ستار نەورۆز بۆ گوڵان: كوردانی فەیلی لە ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 بە ڕێپێوانێكی گەورە پاڵپشتیی خۆیان بۆ مستەفا بارزانی دەربڕی
باسكردنی پرسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی، تەنیا هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەكانی قێزەوەنترین جینۆساید نییە دژ بە گەلی كورد، كە ڕژێمی بەعس بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و كەمكردنەوەی ڕێژەی كورد لە بەغدا و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی عێراق بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە جێبەجێی كردووە، بەڵكو كاركردنە بۆ ناساندن و قەرەبووكردنەوەی ئەو خێزانە كوردانەی كە بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران و گەنجەكانیان بێسەروشوێن كران و ماڵ و سامانیان تاڵان كرا. جینۆسایدی كوردانی فەیلی تراژیدیای میللەتێكی مەزڵوومە لە بەردەم بێدەنگیی ویژدانی مرۆڤایەتیدا ئەنجام دراوە. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ستار نەورۆز كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردی فەیلی ساز دا. لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* بەو پێیەی بۆ ماوەیەكی زۆر وەكو بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی فیدڕاڵ كارت كردووە، بەتایبەتی لەسەر كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی، دەكرێت باسی شێوازی ئەو جینۆسایدەمان بۆ بكەیت كە كوردی فەیلی لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكاندا تووشی بوون؟
- جینۆسایدی كوردانی فەیلی بە یەكێك لە دۆسێ هەرە هەستیار و گرنگەگان دادەنرێت، بەو پێیەی كوردانی فەیلی تووشی جینۆسایدی جەستەیی و نەتەوەیی و كەلتووری و مەزهەبی بوونەتەوە، ئازاردان و چەوسانەوەی كوردانی فەیلی مێژوویەكی كۆنی هەیە و بە چەند قۆناغێك ئەنجام دراوە، تا لە سەرەتای ساڵانی هەشتاكاندا وەكو شاڵاوێكی گەورە و بە بەرنامەداڕێژراوی ڕژێم بە سەدان خێزانی كوردی فەیلی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران، هەرچەندە ئەو سەردەمە ئامارێكی ورد نەبوو لەسەر ژمارەی ئەو كورانەی فەیلی كە بە زۆرەملێ بۆ ئێران دەركران، بەڵام مەزەندە دەكرێت ئەو دەمە لە سنووری 750 هەزار بۆ یەك ملیۆن كەس لە كوردانی فەیلی بە زۆرەملێ بەرەو ئێران ڕاپێچ كرابن، ئەم ژمارەیەش بۆ ئەو سەردەمە زۆر بوو، بەتایبەتی كە بەشێكیان لە تەمەنی (15-50) ساڵاندا ڕاپێچی زیندانەكان دەكران و دواتر بێسەروشوێن دەكران. سەرۆك مسعود بارزانی لە كۆنفڕانسی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی ئاماژەی بەوە كرد كە ڕژێمی بەعس لەسەر ژمارەیەكی زۆری كوردی فەیلی و بارزانییەكان تاقیكردنەوەی كیمیایی لەسەر كردوون، زۆربەی هەڵمەتەكانی دەركردن و ناردنیان بۆ ناوچە سەرسنوورییەكانی نێوان عێراق و ئێران لە دڕەنگانی شەودا جێبەجێ دەكرا، ئەمەش وای كردبوو خەڵكانێك لە دژواریی ڕێگاوبانەكان (بەتایبەتی كەسە بەتەمەنەكان) تا دەگەیشتنە ناوچە ئاوەدانییەكانی ئێران، گیان لە دەست بدەن، یان ژمارەیەك لە خێزانە كوردە فەیلییەكان دەكەوتنە ناو كێڵگەكانی مینەوە و شەهید دەبوون، دایك هەبووە كۆرپەكەی بە هۆی سەختیی ڕێگاوبانەكانەوە ژیانی لەدەست داوە و لەو ڕێگایە دەیشاردەوە، گەنجەكانیش لە زیندانی نۆگرە سەلمان شەهید دەكران و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، چارەنووسی ڕوفاتەكانیشیان دیار نییە.
* ژمارەیەكی زۆری كوردانی فەیلی لە كەمپەكان و زۆر لە شارەكان تێكەڵ بە كۆمەڵگەی ئێران بوون، ئایا چ ڕێگریی لەوە كردووە خێزانە كوردەكانی فەیلی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس نەگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و باپیرانیان؟
- لە سەرژمێرییەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لە 2002 ئەنجام درا، ژمارەی كوردانی فەیلی لە ئێران بە 203000 كەس مەزەندە كرابوو، من لە ساڵی 2009 كە لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە بەغدا كارم دەكرد، 570 كوردی فەیلیم لە كەمپەكانی ئێران گەڕاندەوە بۆ عێراق، تا ئێستاش 310 كوردی فەیلی لە هەردوو كەمپی ئەزنا لە لورستان لە ڕۆژئاوای ئێران و كەمپی جەهرۆم لە بارودۆخێكی خراپدا نیشتەجێن و خاوەنی بەڵگەنامە و ڕەگەزنامەی عێراقی نین، بێگومان ژمارەیەكی دیكەی خێزانەكان لە تاران و شارەكانی دیكەی كوردستان و ئێران بڵاو بوونەتەوە، ئەو كوردانەی فەیلی كە لە ئێران نیشتەجێ بوون، ڕەگەزنامەی ئێرانیان پێ نەدراوە و هەروەكو كۆچپەر مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئەمە لەكاتێكدا لە سەردەمی شەڕی عێراق – ئێراندا زۆر لە گەنجەكانی كوردانی فەیلی ڕوویان لە هەندەران بەتایبەتی كیشوەری ئەوروپا كرد و تا ئێستا لە وڵاتانی ئەسكەندەناڤیای یەكێتیی ئەوروپا نیشتەجێن. كوردانی فەیلی پێش ئەوەی بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران بكرێن، لە بەغدا و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا و لە زۆربەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی عێراق لە ناوچەیەكی بە پیت و دەوڵەمەند دەژیان و بژێوییەكی زۆر باشیان هەبوو، زۆربەی هەرە زۆریان بازرگان و پیشەوەر و كەسانی كاسب و دەوڵەمەند و فەرمانبەرانی بەرزی دەوڵەت بوون، بە خەڵكی ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوانامە و شارەزا و نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی ناسراو بوون. ڕژێمی سەدام ماڵ و حاڵی تاڵان كردن و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئەو ئۆردووگا خراپانەی كردن و لە ژیانێكی پڕ مەینەتی و ئاستێكی نزمی خزمەتگوزاریدا ژیانیان بەسەر برد، ئەو دەمە بارودۆخی شۆڕشی كوردیش دوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر لە ئێران قورس بوو، سەركردایەتیی كورد نەیدەتوانی وەكو پێویست كۆیان بكاتەوە و هاوكاری و پاڵپشتییان بكات.
* لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەو پێیەی كوردانی فەیلی لەسەر كوردبوون دەركران و دژی ڕژێمی بەعس بوون، بۆچی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوانەشی گەڕاونەتەوە لە ڕووی قەرەبووكردنەوەی ماڵ و حاڵ و قوربانیدانیان لە عێراق چییان بۆ كراوە؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە. كاتێك دادگای تاوانەكانی ڕژێمی بەعس و پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵ و سەركردەكانی شیعە و تەنانەت خودی حكومەت جەخت لەسەر ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی دەكەنەوە، ئەی بۆچی قەرەبوویان ناكەنەوە و كارئاسانی هاتنەوە و پێدانی ڕەگەزنامە و بەڵگەنامە یاساییەكانی دیكەیان بۆ ناكەن؟ بۆچی مەینەتییەكانی كوردانی فەیلی تا ئێستا لە عێراقدا بەردەوامە؟ وەڵامەكە ڕوون و ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە كوردانی فەیلی بە هۆی كوردبوونیانەوە پەراوێز خراون، ئەوان لە شۆڕشی ئەیلوول پشتیوانی مەلا مستەفا بارزانی بوون، بەشی هەرە زۆریان لە دەوری ئەم سەركردە مێژووییە كۆببوونەوە و بەشەكەی دیكەیان لەناو حزبی شیوعی بوون، بە واتایەكی دیكە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیش ئەو ڕاستییەیان بۆ هەزم نەدەكرا كە ڕێژەی كورد لە شاری بەغدا و لە دیوی ڕۆژهەڵاتی بەغدا و كۆی گشتیی ڕۆژهەڵاتی شارەكانی دیكەی عێراق ئەوەندە بەرز بێت، مەترسیی ئەوەیان هەبوو جارێكی دیكە ژمارەی كوردانی فەیلی زیاد ببێتەوە، لەلایەكی دیكەوە بەعسییەكان و شۆڤێنییەكان جەنگێكی ئابوورییان دژی كورد دەست پێ كردبوو، بەوەی ڕێگا نەدەن ڕێژەی كورد لە شاری بەغدا ئەوەندە بەرز ببێتەوە و زۆربەی سێكتەرە ئابوورییەكانیان لە ژێر دەستدا بێت.
* باسی ئەوەت كرد كە هۆكاری سەرەكیی جینۆسایدی كوردانی فەیلی بۆ پاكتاوكردنی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە نەك هۆكاری مەزهەبی، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا پەیوەندیی كوردانی فەیلی بە سەركردەی كورد مەلا مستەفا بارزانی چۆن بوو؟
- كوردانی فەیلی گرنگییەكی زۆریان بە لایەنی نەتەوەیی داوە، لەو سەركردە گەورانەی كورد نزیك دەبوونەوە كە بە خەمخۆری نەتەوەی كورد دادەنران و ڕۆحی شۆڕشگێڕی و نەتەوەییان تێدا بەرز بوو، مەلا مستەفا بارزانی ئەو سەركردەیە بوو كە كوردانی فەیلی لە دەوری كۆبوونەوە و پاڵپشتیی شۆڕشەكەیان كرد. لە بیرم دێت ڕێكخستنەكانی پارتی لە بەغدا بە پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانی زۆر بەهێز بوو، من ئەو دەمە منداڵ بووم، براكەم جەبار نەورۆز لەبەر كوردبوونی لە كۆلێژی پزیشكیی بەغدا دەركرا، لە ڕێككەوتنامەی 11ی ئاداری 1970 كە لە نێوان مستەفا بارزانی سەرۆكی شۆڕش و حكومەتی ناوەندی واژوو كرا، ڕێپێوانێكی گەورە بۆ پاڵپشتیی ڕێككەوتنامەكە بەڕێوەچوو كە تێیدا كوردی فەیلی پاڵپشتیی خۆیان بۆ بارزانی و ڕێككەوتننامەكە دەربڕی، ئەوە بوو ڕژێمی بەعس لەم پاڵپشتی و ڕێژە بەرزەی كوردی فەیلی مەترسییان لا دروست بوو، ئەو سەردەمە بەعسییەكان باشیان دەزانی كە كوردانی فەیلی بە بازرگان و كاسبكار و پیشەوەر و فەرمانبەرانەوە پاڵپشتی و كۆمەكی دارایی مەلا مستەفا بارزانی دەكەن، ئەوان ترسیان لە مەلا مستەفا بارزانی زۆر بوو، دەیانزانی وەكو ڕەمزێكی گەورەی كورد توانیویەتی هەموو حزب و ئایدیۆلۆژیا و لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەكان و تیرە و هۆزەكان لە یەكتر نزیك بكاتەوە و كۆیان بكاتەوە. لە گرنگترین ئەو كەسایەتییانەی لەو سەردەمەدا لەناو ڕیزەكانی شۆڕش دەركەوتبوون، بریتی بوون لە (عادل موراد، یەدوڵڵا كەریم، زەكیە ئیسماعیل حەقی، حەبیب محەمەد كەریم، لەیلا قاسم و سەدان شۆڕشگێڕی دیكە.
* تا چەند بۆ ئێوەی كوردانی فەیلی جێگای گرنگ و بایەخ بوو كاتێك سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی كوردانی فەیلی داوای دامەزراندنی سەنتەرێكی تایبەتی بە كوردانی فەیلی كرد؟ ئایا ئێوەی كوردانی فەیلی چۆن دەڕواننە ئەم گرنگیدانەی سەرۆك بارزانی بۆ كوردانی فەیلی؟
- من خۆم یەكێك بووم لە میوانەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی. وا بۆ 40 ساڵ دەچێت ئەم تاوانەی جینۆساید ڕووی داوە، تا ئێستاش ئازار و مەینەتییەكانی كوردانی فەیلی بەردەوامە و لە عێراقدا پەراوێز خراون و لە ناوەند و سەنتەرەكانی ناوخۆ و حكومەتیش پشتگوێ خراون و قەرەبوو نەكراونەتەوە، تەنانەت ڕوفاتی زۆر لە قوربانیەكانیشیان نەدۆزراونەتەوە. شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێمەی كوردانی فەیلی كە سەرۆك بارزانی خەمخۆری كەیسەكەمانە و دڵنیاشم كاری جددی دەكات بۆ زیندووكردنەوەی ئەم كەیسە، بەو ئومێدەم سەرۆك بارزانی لە كەیسی كوردانی فەیلی بە هاوشێوەی گرنگیدان بە كەیسی كوردانی ئێزدی و هەموو پێكهاتە و قوربانییەكانی دیكە بەردەوام بن و ئەم دامەزراوەیە دەكرێت فراوانتر بكرێت و بكرێتە ناوەندێكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ كۆكردنەوەی كوردانی فەیلی و هێنانەوەی كوردە فەیلییەكان لە كەمپەكان و نیشتەجێكردنیان لە شاری هەولێر و تەنانەت سوودوەرگرتن لە توانا و شارەزاییان لە ناو حكومەتی فیدڕاڵیی بەغدا، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ڕاسپاردەكانی كۆنفڕانسەكە لە ئەستۆ بگرێت و كار بۆ جێبەجێكردنی بكات.