بەهۆی بارانبارینەوە لە پاکستان ٨٠ کەس گیانیان لەدەستدا
ژمارەی قوربانیانی بارانبارینی وەرزی ئەم دواییە لە پاکستان زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨٠ کەس.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نیشتمانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی پاکستان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە ویلایەتەکانی پەنجاب، سند و بەلوچستان، ٤ کەس بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە گیانیان لەدەستداوە و ٩ کەسیش برینداربوون.
بەم شێوەیە ژمارەی ئەو قوربانیانەی بەهۆی بارانبارینی وەرزی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 80 کەس و 142 کەسیش بریندار بوون.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پاکستان هەموو ساڵێک لە نێوان مانگی حوزەیران و ئەیلولدا بەهۆی بارانبارینی وەرزی زیانێکی زۆری پێدەگات.
ساڵی ڕابردوو لە پاکستان بەهۆی ئەو لافاوانەی کە بەهۆی بارانبارینی وەرزی گەرماوە دروستبوو، هەزار و 739 کەس گیانیان لەدەستدا، زیانەکانی لافاو بۆ ئەم وڵاتە بە ٣٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
گوڵان: سەردار خەلیل