ئازادی ڕادەبڕین لە سلێمانی لە کوێوە بۆ کوێ؟

ئازادی ڕادەبڕین لە سلێمانی لە کوێوە بۆ کوێ؟

 

 

بە درێژایی مێژوو، سلێمانی شارێکی قورس و دژوار بووە بۆ نەیارانی میللەتی کورد، ڕژێمەکانی عێراق و ئەو دەوڵەتانەی کە حکومی کوردستان و سلێمانیان کردووە، هەوەس و ئارەزووەکانیان لە  بەڕێوەبردنی ئەم شارە نەهاتووەتەدی، چوونکە بەردەوام ڕووبەڕووی بەرهەڵستی و بەگژداچوونەوەی خەڵکی سلێمانی بوونەتەوە، ڕەنگە ئەوەش هۆکاری ئەوە بووبێت کە هەر حکوومەت و هێزێک لەم ناوچەیە دەسەڵاتی هەبووبێت، بە ماندووێتی و شکستەوە شارەکەی جێهێشتووە، نموونەیەک کە بۆ هەمیشە و مێژوو ماوەتەوە و تا دونیا جێگەی باس و شانازیی سلێمانییە، ئەو كاتەیە کە (مەلا مستەفا) لە سلێمانی بوو،

 

کاتێک لە (1932/3/15) حكومەتی پادشایی عێراق بڕیار دەدا، هێرشكردن بۆ سەر ناوچەی بارزان دەستپێبكات و كۆتایی بەو جموجۆڵە بهێنێت كە لەو ناوچەیەدا بەرپابووە،

ژمارەیەكی زۆر لە بارزانییەكان، ماوەیەك لە موسڵ و پاشان دەبرێنە شاری ناسڕییە و پاشان بەغداد و دواتر بەرەو ئاغجەلەر تەرحیل دەكرێن. ماوەیەك لەوێ دەمێننەوە،  تا ساڵی 1936 دەهێنرێن بۆ سلێمانی، ئەو خێزانە بارزانییانەی كە دەیانگوێزنەوە بۆ سلێمانی 133 خێزان بوون، کە بریتیی بوون لە: شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفا بارزانی و شێخ محەمەد سدیق و کۆمەڵیکی دیکە.

 چیرۆکەکە لێرەوە دەستپێدەکات،

(حكومەتی عێراقی) لەو دەمەدا هاوكارییەكی زۆر كەمیان دەكات، رۆژانە 30 فلسیان بۆ دابین دەكات، شارەوانی سلێمانیش بۆ هەر كەسێكی “بارزانی” مانگانە یەك رۆپیەیان دەداتێ،

بەڵام دواتر حكومەت ئەم هاوكارییە دەبڕن، لەو سەروبەندەدا، حكومەت هەڕەشەی لەهەموو كەسێك كردبوو كە بە هیچ شێوەیەك هاوكاری  خێزانە بارزانییەكان نەكەن و تەنانەت لێیان نزیک نەبنەوە. بەڵام خەڵكی سلێمانی بوێرانە، ئەم بڕیارەیان گوێ نەداوەتێ، (حەپسەخان) وەك ئافرەتە کوردێک، و دواتر شێخ لەتیفی حەفید بە هەموو شێوەیەك هاوكاری مادیی ومەعنەوی كردوون، وتەنانەت مەسكەنیشیان بۆ دابینكردوون، حكومەت، دەزانێت چارەسەر نییە، چەند کەسێک بە چاودێریكەری (مەلا مستەفا بارزانی) دادەمەزرێنێت، کاری ئەو کەسە دەبوو ئەوە بێت، هەموو رۆژێك چاودێری (مەلا مستەفا) بکات، راپۆرتی لەسەر بنووسن، لەبەرامبەر ئەم كارەدا ئەوا ڕاپۆرت نووس، دوو خەتی وەك پلەی پۆلیسی پێ دەبەخشرا بەڵام یەکێک لەوانە کۆچکردوو، (عوسمان مەلا حەمەنادر) لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانیدا ڕێککەوتبوو، راپۆرتی ناڕاست لەسەر هاتوچۆ و دیدارەكانی بارزانی بداتە حكومەت، ئیدی مەلا مستەفا بارزانی، لەشاردا جموجۆڵی بە ئازادی و سەربەەستی کردووە.

 

لەگەڵ ئەوەش ئەو ڕووداوە بەر گوێی هەموومان کەوتووە، کاتێک کۆمەڵێک گەنج و لاوی شاری سلێمانی کۆدەکرێنەوە، پاشان دەستگیردەکرێن و داوایان لێدەکرێت کە ووتەی نەشیاو و نادروست بە مەلا مستەفا بڵێنەوە، بەڵام ئەو گەنجانە ڕەتیدەکەنەوە و بارزانی بە سەرۆک و سەرکردەی خۆیان دادەنێن، بەم شێوەیە گوللەباران دەکرێن و هەر لەوێدا شەهید دەکرێن.

 

لەم ڕووداوە حەقیقیانە، ئەوە دەردەکەوێت کە خەڵکی (سلێمانی) بەردەوام دژی ستەم و داگیرکاری وەستاونەتەوە، بەڵام ئێستا کە حکوومەتی کوردی و دەسەڵاتی کوردی هەیە، لە سایەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی بە دیاریکراوی دەبینن کە ڕەوشی ئازادی و میدیا و ڕادەبڕین لەچ دۆخێکدایە، بەشێوەیەک هەڕەشە و ترس و تۆقاندن وایکردووە خەڵکی (سلێمانی) بە سزای دەنگدان وەڵامی دەسەڵاتی خۆسەپێن بدەنەوە، یەکێتی کە حاکمی شارەکەیە، نموونەیەکی هێندە خراپ و دوور و لە سیماکانی دەسەڵاتداری نیشانی خەڵکی شارەکە داوە، ئەمە وایکردووە کە هەر لە 100 کەسێکی سلێمانی 92یان یەکێتی ڕەت بکەنەوە و نایانەوێ حکومی شارەکەیان بکات.

 

هەموو ئەو ڕووداوە تراژدییانەی کە لە سلێمانی لەماوەی ڕابردوودا ڕوویانداوە هۆکاری سەرەکی ناشرین بوونی وێنەی شارەکەیە لە کاتێکدا خەڵکی سلێمانی لێی بەرپرسیار نین و ئەو دەسەڵاتەی کە بەربەست بۆ پێشکەوتنەکانی شارەکە دروست دەکات لێی بەرپرسیارە.

Top