووسیا و باقییەكەی دیكە لە كۆتایی ئەمساڵدا جێگیر دەكرێن. پوتین چەندین جار بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئامادەیە بۆ بەكارهێنانی چەكی ناوكی، ئەگەر هەستی كرد ڕووسیا هەڕەشەی لەسەرە. سەرەتای ئەمساڵ ڕایگەیاند كە مۆسكۆ پابەندبوونەكانی خۆی هەڵدەپەسێرێت لە پەیوەندی بە نیوستارتەوە، كە تا ڕێككەوتنی كۆنتڕۆڵكردنی چەكەكە مابێتەوە لە نێوان هەردوو وڵاتی مەزن و خاوەن چەكی ئەتۆمییەوە. شەڕە ناڕەواكەی لە ئۆكرانیا و هەڕەشە ناوكییەكانی بوونەتە هۆی بەرفراوانبوونی ناتۆ، و وەرگرتنی فێنلەندا وەك ئەندامێكی نوێ و زیادبوونی 832 میل لە سنوورەكانی ناتۆ لەگەڵ ڕووسیادا. ئەگەر ئەردۆغان ناڕەزایەتی خۆی بكێشێتەوە، سویدیش دەبێتە ئەندامی ناتۆ. ئەو كاتە نزیكەی كارێكی بنەڕەتی دەبێت كە ناتۆ ڕێ بدات ببێتە ئەندام تێیدا. كەواتە بانگەشەكەی پوتین كە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی تایبەتی لە ئۆكرانیا ئەنجام دا، لەبەر ئەوەی هەستی كرد هەڕەشەی ناتۆی لەسەرە، ئەوا ئەم ئۆپەراسیۆنە دەرئەنجامێكی تەواو پێچەوانەی لێ كەوتووەتەوە.
* ئایا هەستی گشتی لە نێو گەلی ڕووسیا لە پەیوەندی بە شەڕەكەوە چییە؟ ئایا بەشێكی زۆری خەڵكەكە دژی ئەم شەڕەن؟ ئایا ئەم بەرهەڵستییە كاریگەری لەسەر درێژەكێشانی شەڕەكە دەبێت؟
- گەنجانی ڕووسیا بە شێوەیەكی دیاریكراو خۆشحاڵ نین لەبارەی شەڕەكەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی هەستی دژ بە شەڕ بە سەختی سەركوت دەكرێت لەلایەن پۆلیسەوە، ئەوا كەسانێكی كەم هەن كە بە ئاشكرا بیروباوەڕی خۆیان دەر ببڕن. گەنجانی ڕووسیا بە پێچەوانەی سەركردەكانیانەوە، دەستیان بە مۆبایلی زیرەك و تۆڕەكانی سۆشیال میدیا ڕادەگات، واتە دەستیان بە زانیارییەكی زیاتر ڕادەگات بە بەراورد بەوەی پێیان دەوترێت لەبارەی شەڕەكەوە لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتەوە. زۆرێك وڵاتیان جێ هێشتووە، ئەوان زانیاریی باشیان هەیە لە بارەی هاوڕێ و خزمەكانیانەوە كە لە بەرەكانی شەڕی ئۆكرانیا دەمرن. كەسانی بەساڵاچووش كە سەروەختی سۆڤیەتیان بە بیر دێت، زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە باوەڕ بەوە بكەن كە لەلایەن ڕاگەیاندنی دەوڵەتەوە پێیان دەوترێت، لەبەر ئەوە پشتیوانی لە پوتین و شەڕەكەی دەكەن. هەرچۆنێك بێت، ئاماژەی زیاتر هەن كە زیاتر نائومێد دەبن بە هۆی زیادبوونی قوربانییەكان و ئابووریی شكستخواردووی ڕووسیاوە. بزنێس و كەرتی نیشتەجێ و خزمەتگوزاریی كۆمەڵگە و دەرمان و پەروەردە و هەموو شتێك لە داكشاندایە. دوای شكستە گەورەكان، تەنانەت پێویستە دووبارە سوپاش بنیاد بنرێتەوە. چینی ناوەڕاستی ڕووسیا ناڕەحەتن لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی كۆت و بەندی توند دەبنەوە لە پەیوەندی بە توانای گەشتكردنەوە و هەست بە فشاری سزاكان دەكەن لەسەر ژیان و گوزەرانیان. كەواتە بەرهەڵستییەكی بەردەوام لە ئاست ئەم شەڕەدا هەیە.
* ئەگەر شەڕەكە درێژە بخایەنێت، چۆن لە ڕۆڵی ئایندەی چین دەڕوانیت بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی ئێستا كە بێلایەنە، بەڵام لە هەمان كاتدا گوزارشت لە پشتیوانیی خۆی دەكات بۆ ڕووسیا؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە چین ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوە ببینێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا؟
- چین زیاتر و زیاتر دەبێتە هاوبەشێكی بازرگانیی گرنگ بۆ ڕووسیا، كە هەوڵ دەدات لە كاریگەری سزا ئابوورییەكان كەم بكاتەوە كە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە سەپێندراون لە بەرانبەر داگیركردنە ناڕەواكەی پوتیندا. لە هەمان كاتدا، چین بە بەردەوامی توانای بەرهەمە سەربازییەكانی زیاد كردووە و لە ئێستادا چوارەم گەورەترین وڵاتی هەناردەكاری چەكە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاندووە پەكین بیر دەكاتەوە لە دەستەبەركردنی چەك و تەقەمەنی بۆ ڕووسیا، ئەگەرچی چین بە توندی ئەم بانگەشانە ڕەت دەكاتەوە. باوەڕەكە ئەوەیە ئەگەرچی چین هێشتا بە شێوەیەكی ئاشكرا چەكی كوشندەی نەداوە بە ڕووسیا، بەڵام ڕەنگە بە نهێنی بەرهەمی تەكنەلۆژیای بەرزی پێ بفرۆشێت كە ڕەنگە بۆ ئامانجی سەربازی بێت. هەروەها ئەوەش ئاشكرایە كە ئێران فڕۆكەی بیفڕۆكەوانی سەربازی بەكار بهێنێت. سەرۆكی چین (شی جی پینگ) ڕێككەوتنێكی دوور و درێژی پشتێنە و ڕێگای لەگەڵ ئێراندا واژوو كردووە، بە بەهای چەندان ملیار دۆلار، و بە چەشنێكی كارا ئێران دەكاتە دەوڵەتێكی وەكیل. هەروەها شی جی پینگ ناوبژیوانی ئاشتبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە بوو، كە ئەوە بوو باڵیۆزخانەكانیان ئاڵوگۆڕ كرد. ئەم دەستڕۆیشتووییە كەڵەكەبووانە دەبنەهۆی ئەوەی چین لە پێگەیەكی زۆر بەهێزدا بێت بۆ ئاسانكاریكردن بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكەی ئۆكرانیا.
* هینری كیسنجەر وەزیری پێشووتری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵانی حەفتەكانی سەدەی ڕابردوو، چارەسەرێكی خستووتە ڕوو بۆ شەڕە بەردەوامەكە و پێشنیاری ئەوەی كردووە كە ئەو خاكەی ڕووسیا دەستی بەسەردا گرتووە لە ژێر دەستیدا بمێنێتەوە و باقی ئۆكرانیا بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە، هەرچۆنێك بێت دیار نییە ئایا ناتۆ ئەم پێشنیارە قبووڵ دەكات، یان نا، ئەگەر وا بێت ئایا ئەمە بە مانای دۆڕان نایەت بۆ هاوپەیمانیی ناتۆ؟
- لە مانگی شوباتی ساڵی 2014 و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەكانی كە شەوێكی تەواوی خایاند، ڤلادمیر پوتین ڕایگەیاند پێویستە كار بكەین بۆ گەڕاندنەوەی كرێمیا بۆ ڕووسیا. لە 18ی ئازاری ئەو ساڵەدا ئەو ئامانجەكەی خۆی بەدەست هێنا، بە چەشنێكی كارا كرێمیای كردە بەشێك لە وڵاتەكەی و لەگەڵ شاری سێڤاستۆپۆڵ كردنیە بەشێك لە ڕووسیای فیدڕاڵ. دەستەبەرداگرتنی كریمیا نموونەیەكی دیكە بوو لە هەوڵی پوتین بۆ دروستكردنەوەی ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتی پێشوو. ساڵی 2008 زیاتر لە 20%ی خاكی جۆرجیای خستە سەر خاكی وڵاتەكەی (ناوچەكانی ئەبخازیا و باشووری ئۆسیتیا) كە هەردووكیان گۆڕەپانی ناكۆكیی جوداخوازیی توندوتیژی بوون كە بە هەزاران كوژراو و دەیان هەزار بێ ماڵ و حاڵیان لێ كەوتەوە، ئێستا بوونەتە ناوچەی قەدەغەكراو. پوتین ڕێگەی دا بە سەردانی سنووردار بۆ ئەبخازیا لەلایەن پڕۆگرامی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. بەڵام باشووری ئۆسیتیا بۆووەتە كامپێكی سەربازیی ڕووسیا و هێڵە ناڕوونەكانی جیاكردنەوەش كە لەلایەن ڕووسیاوە كێشراون بە تەلی دڕكاوی دەورە دراون و بۆرجەكانی چاودێریی سەربازی پارێزگاری لێ دەكەن. سەدان هەزار كەس ناچار كران كە لە شەڕەكەی ساڵی 2008 هەڵێن. وەزیرەكانی حكومەتی جۆرجیا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی لە نێو هەردوو خاكە داگیركراوەكەدا ماونەتەوە بە چەشنێكی ڕۆتینی ڕووبەڕووی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ دەبنەوە، لەگەڵ بێبەشكردن لە ئازادیی ڕادەربڕین، هەروەها تووشی جیاكارییەكی بەربڵاو دەبنەوە و منداڵەكانیشیان بێبەشن لەوەی بە زمانی دایك (زمانی جۆرجی) بخوێنن. چەندان گوندی جۆرجیا وێران كران لەلایەن ئەو جوداخوازانەی كە ڕووسیا پشتیوانییان دەكات، بە تایبەتی لە باشووری ئۆسیتیا و پاكتاوی ڕەگەزی سەدان هەزار كەسی ناچار بە هەڵاتن كردووە. سەرۆكی ئەو كاتەی فەڕەنسا، نیكۆلای ساركۆزی، بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئاگربەستی ڕێك خستووە و بە تەنیا قەناعەتی بە پوتین هێناوە كە تانكەكانی نەنێرێت بۆ پایتەختی (تیبلیسی) جۆرجیا و پلانی پوتینی پووچەڵ كردووە بۆ داگیركردنی تەواوی جۆرجیا. كیسەنجەر تەمەنی 100 ساڵە، ئایا بە ڕاستی باوەڕی وایە كە پێویستە ڕێ بدرێت پوتین هەموو ئەو خاكانەی لە ژێر دەستیدا بمێنێتەوە كە دەستی بەسەردا گرتوون؟ دەبوو ناتۆ و ڕۆژئاوا بە توندی ڕووبەڕووی ڕەفتاری دەستدرێژكاریی پوتین ببوونایەتەوە لە ساڵی 2008. شكستهێنانیان لە ئەنجامدانی ئەم كارەدا سەری كێشاوە بۆ هەڵگیرسانی شەڕ لە ئۆكرانیا.