چەمكی ئابووریی بازنەیی لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا

چەمكی ئابووریی بازنەیی  لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا

 

 

لەبەر ئەوەی دەرامەتەكانی گۆی زەوی سنووردارن، جیهان ئەمڕۆ لە بیری ئەوەدایە سیاسەتی ئابووری لەگەڵ ئەو سنووردارێتییەدا بگونجێنێت، چونكە جاران مرۆڤ وای دەزانی كە بۆ پێشكەوتن و گەشەپێدان دەرامەت و سەرچاوەی لەبن نەهاتووی لەبەر دەستدایە، بۆیە بە شێوەیەكی تەماحكارانە و كورتبینانە كەرەستە سەرەتاییەكان و سەرچاوە سرووشتییەكانی بە جۆرێك بەكار هێنا، كە ملیارەها تۆن زیاتر بوو لە پەنجا ساڵی پێشتر، بۆیە مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ ناچارە بۆ لەمەودوا لەم جۆرە ئابوورییەوە كە بە ئابووریی هێڵی ڕاست ناسراوە، بگوازێتەوە بۆ ئابووریی بازنەیی.

چەمكی ئابووریی بازنەیی هەرچەندە لە ڕوواڵەتدا نزیكە لە چەمكەكانی دیكەی وەك ئابووریی هاوبەش و ئابووریی سەوز، ئەمە سەرەڕای بوونی تێڕوانینی جیاواز لە بارەی چەمكی ئابووریی بازنەییەوە كە بە شێوەیەكی فراوان گەشەی پێ دراوە لە حەفتاكانی سەدەی بیستەوە، بەڵام زۆربەی تێڕوانینە جیاوازەكان لەوەدا یەك دەگرنەوە كە مەبەستی سەرەكی لە چەمكی ئابووریی بازنەیی بریتییە لە بەكارهێنانی دەرامەت و سەرچاوەكان بە چوستی و شێوازێكی باشتر و چەندبارە بەكارهێنانەوەیان و گێڕانەوەی پاشماوەكانیش بۆ حاڵەتی سەرەتا و پێش بەكارهێنانیان، كە ئەمەش دەبێتە هۆی درێژكردنەوەی تەمەنی بەرهەمهێنراوەكە.

هەروەها دەتوانین بڵێین كە چەمكی ئابووریی بازنەیی بریتییە لە نموونەیەكی نوێی پیشەسازی كە پڕۆسەی بەرهەمهێنان تێیدا بە شێوەی بازنەیەكی داخراو بەڕێوە دەچێت، نەك بە شێوەی هێڵی ڕاستی كراوە، بەم جۆرەش چەمكی ئابووریی بازنەیی هەوڵ دەدات، لەپێناو كەمكردنەوەی پشتبەستن بە بەكاربردنی سەرچاوەكانی وزە و كەرەستە سەرەتاییەكان، ببێتە هۆی بەهێزكردنی سەرمایەی سرووشتی، بۆیە لە توانادایە بنەماكانی چەمكی ئابووریی بازنەیی لە سێ خاڵی سەرەكیدا كورت بكرێنەوە:

یەكەم: تێگەیشتنی نوێ لە چەمكی پاشماوە.

دووەم: پاراستنی كەرەستەی بەرهەمهێنراو و بەكارهاتوو.

سێیەم: نوێكردنەوەی سیستمی ژینگەی سرووشتی.

هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەیە كە ئابووریی ناسراو بە هێڵی ڕاست لە سەرەتای پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوە هەتا كۆتایی بە یەك هێڵی ڕاستدا دەڕوات، كەرەستە خاوەكەی نێو سرووشت بەكاردەهێنێت، بەرهەمێكی لێ دروست دەكات، دەیداتە بازاڕ و بەكاربەر، دواتر دەبێتە كۆنە و پاشماوە و، فڕێ دەدرێتە نێو سرووشت كاتێك كە ناتوانرێت چارەسەر بكرێت، لەناوبردنیشی سەرمایەیەكی دیكەی دەوێت، بۆیە ئابووریی ناسراو بە هێڵی ڕاست بە بیرۆكەیەكی كۆن كار دەكات كە لە سێ وشەدا كورت دەكرێتەوە (وەربگرە، دروست بكە، لێی ڕزگار بە)، بەڵام ئابووریی بازنەیی لە بەرهەمە كۆنەكان بەرهەمی نوێ دروست دەكات لە ڕێگەی دووبارە بەكارهێنانەوە و دووبارە دروستكردنەوە، لەمەشدا ئابووریی بازنەیی بە بیرۆكەیەكی نوێ كار دەكات، كە لە سێ وشە كورت دەكرێتەوە (دروست بكە، بەكار بێنە، دووبارە دروستی بكەرەوە).

بەم جۆرەش ئابووری بازنەیی چەند سوودێكی بەرچاوی دەبێت، وەك:

1- پاراستنی نرخی كەرەستەی خاو لە ئاستی نزمدا بە هۆی سوودوەرگرتن لە پاشماوەكان.

2- هاندانی بەكاربەران بۆ كڕینی بەرهەمە نوێیەكان بە نرخێكی گونجاو و كەمتر، چونكە ئابووریی بازنەیی پێویستی بە دەرهێنانی كەرەستەی خاوی نوێ كەمترە.

3- ڕەخساندنی هەلی نوێی كار.

4- بەهێزكردنی گەشەپێدانی بەردەوام بە هۆی پاراستنی كەرەستەی خاو بۆ نەوەكانی داهاتوو.

5- سنوورداركردنی بەهەدەردانی سەرچاوەكان و پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا.

6- بەكارهێنانی سەرچاوەی خاوێن و نوێبوەوە بۆ بەرهەمهێنانی وزە و پاراستنی.

7- پاراستنی ئاو لە ڕێگەی ڕیسایكیلین و دووبارە بەكارهێنانەوەی.

8-بەكارهێنانی دەرامەت و كەرەستەكان بە باشترین شێوە و بۆ درێژترین تەمەنی بەرهەمەكە.

9- گۆڕینی جۆری بیركردنەوە لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا و لە بیركردنەوەی بەكاربەراندا.

10- داڕشتنی یاسا و دەرچوواندنی ڕێنمایی بۆ كاركردن بە چەمكی ئابووریی بازنەیی.

وەك یاسای بەڕێوەبردنی داخراوانەی پاشماوەكان لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ دووبارە سوودوەرگرتن لە خاشاكی شارەوانی، یان یاسای بنەڕەتی بۆ بنیادنانی كۆمەڵگەی پشتبەستوو بە دووبارە دروستكردنەوە لە وڵاتی ژاپۆن، یانیش یاسای بەهێزكردنی ئابووریی بازنەیی لە وڵاتی چین، یان یاسای (داخستنی بازنەكە) كە بریتییە لە پلانی یەكێتیی ئەوروپا لەپێناوی ئابووریی بازنەییدا.

هەموو ئەمانەش لەپێناوی كاراكردنی زیاتری ئامانجی ژمارە 12 لە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام بە هاوكاریی هەر دوو كەرتی گشتی و تایبەت لە ڕێگەی دابینكردنی زانیاری و داتا بۆ بەكاربەران و هۆشیاركردنەوەیان لەبارەی گەشەپێدان و شێوازەكانی ژیانێكی بەردەوام.

تێبینی: ئەم باسەم لە كۆنفڕانسی هەولێر بە ناونیشانی (گەشەپێدانی بەردەوام و ئابووریی بازنەیی لە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان) لە (هۆڵی ژووری بازرگانیی و پیشەسازیی هەولێر) پێشكەش كرد، لە ڕێكەوتی (13/6/2023) بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتەكان بۆ هاوكاری و پەرەپێدانی ئابووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و هەرێمی (فلاندەرس)ی وڵاتی بەلجیكا.

 

 

 

Top